Sunday, October 27, 2013

وەزارەتی كار: لەمەودوا پەیوەندی نێوان كرێكار و خاوەنكار بەپێی بنەما ئابو‌ورییەكان رێكدەخرێت


وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستان، رەشنووسی (یاسای كاری كوردستان) ئامادە دەكات و بەپێی ئەو رەشنووسە، لەمەودوا پەیوەندی نێوان كرێكار و خاوەنكار بەپێی بنەما ئابو‌ورییە پێشكەوتووەكان رێكدەخرێت و نابێت چیتر مافی كرێكار پێشێل بكرێت.
بەپێی راگەیەنراوێكی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایە24139image1تی، كە وێنەیەكی بۆ (رووداو) نێردراوە، بۆ یەكەمجار لە هەرێمی كوردستان رەشنووسی یاسایەكی تایبەت بە كار دادەڕێژێت و پێشكەشی ئەنجو‌ومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی دەكات بۆ پەسەندكردن و لە وێشەوە بۆ پەرلەمانی كوردستان بەمەبەستی دەنگدان لەسەری لە داهاتوودا.
رەشنووسەكە  لە 148 مادە پێكهاتووە و لە رێگەی بەستنی چەند وۆركشۆپێك و بە راوێژ لەگەڵ شارەزایانی نێودەوڵەتی و رێكخراوی كاری نێودەوڵەتی (ILO)ئامادە كراوە.
وەك لە رەشنووسەكەدا هاتووە: "ئەم یاسایە ئەو رێوشوێنانە بۆ كرێكار دابین دەكات كە پێویستە بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییە سەرەكییەكانی بەخێوكردنی خۆی و خێزانەكەی، هەروەك لایەنی كەمی كرێی كرێكاری بێتوانا دابین دەكات، كە نابێت رێككەوتن لەسەر كەمتر لەوە بكرێت و پشتیوانی یاسایشی بۆ دابین بكرێت.
هەروەك رەشنو‌وسەكە پارێزگاری بۆ مێردمنداڵان فەراهەم دەكات و سزای بۆ هەر كەسێك دیاریكرد‌ووە كە منداڵی نەوجەوان دەقۆزێتەوە  یان بۆ كاری قورس بەكاریان بهێنێت، جیا لەمەش پارێزگاریی زیاتری بۆ ئەو دایكانە دەستەبەر كردووە كە لە كەرتی تایبەت كار دەكەن و پێداویستی دایكایەتی و چاودێریی منداڵەكەی و پێدانی مۆڵەتی دایكایەتی لە كەرتی تایبەت بۆ فەراهەم كردووە.
رەشنووسی یاساكە گرنگی بە مەشقی پیشەیی داوە بۆ ئەوەی كرێكاران لێهاتوویی لەكاری هونەری و پەرەپێدانی بۆ ئاستێكی بەرز بەدەست بێنن تاوەكو بتوانن دەستەبەری پێداویستییەكانی بازاڕی كار و پێویستی كەرتە جیاكانی كار بكەن.
لە راگەیەنراوەكەی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتیدا ئەوەش خراوەتەڕو‌و كە رەشنووسەكە هانی كەرتی تایبەتیش دەدات بۆ ئەوەی هاوكار بێت لە پرسی مەشقی پیشەیی لە چوارچێوەی پێدانی موڵەتی تایبەت بەخۆی و كاركردن شانبەشانی بنكەكانی مەشقی پیشەیی حكومی بۆ ئەوەی دەستی كاری ناوخۆ زیاتر بەكاربێت. 
لە 20/10/2013 وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بە نو‌وسراوی ژمارە (5179) رەشنووسی یاسای كاری تایبەت بە كوردستانی ئاراستەی ئەنجو‌ومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كردووە.
رووداو- هەولێر

No comments:

Post a Comment