سه‌رۆک وه‌زیرانی پاپانیو گینیا، که یه‌کێکه له‌و دورگانه‌ی له‌لایه‌ن ئوسترالیاوه په‌نابه‌رێکی زۆری بۆ نێردراوه، به‌دوری نازانێت له‌چه‌ند هه‌فته‌ی داهاتوودا دیپۆرتکردنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران ده‌ست پێبکاته‌وه، که له‌نێویاندا سه‌دان په‌نابه‌ری عیراقی هه‌ن.
پیته‌ر ئۆنه‌یێل، سه‌باره‌ت به ره‌وشى ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی له کامپه‌کانی وڵاته‌که‌یدا ده‌ستبه‌سه‌رکراون، وتی “زۆربه‌یان نه‌یانتوانیوه بیسه‌لمێنن په‌نابه‌رى راسته‌قینه‌ن.”
و به ووته‌ى ئه‌و له‌ماوه‌ى چه‌ند هه‌فته‌یه‌کى داهاتوودا ئه‌گه‌رى هه‌یه ده‌ستبکه‌ن به دیپۆرتکردنه‌وه‌یان بۆ ووڵاته‌کانى خۆیان و به‌وه‌ش پێده‌چێت سه‌دان په‌ناخوازى عێراقى بکه‌ونه به‌ر شاڵاوى دیپۆتکردنه‌وه‌وه.
ناوبراو، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو حکومه‌تى وڵاته‌که‌ى له‌گه‌ڵ حکومه‌تى وڵاتانى په‌ناخوازه‌کاندا له‌ناویشیاندا حکومه‌تى عێراق، له‌گفتوگۆدان و ئه‌یانه‌وێت ئه‌و پرسه به‌زووترین کات یه‌کلا بکه‌نه‌وه.
له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تیش، سه‌باره‌ت به ئه‌گه‌رى دیپۆرتکردنه‌وه‌ى ئه‌و په‌ناخوازانه بۆ وڵاته‌کانیان، کۆمیسیۆنى باڵاى په‌نابه‌رانى سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان هۆشداری دا له‌وه‌ى که نابێت ئه‌و په‌ناخوازانه به‌زۆر دیپۆرت بکرێنه‌وه بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ى که مه‌ترسى له‌سه‌ر ژیانیان هه‌یه.
پێشتریش کۆمیسیۆنه‌که ره‌خنه‌ى له‌پرۆسه‌ى یه‌کلاکردنه‌وه‌ى که‌یسى په‌ناخوازان گرتبوو “که‌موکورتى زۆرى یاسایى له‌و پرۆسه‌یه‌دا هه‌یه و داوا له‌به‌رپرسانى ئه‌و وڵاته ئه‌که‌ین، چانسى تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ى زیاتر به‌و په‌ناخوازانه بده‌ن، که که‌یسه‌کانیان ره‌تکراوه‌ته‌وه.”
هه‌ردوو دورگه‌ی “پاپانیو گینیا” “ناورۆ” دوو وڵاتى دورگه‌یى بچوکن له زه‌ریاى هندیدا، به‌پێی رێککه‌وتنێک حکومه‌تى ئوسترالیا ئه‌و په‌نابه‌رانه‌یان بۆ ره‌وانه ئه‌کات، که به‌شێوه‌یه‌کی نایاسایی ئاوه‌کانی ئه‌و سنووره ئه‌بڕن.
ئه‌و په‌نابه‌رانه مافى ئه‌وه‌یان نیه داواى مافى په‌نابه‌ریی له‌ئوسترالیا بکه‌ن و ئه‌گه‌ر سه‌لماندیشیان په‌نابه‌رن، ئه‌وا ئه‌توانن له‌و دوو دوورگه‌یه بمێننه‌وه، به‌ڵام له ئێستادا پاش یه‌کلاکردنه‌وى که‌یسه‌کانیان، سه‌رۆک وه‌زیرانى ئه‌و وڵاته رایگه‌یاند زۆربه‌ى ئه‌و په‌ناخوازانه ناتوانن له وڵاته‌که‌یان بمێننه‌وه.
