Tuesday, December 25, 2012

هۆڵەندا بڕیاریدا : مۆنۆمێنتی هەڵەبجە لە لاهای دادەنێین


هەفتەی رابردوو، ئەنجوومەنی شارەوانیی شاری لاهای لە هۆڵەندا پێشنیازی دروستكردنی مۆنۆمێنتی هەڵەبجەی لە شارەكەدا پەسندكرد. ئێستا كوردانی دانیشتووی هۆڵەندا دەیانەوێ حكومەتی هۆڵەندی هەنگاوی زیاتر هەڵێنێ و بە فەرمی دان بەوە دابنێ كە كورد جینۆسایدكراون. 
یەكێك لەو كەسانەی پشتگیری لە بیرۆكەی دانانی مۆنۆمێنتەكە كرد و كاری بۆكرد، هاری فان بۆمڵ بوو كە ئەندامی پەرلەمانی هۆڵەندایە لەسەر لیستی پارتی سۆسیالیست. ناوبراو لەوبارەوە بە (رووداو)ی راگەیاند "سەرۆك شارەوانی لاهای پێشنیازیكردووە مۆنۆمێنتەكە لەشوێنێكی گونجاودا لەنزیك باڵەخانەی رێكخراوی نێودەوڵەتی قەدەخەكردنی چەكی كیمیایی OPCW دروستبكرێت، بە نیازیشە بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ سەرۆكی رێكخراوەكە قسە بكات". سەرۆكی شارەوانی لاهای رایگەیاندووە كە چاوەڕێناكات مۆنۆمێنتەكە تاوەكو رۆژی 16ی ئاداری ساڵی داهاتوو تەواوبێت، كە دەبێتە یادی 25 ساڵەی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە.
كۆمیتەی دروستكردنی مۆنۆمێنتی هەڵەبجە لەلایەن فیردەوس كازمییەوە سەرپەرشتیدەكرا. پەسندكردنی پێشنیازەكە لەلایەن ئەنجوومەنی شارەوانی لاهایەوە پیشانیدەدات كە كۆمیتەكە لە هەوڵەكانیدا سەركەوتووبووە. ئەو كۆمیتەیە ساڵی رابردوو پێكهات و توانی 2500 واژۆی دانیشتووانی لاهای و دەوروبەری كۆبكاتەوە تاوەكو پێشنیازی دانانی مۆنۆمێنتەكە بخەنە نێو ئەجێندای كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی شارەوانییەوە.
فان بۆمڵی پەرلەمانتار لە بلۆگێكدا نووسیوویەتی "چەند ساڵێكە هەوڵدەدرێ بۆ دروستكردنی ئەو مۆنۆمێنتە، تاوەكو رێز لەو قوربانیانە بگیرێت كە بەهۆی ئەو هێرشەی سەدام حوسێنەوە گیانیان سپارد، لەكۆتاییدا ئەو خەونە هاتەدی، ئەمەش شایەنی ئەوەیە ئاهەنگی بۆ بگێڕین ".
لە كۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی ئەنجوومەنی شارەوانی لاهای، كە تایبەت بوو بە مەسەلەی مۆنۆمێنتەكە، بەسەدان كەسی كورد و هۆڵەندی لە هۆڵی كۆبوونەوەكەدا ئامادەبوون. یەكێك لەو كەسانە ئارام ئەحمەد، وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو كە وەك بڵاوكرایەوە، بۆ ناساندنی جینۆسایدی كورد بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاتبووە هۆڵەندا.
ئارام ئەحمەد بە (رووداو)ی راگەیاند كە وەزارەتەكەیان مەبەستییەتی روو لەو وڵاتانە بكات كە ژمارەیەكی زۆر كوردی لێدەژین، تاوەكو لەوێ بۆ ناساندنی جینۆسایدی كورد لۆبی بكەن. وەك چۆن هەفتەی رابردوو فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی سوید ئەنفالیان بە جینۆساید ناساند، حكومەتی كوردستان لە هەریەكە لە بەریتانیا و هۆڵەنداش هەوڵدەدات هەمان كار بكات.
هەرچەندە پێشنیازی دروستكردنی ئەو مۆنۆمێنتە لەلایەن پارتە كوردییەكانەوە نەبوو، بەڵام پێشتر باڵیۆزی عێراق لە هۆڵەندا و بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان پشتگیریی خۆیان بۆ دروستكردنی مۆنۆمێنتەكە راگەیاندبوو.
رەزامەندی دەربڕینی شارەوانی لاهای بۆ دانانی مۆنۆمێنتی هەڵەبجە، دوای هەڵوێستی پەرلەمانی سوید بوو. فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەسەر ماڵپەڕی تویتەر نووسیویەتی "هیوادارم وڵاتانی دیكەش چاو لە سوید بكەن". بەختیار بەكر، نوێنەری یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە هۆڵەندا، دەڵێ كوردانی دانیشتووی هۆڵەنداش هەوڵدەدەن هەمان ئەنجامیان دەستبكەوێت: "وەك سوید دەكەین و ئامادەین بۆ هەنگاوی داهاتوو".
ولادیمێر ڤان ویلخنبێرخ
رووداو - هۆڵەندا

No comments:

Post a Comment