Monday, October 14, 2013

دواهەمین گۆڕانکارى و هەواڵى کۆچ بۆ ئوسترالیا



تایبەت بە بلۆگەکانى کۆچ بۆ ئوسترالیا و کۆچى کوردان
وەزیرى کۆچى ئوسترالى سکۆت مۆریسۆن هەفتەى ڕابردوو سەردانى ناوروى کرد بۆئەوەى دیدار سازبدات لەگەڵ بەرپرسانى حکومى لەو وڵاتەدا، و بەدواداچوون بکات بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەى ناوەندى دەستبەسەرکردنى پەناخوازان و پەیامى ڕاستەوخۆى خۆى بەو پەناخوازانە بگەیەنێت کە لەوێ دەژى. پێى گوتن کە ئەوانە لەلایەن قاچاخچیەکانەوە فێڵیان لێکراوەو هەرگیز ڕێگەیان پێنادرێت لە ئوسترالیا بژین. کاتێک سکۆت گەڕایەوە سیدنى بە پەیامنێرانى گوت: من دڵخۆش بووم کە زانیم کاتێک لەوێ بووم نزیکەى 30 کەس لەوێ بەنیازى گەڕانەوە بوون بۆ ئەو وڵاتەى لێوەى هاتبوون. هەروەها گوتى پڕۆسەى گەڕاندنەوەى پەناخوازانى نایاسایى کاردەکات ئەگەر خەڵکى بیانەوێت بگەڕێنەوە وڵاتەکەى خۆیان. 
لەلایەکى ترەوە لە 4ى ئۆکتۆبەرەوە تەنها یەک بەلەمى پەناخوازان گەیستۆتە ئوسترالیا و ئەمەش ئاماژەیەکى ئاشکراى دابەزینى ژمارەى پەناخوازانە لەسەردەمى حکومەتى نوێدا. ساڵى ڕابردوو کۆى 44 بەلەم و 2255 کەس گەیشتنە ئەو وڵاتە. هەروەها حکومەت زانیارییەکانى بەتەواوى نابەخشێت بە میدیاکان و تەنها هەفتانە ڕاپۆۆت بڵاودەکاتەوە. ئەو وێنەیەى کە لەگەڵ ئەم هەواڵەدا بڵاوکراوەتەوە بە ئاشکرایى ئەوە دەردەخات کە شێوازى بەرەنگاربوونەوەى حکومەت بۆ پڕۆسەى سەروەرى خاکەکەیان لەژێر فەرماندەى ئاسمانى مارشالڵ مارک بینسکین چۆنە. ئەو فەرماندەیە ئاماژەى بەوەدا کە ئێمە باس لە تەکنیکەکانمان و شێوازى ڕوبەڕووبوونەوەکانمان ناکەین و چونکە ئەەوە زانیارى دەبەخشێت بە قاچاخچیەکان. 
لەماوەى بڵاوکردنەوەى ڕاپۆرتەکانى 4-11ى مانگدا 111 کەس گوازراونەتەوە بۆ ناورو. لەوکاتەوەى ئەو ئۆپەراسیۆنە دەستى پێکردووە، کە سێ هەفتە دەبێت، 215 کەس کە بە بەلەم گەیشتوون ڕەوانەى دەرەوەى خاکەکانى ئوسترالیا کراون لە ناورو ودوورگەى ماونوس. هەروەها ڕۆژى هەینى 1059 کەس کە بەبەلەم هاتبوون گەیەنرانە دوورگەى ماونوس و 800 بۆ ناورو. 
لە 8ى سێپتەمبەرى ئەمساڵەوە 17 بەلەم کە 550 سەرنشینیان لەخۆیان هەڵگرتبوو ڕێگریان لێکراوە لە ئیندۆنیزیاوە بەرەو ئوسترالیا بچن. ئەمەش بەهۆى هاریکارییەکانى نێوان حکومەتى ئوسترالى و ئیندۆنیزى. هەروەها پۆلیسى ئیندۆنیزى توانویەتى هەشت کەس دەستگیر بکات کە پێنجیان تیمى بەلەمەکە بوون، ئەمانەش ئامانجى گرنگن. کە ئەوانە هاریکارى و ڕێکخستن دەکەن بۆ کۆچى پەناخوازان بەشێوەیەکى نایاسایى بەرەو ئوسترالیا. 
لە ناورو حکومەتى ئوسترالى باڵەخانەى تەندروستى بنیات دەنێت. لەناو ئەو باڵەخانانەدا نەخۆشخانەى تێدایە کە زیاتر بەشێوەیەکى بەرفراوان بۆ ئافرەتانى دووگیانە و چاودێرى کردنى منداڵان. جێگەى باسە کە وەزیرى کۆچى ئوسترالى ڕایگەیاندووە هیچ جیاوازییەک بە ئافرەتان و منداڵان ناکرێت و هەموویان ڕەوانەى دەرەوەى خاکەکانى ئوسترالیا دەکرێن بۆئەوەى کەیسەکانیان هەڵسەنگێنرێن.


No comments:

Post a Comment