Thursday, February 19, 2015

کێ بەرپرسیارە لە خراپى بابەتى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان؟

پاش ئەوەى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان توانیان لە قۆناغى بوون بە پردێک بۆ دروستکردنى پەیوندى کۆمەڵایەتى  نێوان تاکەکان و پاشان بینیى ڕۆڵى کەرەسەیەکى سیاسى بە تایبەت لەو ووڵاتانەى کە گۆڕانکارى سیاسى تێیاندا ڕوویاندا ، لە ئێستادا تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لەسەر ئاستى جیهان بونەتە هۆکارێکى پەروەردەیى کە دەتوانێت لە زووترین کات و بە ئاسانترین شێوە ئامانجە پەروەردەیەکان بگەیەنن. بەڵام لە هەرێمى کوردستان و بە ووتەى بەشێک لە میدیاکاران تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بە گشتى و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانى تایبەت بە میدیاکان نەیانتوانیوە ئەو ڕۆڵە بەرجەستە بکەن. 

ئیحسان مەلا فواد ، ڕۆژنامەنوس لە ڕۆژنامەى ئاوێنە و ماڵپەرى ئاوێنە نیوز ، دەڵێت بەشێکى زۆر لە میدیاکان پەیجە کۆمەڵایەتیەکانیان تەنها بۆ کارى وروژاندن بەکاردەهێنن و نەیانتوانیوە ئەو خەڵکەى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەکاربهێنن بکەنە خوێنەرێکى جدى. خراپتر لەوەش ، بە ووتەى ئەو ڕۆژنامەنوسە ، هەژموونى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیان ئەوەندە بەسەرەوەیە کە ئەگەر میدیاکان هەواڵەکانى " شێیەر" نەکات لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ئەوا تەماشاکەریان نابێت یان زۆر سنوردار دەبێت. ئیسحان دەڵێت " تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانى میدیاکان خوێنەرى کوردیان گۆڕى بۆ تەماشاکەر ونەیانتوانى خوێنەرى سادە بکەن بە خوێنەرى جدى ". 

سەبارەت بە گرنگى ئەو پەیجانەش کە خۆیان تایبەتمەند کردووە بە پرسێکى تایبەتەوە وەک پەیجەکانى تایبەت بە کشتوکاڵ و زانیاریە گشتیەکان و بابەتە تەندورستیەکان یان هەندێک پەیجى ترى وەک کۆچى کوردان کە تایبەتە بە بڵاوکردنەوەى زانیارى سەبارەت بە قەیرانى کۆچ و یاساکانى کۆچى ووڵاتان تا لەڕێگەیەوە خوێنەرى کورد بتوانێت زانیارى دروست لەسەر مەسەلەى کۆچ بزانێت ، ئیحسان ووتى ژمارەى پەیجە بێناوەڕۆکەکان ئەوەندە زۆرن کە ئەو پەیجە زانیارى بەخشانەیان شاردۆتەوە. 

لاوک ئەمجەد ، هەواڵساز لە سایتى سبەى ، باوەڕى وایە کەدەکرێت  تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ئامڕازێکى باش بن بۆ کۆکردنەوەى دەنگە خەڵک لەدەورى میدیایەکى تایبەت ، بەڵام خراپى جۆرى هەواڵى میدیاکان ، بە تایبەت هەواڵى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیان ، بونەتە هۆى لەدەستدانى متمانەى خۆیان لەناو خەڵکدا و ووتى " لەپێناوى ئەوەى بڵێن هەواڵێکیان زۆرترین خوێنەر یان لایکى هەبووە ، (میدیاکان) گاڵتە بە عەقڵى خوێنەر دەکەن و هەواڵێک دەرخوادى خەڵک دەدەن کە هیچ پەیوەندیەکى بە ژیانى ئەوەوە نیە. بۆیە دەبێت دەزگاکانى ڕاگەیاندن ئەوەندە بە گرنکى بە جۆرى زانیاریەکانیان بدەن ئەوەندە گوێ بە کۆکردنەوەى لایک نەدەن ". 

بەڵام وەک لاوک ئاماژەى بۆ کرد ، هۆکارى سوود وەرنەگرتنى خەڵک لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان وەک ئامڕازێکى پەروەردەیى تەنها نەگێڕایەوە بۆ میدیاکان و ووتى کێشەکە هەر میدیکان نیە و خەڵکیش بێزارە و لەناو ئەو هەموو گرفتانەى هەیانە دەیانەوێت بۆماوەیەکى کورتیش بێت شتێک ببینێت یان بخوێنێتەوە کە دڵخۆشى بکات ، بۆیە لەوانەیە نوکتەیەک دوو بۆ سێ هەزار لایکى بۆ دەچێت بەڵام بابەتێکى جدى ژمارەیەکى زۆر سنوردار لایک دەکرێت.  

هاوڕا لەگەڵ هاوپیشەکانى ، ڕزگار فایەق ، جێگرى سەرنوسەرى ڕۆژنامەى چاودێر ، میدیاکان نەیانتوانیوە بەشێوەیەکى زانستى تەواو سود لە ئامڕازى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان وەربگرن کە دەتوانن کاریگەرى بەرچاو لەسەر بەشداربووەکانى بەجێ بهێڵن ، بەڵام میدیا کەوتۆتە ژێر کاریکەرى ئاپۆڕاى ڕایەکى گشتى لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کە داواى مەتریاڵى بەپەلە و کورت دەکەن. بەڵام ئەوەى نەشاردەوە کە مانەوەى بینەرى زۆر با خوێنەریش نەبن لەدەوى بابەتێک هەر کارێکى خراپ نیە کە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەتوانن ئەو ڕۆڵە بگێڕن بەڵام وەک ئەو ئاماژەى بۆ کرد نەبوونى کاریگەرى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەئاڕاستەى پەروەردەکردن بە تایبەت تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانى تایبەت بە میدیاکان بەهۆى بێکاریگەرى خودى ئەو بابەتانەوەیە کە میدیکان بڵاویدەکەوەنەوە ، ووتیشى کە دەبێت ئەو ڕاستیەش لەبەرچاو بگیرێت کە بەرپرسیارێتى ڕەچاو ناکرێت لە بڵاوکردنەوەى جۆرى زانیارى لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان. 

وەک پێشنیار بۆ ئاڕاستەکردنى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بە تایبەت تۆڕە کۆمەڵاتیەکانى تایبەت بە میدیکان ، ئەو ڕۆژنامەنوسانە پێشنیارى بەستنى بۆنەیەک بەبەشدارى بەرپرسە باڵاکانى سەرجەم میدیا دیارەکانى کوردستان دەکەن کەلەوێدا ئەوان بەڵێن بدەن کە بەپرسیارێتى بخەنە ئەستۆى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانى میدیاکانیان ، هەروەها پێشنیارى ئەوەشیان کرد کە ئەگەر کارێکى وەهاش کاریگەرى نەبێت دەبێت خودى ڕۆژنامەنوسان و بەرپرسى پەیج و ئەکاوتنەکانى سەر پە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان پرانسیپى " خود پەیوەستى و خود سانسۆرى " جێبەجێبکەن بەجۆرێک هەمیشە خۆیان ببن بە چاودێر بەسەر خۆیانەوە و هەوڵ بدەن بەشداربووانى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بە بابەتى پەروەردەیى ئاشنا بکەنەوە.  

ئا:هەژار تەها

No comments:

Post a Comment