Wednesday, January 2, 2013

ساڵێکى تریش لە هەندەران


کۆچى کوردان و کۆچ بۆ ئوسترالیا

گەنجانى ئێمە ساڵانێک بوو بە لێشاو کۆچیان بۆ وڵاتانى دەرەوە دەکرد و ئێستاشى لەگەڵدا بێت تاڕاددەیەکى زۆر ئەو کۆچە هەر بەردەوامە. پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئایا کاتى ئەوە نەهاتووە کۆتایى بە کۆچ و بەتایبەت کۆچى نایاسایى بێت؟ لەم سەرى ساڵەدا گەنجانى دەرەوەى وڵات و ناوەوەى وڵات چۆن بیر دەکەنەوە؟
کوردستان ئەگەر لە چەند ساڵى ڕابردوودا هەموو دەروازەى وڵاتانى بەسەردا داخرابێت، ئەوا لەئێستادا هەموو دەروازەکانى بەسەردا کراوەتەوەو تەنانەت دواهەمین کرانەوەى دەروازەى وڵاتان گەشتى ڕاستەوخۆى ئەمریکا دەبێت لە هەرێمى کوردستانەوە. ئەگەر لە ڕابردوودا ئەم هەرێمەمان هیچ یەک لە وڵاتان دانیان پێدا نەنابێت، لەئێستادا ئەوە بەتەواوى گۆڕاوەو دەبینین چەندین وڵاتى بیانى و گەورە زلهێزەکان کونسوڵخانەى خۆیان کردۆتەوەو لە بەرامبەریشدا هەرێم لە چەندین وڵات نوێنەرایەتى خۆى هەیە.
ئەم هەرێمە ساتەوەختێک سەرچاوەیەکى نەبوو و کۆمپانیایەکى ئەوتۆى لێنەبوو، لەئێستادا سەدان کۆمپانیاى تێدایەو سەدان ناوچەى پیشەسازى و ئابوورى و خوێندن و فێرکردنى هەیە.
گەنجانى ئێمە لە سەرى ساڵدا بۆ تورکیا و ئێران و وڵاتانى دوورو نزیک گەشت دەکەن. لە بۆنەو کاتە جیاوازەکاندا سەردانى وڵاتانى جیاواز دەکەن.
بۆخوێندن تەنها کوردستان شوێنى خوێندنى نەوەکانمان نییە و تەنها کەرتى گشتى ئەو ئەرکەى لەئەستۆدا نییەو بەڵکو ئەمەش بەتەواوى گۆڕاوە. 
کوردستان لەڕابردوودا هەمیشە مەترسى دەرەکى و وڵاتانى ئیقلیمى لەسەربوو و تەنانەت مەترسى حکومەتى ناوەندى هەبوو، بەڵام لەئێستادا تاوەکو دێت کوردستان بەرەو ئاقارى هێمنى و بەهێز بوون دەچێت.
لە سۆنگەى ئەم گۆڕانکارییانەوەو لە هەموو ئەو جیاوازییە گەورانەى بەدى دەکرێن، حەقە لە گەنجانى خۆمان بپرسین، ئایا دەکرێت گەنجى ئێمە خۆى تووشى مەترسى بکات و بە گەشتێکى پڕ مەترسیدا وڵاتەکەى خۆى جێ بهێڵێت؟ 
بۆچى ئەوانەى گەشتیان کردووە ناگەڕێنەوە لە هەرێمدا دووبارە ژیانێکى نوێ دروست بکەن کە چەندین دەرفەتى جیاواز بوونى هەیە.
لەوانەیە هەندێ لەگەنجان لەگەڵ ئەو بیرۆکەیەدا نەبن و حەزیان لەگەڕانەوە یاخود دەستبەردارى کۆچ کردن نەبێت. بەڵام دەکرێت گەنجى ئێمە ئەمجارە بەشێوەیەکى تر لە کۆچ بڕوانێت، لەشوێنى ئەوەى کۆچ بکات و وڵاتەکەى خۆى جێ بهێڵێت بەشێوەیەکى کاتى کۆچ بکات. کۆچ بکات بۆ کارکردن. کۆچ بکات بۆ خوێندن. کۆچ بە شێوەیەکى یاسایى بکات کە زۆرێک لە وڵاتانى بیانى خۆیان داواى ئەم جۆرە لەکۆچ دەکەن و پشتیوانى لێدەکەن.
هیوادارین ئەمساڵ ساڵى ئاسوودەیى گەنجانى ئێمە بێت. ساڵى نوێبوونەوەو بیرکردنەوەى پڕگوڕو تین بێت. کوردانى هەندەران لە سەلامەتیدا و کوردانى ناوخۆش لە ئاسوودەیدا بژین.

No comments:

Post a Comment