Sunday, October 6, 2013

لەماوەی 25 ساڵدا زیاتر لە 19 هەزار كۆچبەر لەپێش گەشتنیان بە ئیتالیا گیانیان لەدەستداوە


پاش دوو ڕۆژ لە گەڕان بەدوای دۆزینەوەی ئەو كۆچبەرانەی كەلە بەلەمێكدا لە نزیك دوورگەی لامپێدوسای ئیتالیا نقوم بوون ، بەرپرسانی هێزە دەریایەكانی ئیتالیا بێئومێدی خۆیان نیشاندا لە دۆزینەوەی ژمارەیەكی زیاتری كۆچبەرو ڕایانگەیاند كە پێدەچێت ئەوەی لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە دەریاكەدا مانەتەوە ئێستا مردبن.

بەپیًی زانیاریە فەرمیەكان ، تا ئێستا 155 كۆچبەر بە زیندووی ڕزگار كراون و لاشەی 111 تریش دۆزراونەتەوە و پێدەچێت بەلەمەكە نزیكەی 500 كۆچبەری تێدابووبێت . بەمەش ژمارەی ئەو كۆچبەرانەی بوونەتە قوربانی بە زیاتر لە 300 كۆچبەر مەزەندە دەكرێت.
هۆكاری نقومبوونی بەلەمەكەش دەگێردرێتەوە بۆ لەكاركەوتنی مەكینەی بەلەمەكە و بە ووتەی بەرپرسێكی ڕێكخراوی كۆچی جیهانیش لە ڕۆما كۆچبەرەكان پاش نائومێدبوونیان لە دووبارە كاركردنەوەی مەكینەی بەلەمەكەیان دەستیان كردووە بە ئاگركردنەوە بۆئەوەی سەرەنجی بەلەمەكانی نزیك خۆیان ڕابكێشن و بێن بەلایانەوە بەڵام دواتر ئاگرەكە لە كۆنتڕۆڵ دەرچووە و بۆتە هۆی سووتانی بەشێكی بەلەمەكە و نقوم بووە.
سەرجەم كۆچبەرەكان بەڕەگەز خەڵكی ووڵاـتانی ئەفریقان و بەلەمەكەش لە شاری مەسراتەی لیبیاوە دەستی بە گەشتەكەی كردووە .
بەپێی زانیاریەكانی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ، لەماوەی 25 ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 19 هەزار كۆچبەر لەپێش گەشتنیان بە ئیتالیا گیانیان لەدەست داوە وخنكان لەناو ئەو بەلەمانەدا كەلەلایەن قاچاخچیەكانەوە ڕێكدەخرێن بۆتە قەیرانێك بۆ تەواوی یەكێتی ئەوروپا.
كوردیو - تایبه‌ت
سەرچاوە : BBC، ڕۆیتەرز


No comments:

Post a Comment