ژماره‌یه‌ک گه‌نجی کورد له‌کاتی رۆیشتنیان له‌یۆنانه‌وه بۆ ئیتاڵیا که‌شتیه‌که‌یان ژێرئاو که‌وت‌و نۆ که‌س له‌سه‌رنشینانى خنکان، چوار له‌وانه دانیشتوى شاری که‌لارو ناحیه‌ی رزگارین، سه‌ره‌تاى ئه‌م هه‌فته‌یه ته‌رمه‌کانیان گه‌یه‌نرایه‌وه ده‌ستى که‌سوکاریان.
حەوتی ئه‌م مانگه، که‌شتیه‌ک که 15 گه‌نجی تێدابوه، له‌وڵاتی یۆنانه‌وه به‌ره‌و ئیتاڵیا که‌وتوه‌ته‌ڕێ، زۆربه‌ی ئه‌و گه‌نجانه‌ی به‌هۆی ژێرئاو که‌وتنی باخیره‌که‌وه خنکاون، خه‌ڵکی که‌لارو ناوچه‌کانی تری گه‌رمیانن، چاره‌نوسی چه‌ند گه‌نجێکی تریش تائێستا نادیاره.
له‌ماوه‌ى سێ مانگى رابردودا، دوو وه‌جبه له‌گه‌نجانى ناوچه‌ى گه‌رمیان به‌ڕێگه‌ى قاچاخ رویان له‌ئه‌وروپا کردوه، له‌هه‌ردوو جاره‌که‌شدا که‌شتیه‌کان ژێرئاو که‌وتون.
خه‌لیل مه‌حمود، برای جه‌بار یه‌کێک له‌و گه‌نجانه‌ی له‌که‌شتیه‌که‌دا خنکاوه، به‌هاوڵاتی وت «حەوتی ئه‌م مانگه براکه‌م له‌گه‌ڵ 14 گه‌نجی تردا له‌ڕێگه‌ی باخیره‌وه به‌ره‌و ئیتاڵیا رۆیشتون، به‌ڵام له‌ڕێگه باخیره‌که‌یان ژێرئاو که‌وتوه«.
خه‌لیل مه‌حمود، ئاماژه‌ی به‌وه‌کرد براکه‌ی پێشتر پۆلیسی هاتوچۆ بوه‌و وازی له‌کاره‌که‌ی هێناوه، مانگی رابردوو به‌ره‌و یۆنان به‌ڕێکه‌وتوه، «براکه‌م له‌یۆنان چه‌ند گه‌نجێکی تری ناسیوه‌و له‌وێ پێکه‌وه بڕیاریانداوه به‌ره‌و ئیتاڵیا بڕۆن».
به‌پێی وته‌ی خه‌لیل، که‌شتیه ژێرئاو که‌وتوه‌که 15 عێراقی تێدابوه که زۆربه‌یان کوردبون‌و ته‌نیا شه‌ش که‌سیان رزگاریان بوه‌و ئه‌وانى تری خنکاون، به‌ڵام ته‌رمی هه‌ندێکیان نه‌دۆزراوه‌ته‌وه.
له‌و نۆ گه‌نجه‌ی خنکاون، چوار گه‌نجیان خه‌ڵکی که‌لارو ناحیه‌ی رزگاریه، به‌ڵام یه‌کێکی تریان خه‌ڵکی شاری که‌رکوک بوه‌و سێ رۆژ له‌مه‌وبه‌ر ته‌رمه‌کانیان هێنرایه‌وه بۆ هه‌رێمی کوردستان.
خنکانی ئه‌و گه‌نجانه له‌کاتێکدایه، چاره‌نوسی چه‌ند گه‌نجێکی تری که‌لاری نادیاره، که 28/12ى ساڵى رابردوو به‌هه‌مانشێوه له‌ڕێگه‌ی که‌شیه‌که‌وه به‌ره‌و ئیتاڵیا رۆیشتون‌و دواى ئه‌وه هیچ هه‌واڵێکیان نه‌ماوه.
یه‌کێک له‌و گه‌نجانه، ناوى نیهاد عه‌لی فه‌تاحه‌و له‌گه‌ڵ کوردێکى ئێزیدی خه‌ڵکى شه‌نگالدا، به‌ره‌و ئیتاڵیا رۆیشتون‌و له‌وکاته‌وه چاره‌نوسیان نادیاره.
حاجی عه‌لی فه‌تاح، باوکی نیهاد، ئاماژه‌ی به‌وه‌کرد کوڕه‌که‌ی پۆلی شه‌شه‌می زانستی ته‌واوکردوه‌و هه‌رێمی کوردستانی جێهێشتوه، تا 28/12ی ساڵی پار ئاگاداربون له‌یۆنان بوه، به‌هاوڵاتی وت «ئاگادارین که‌کاتژمێر چوار‌و نیوی هه‌مان رۆژ باخیره‌که‌یان گڕی گرتوه«.
حاجی عه‌لی که ماوه‌ی 50 رۆژه به‌دوای چاره‌نوسی کوڕه‌که‌یدا ده‌گه‌ڕێت، باسیله‌وه‌کرد له‌ڕێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه قسه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌و قاچاخچیه‌دا کردوه که کوڕه‌که‌ی بردوه، قاچاخچیه‌که‌ش پێیوتون کوڕه‌که‌یان ده‌رچوه تائیتاڵیاو دواتر ئاگای لێی نه‌ماوه.
هه‌روه‌ها وتیشی «پاره‌که‌مان له‌قاچاخچیه‌که سه‌ندوه‌ته‌وه، ئێستا سه‌رقاڵی گه‌ڕانین به‌دوای چاره‌نوسی کوڕه‌که‌مدا».
رۆیشتنی گه‌نجان به‌ره‌و وڵاتانی ئه‌وروپا که له‌ساڵانى نه‌وه‌ده‌کانى سه‌ده‌ى رابردوو ببوه دیارده‌یه‌کى به‌ربڵاو، خه‌ریکه دیسانه‌وه سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه.
به‌پێی به‌دواداچونى هاوڵاتی، ته‌نها له‌ماوه‌ی دوو مانگی رابردودا نزیکه‌ی 20 گه‌نج له‌که‌لارو ده‌ربه‌ندیخانه‌وه به‌ره‌و ئه‌وروپا رۆیشتون.
سه‌رکه‌وت ئه‌حمه‌د، گه‌نجێکی که‌لاریه‌و سه‌رقاڵی مامه‌ڵه‌کردنه بۆ ئه‌وه‌ی بچێته ئه‌وروپا، به هاوڵاتی وت «له‌م ژیانه بێزارم، ده‌مه‌وێت ژیانی ئه‌وروپاش تاقیبکه‌مه‌وه«.
سه‌رکه‌وت فه‌رمانبه‌ره‌و وازی له‌کاره‌که‌ی هێناوه، ده‌ڵێت که‌سوکاره‌که‌ی زۆر هه‌وڵیان له‌گه‌ڵیداوه بۆ ئه‌وه‌ی رازی بکه‌ن‌و نه‌ڕوات، به‌ڵام «سورم له‌سه‌ر رۆیشتن، بۆیه مامه‌ڵه یاساییه‌کانم به‌ده‌فته‌رێک دۆلار (10 هه‌زار دۆلار) ته‌واوکردوه‌و به‌م نزیکانه ده‌ڕۆم».
No comments:
Post a Comment