سه‌باره‌ت به ئه‌گه‌رى به‌رده‌وامبوونی سیاسه‌تى دیپۆرتکردنى په‌نابه‌ران بۆ ئه‌و دوو دوورگه‌یه، پیته‌ر دیتن وه‌زیرى کۆچى ئوسترالیا، رایگه‌یاند ئه‌وان به‌رده‌وام ئه‌بن له ناردنى ئه‌و په‌ناخوازانه‌ى که به‌به‌له‌م به‌شێوه‌یه‌کى نایاسایى ئه‌گه‌نه وڵاته‌که‌یان بۆ دوورگه‌کانى ناورۆ و پاپانیوگینیا یان دووباره ره‌وانه‌کردنه‌وه‌یان بۆ ئه‌و جێگه‌یه‌ى که به‌له‌مه‌کانى لێوه هاتوون.
ناوبراو، راشیگه‌یاند له‌ساڵى 2104 دا زیاتر 429 کۆچبه‌ریان له‌پێش گه‌شتنیان به ئوسترالیا گێڕاوه‌ته‌وه، جگه‌له‌وه‌ى ته‌نها یه‌ک به‌له‌م گه‌یشتۆته سه‌ر خاکى ئوسترالیا و سه‌رجه‌م سه‌رنشینه‌کانیشى په‌نابه‌ر بوون و ره‌وانه‌ى دوورگه‌ى ناورۆ کراون.
له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆى عێراقیش، ئامانج عه‌بدوڵا، به‌رپرسى ئۆفیسى عێراق و هه‌رێمى کوردستانى فیدراسیۆنى سه‌رتاسه‌رى په‌نابه‌رانى عێراق، رایگه‌یاند ئه‌وان به‌توندى ئیدانه‌ى ئه‌و هه‌نگاوه ئه‌که‌ن و وه‌ک فیدراسیۆنه‌که‌یان و له‌سه‌ر ئاستى مه‌کته‌بى سکرتاریه‌تى رێکخراوه‌که‌یان ده‌نگى ناڕه‌زایى خۆیان ئه‌گه‌یه‌ننه لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کانى وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان و رێکخراوه جیهانیه‌کانى تر.
ئامانج عه‌بدوڵا ئاماژه بۆ ئه‌وه ئه‌کات که ناڕه‌زایى ئه‌وان له‌وێوه سه‌رچاوه‌ى گرتووه که دیپۆرتکردنه‌وه دژى بنه‌ماکانى مافى مرۆڤه و په‌نابه‌ران ئازادن له‌وه‌ى له کوێ ئه‌یانه‌وێت بژین، به‌تایبه‌ت په‌نابه‌رانى عێراق که ئێستا وڵاته‌که‌یان له‌خراپترین ره‌وشى ئه‌منیدایه به‌هۆى هه‌ڕه‌شه‌کانى داعشه‌وه.
ناوبراو، هۆشداریدا که نابێت بچنه ژێربارى وه‌رگرتنه‌وه‌ى به‌زۆرى ئه‌و په‌نابه‌ره دیپۆرتکراوانه و وتیشى “حکومه‌تى عێراق به‌رپرسیار ئه‌بێت له‌پاراستنى سه‌لامه‌تى ئه‌و په‌نابه‌رانه له‌پاش دیپۆرتکردنه‌وه‌یان” چونکه به وته‌ى ئه‌و پێئه‌چێت به‌شێک له‌وانه دیپۆرتى ئه‌و ناوچانه بکرێنه‌وه که دۆخى ئه‌منیان زۆر خراپه.
به‌پێى دوایین ئامارى فه‌رمی، نزیکه‌ى هه‌زار و 35 په‌ناخواز له که‌مپه‌کانى دوورگه‌ى پاپانیوگینیا ده‌ستبه‌سه‌رن که زۆربه‌یان عێراقى و ئێرانى و سریلانکى و ئه‌فغانین.
به‌ڵام به وته‌ى ئه‌ندامێکى په‌رله‌مانى ئوسترالیا به‌گشتى نزیکه‌ى 500 په‌ناخوازى عێراقى له هه‌ردوو دوورگه‌ى پاپانیوگینیا و ناورۆ ده‌ستبه‌سه‌رن.
No comments:
Post a Comment