Wednesday, April 30, 2014

نزیکەی حەوت هەزار بێكار لە قەرزی بچووک سوودمەند بوون

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە نزیکەی 7 هەزار بێکار سوودمەند بوون لە قەرزی بچووک.

وەزارەتی كار و كاروباری كـۆمەڵایەتی بەیاننامەیەكی بەبۆنەی 1ی ئایار، جەژنی كرێكاران بڵاوكردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەكات: "هەمواركردنەوەی یاسای خانەنشین و دەستەبەری كۆمەڵایەتی كرێكاران  كۆمەڵیك دەستكەوتی بەدوای خۆیدا هێناوە و كرێكاران لەكەرتی تایبەت بەهەمان شێوەی كەرتی حكومی، سودمەند دەبن لەو مافانەی كەفەرمانبەران هەیانە. بەهەمان پێوەری فەرمانبەرانی حكومەتیش خانەنشین دەكرێن".
بەگوێرەی بەیاننامەكەی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، "ئێستا ژمارەیەكی زۆر لەكرێكارانی كوردستان دەستەبەر (ضمان)  كراون و مافەكانیان بۆ دەستەبەر دەكرێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تائێستا چەندین كرێكار هەن، كە لەپرۆژەكان كاردەكەن و دەستەبەر نەكراون و خاوەن كارەكان كەمتەرخەمن لەبەرامبەر مافەكانیان".
بەیاننامەكە باس لە ژمارەیەك پێشێلكاری مافی كرێكاران دەكات و ئاماژە بەوەدەكات: "لەكاتی دروستبوونی رووداویش، خاوەنكار مافەكانیان ناپارێزێت و سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی كرێكار لە پرۆژەكان لەبەرچاو ناگیرێت".
لە بەیاننامەکەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئەوەش ئاشكراكراوە: "ساڵی رابردوو وەزارەت لەگەڵ رێكخراوی كاری نێودەوڵەتی كاری بۆ داڕشتنی یاسای كاری تایبەت بە كوردستان كردوە و لە ئێستاشدا رەشنووسی یاساكە لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانەو بەو هیوایەین لە دەستپێكی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێم ئەم رەشنووسی یاسایە ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان بكرێت بۆ پەسەندكردن".
لەبەیاننامەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو: "لەڕێگەی پرۆژەی قەرزی بچووك تاوەكو ئێستا نزیكەی 7 هەزار بێكار سوودمەند بوونەو پرۆژەیان ئەنجامداوەو بوونەتە خاوەن كاری خۆیان".

No comments:

Post a Comment