Tuesday, December 18, 2012

لە ڕۆژى جیهانى کۆچبەراندا : 200 ملیۆن مرۆڤ لە کۆچدان لە پێناو ژیانێکى باشتر


18ى دیسەمبەرى هەموو ساڵێک لەلایەن رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک ڕۆژى جیهانى کۆچبەران ناسێنراوە کە میللەتانى دونیا بە شێوازوبۆنەى جیاواز ئەم ڕۆژە بەرز ڕادەگرن.
ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووى کۆچى گەلى کورد بدرێتەوە بەئاشکرا ئەوەمان بۆدەردەکەوێت کە ئەگەر بۆ میللەتانى تر هۆرکارێک هەبووبێت بۆ کۆچکردنیان ، ئەوا بۆ کورد هەڵهاتن لەپێناو "مانەوە لە ژیاندا" زۆرجار لە سەرجەم قۆناغەکانى ڕابردوودا فاکتەرى بنچینەیى بوون بۆ ئەوەى بیر لە جێهێشتنى ووڵات و دۆزینەوەى پێگەیەکى نوێ بکەنەوە.
ناکرێت لێرەدا باس لە سەرجەم قۆناغە مێژوویەکانى کۆچى کورد بکەیت لە ڕابردوودا ، بەڵام هەڵوێستەکردنێک لەسەر ساڵانى دواى ڕاپەرێن بۆ ئەم یادە گەلێک پێویستە چونکە لەماوەى دەساڵى دواى ڕاپەڕین بەشێوەیەکى دیار گەلى کوردیش بوو بە خاوەنى تاراوگە و زیاتر لەوەش کەلتورى " ئەوانى تر" گوازرایەوە ناو کۆمەڵگاى کوردى.
برسێتى و قاتوقڕى و خراپى دۆخى سیاسى و ئەمنى ناوخۆى هەرێمى کوردستان بەجۆرێک بوو کە هەرچۆنێک ووڵاتت بەجێ بهێشتایە و بگەشتیتایە ووڵاتێکى ترى ئەوروپا یان نزیک ئەوروپاش ،زۆر بەزوویى قەرەبووى نەهامەتیەکانى رێگات دەکردوە. هەرچەندە ڕێگاى هات و نەهاتى کۆچى قاچاخ بوو بوو بە گۆڕەپانێکى ترى مەرگ بۆ سەدان کۆچبەرى کورد ، بەڵام هەرگیز شەوقى گڵۆپەکانى ئەستەنبوڵى لە دڵى گەنجانى لەو سەردەمەدا نەدەکوژاندەوە و وەک ووتراش ناحەقیان نەبوو .
لەبەر بەختى باشى کۆچبەران لەو دەیەیەى نەوەتەکاندا ، ئابوورى ئەوروپاش بەڕادەیەکى زۆر پێویستى بە دەستى کارى کۆچبەران بوو کە زۆربەزوویى ووڵاتانى وەرگر بیانوویەکیان دەدۆزیەوە بۆ کۆچبەران و مافى مانەوەیان بۆ ئەوان مسۆگەر دەکرد.
بەڵام لە پاش ڕووخانى حکومەتى بەعسى عێراق و نەمانى گرژى و ئاڵۆزیەکانى ناوخۆى هەرێمى کوردستان ، دەرگاکانى دەرەوە بەڕووى هەرێمى کوردستاندا کرایەوە و دۆخەکە گۆِرانکارى دراماتیکى بەخۆیەوە بینى . چۆڵایەکانى دەرەوەى شارى هەولێرو دەشتەکەى بەکرەجۆ فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتەیان بەخۆوە بینى ، کە لەو دەیەیەى نەوەتەکاندا وەک خەونى وەنەوشەیى و نوکتەئاسا باسیان لێوە دەکرا. خوێندکارانى کورد پەیوەندیان بە زانکۆکانى دەرەوەى ووڵاـ کرد و کۆچى قاچاخ بوو بە کۆچى یاسایى بەئامانجى خزمەتکردنى ووڵات و ووڵاتانى دەرەوەش لەڕێگەى نوسیگەکانیانەوە لە هەرێمى کوردستان زیارتر و زیاتر ئاشنایەتیان پەیداکرد لەگەڵ ئەم هەرێمەدا و بەجۆرێک کە هەرێمەکە بە " عێراقەکەى تر" گوزارشت دەکرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا لەو ماوەیەدا و تائێستاشى لەگەڵدا بێت ئابوورى ئەوروپا بە گشتى پاشەکشەى کرد و کینەى هاوڵاتیانى وووڵاتانى وەرگر بەرامبەر بە کۆچبەران و پەناخوازان ڕوو لە زیادبوو بەجۆرێک کە ئەو کینەیە واى لە بەشێک لە پارتە سیاسیەکانى ئەوروپاکرد کە قەدەغەکردنى کۆچى نایاسایى و ڕەتکردنەوەى کەیسى کۆچبەران ببێت بە بەشێک لە ئەجێنداى سیاسیان. بەمەش ڕەوشى ژیانى پەناخوان و کۆچبەران لەسەرتاسەرى جیهاندا و لە ئەوروپا بە تایبەتى ڕۆژبەرۆژ لە خراپبوووندایە بە جۆرێک کە سکرتێرى گشتى نەتەوە یەکرگرتووەکانیش ( بان کى موون ) لە پەیامێکى کورتدا لەسەر ماڵپەرى فەرمى نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاشکرا نیگەرانى خۆى لە یادى ئەمساڵى ڕۆژى کۆچبەرانى جیهان دەردەبڕێت بەرامبەر ئەو جیاکاریانەى کەلە جیهاندا بەرامبەر بە کۆچبەران دەکرێـت لە کاتێکدا ڕێژەکە ساڵ بە ساڵ لە زیادبووندایە و بەپێى زانیاریەکانى ئاژانسى هەواڵى دەنگى ئەمەریکاش نزیکەى 200 ملیۆن مرۆڤ لە ئێستادا ووڵاتى خۆیان بەجێ هێشتووە لەپێناوى دۆزینەوەى داهااتوویەکى باشتردا.
ئەگەر قەیرانەکە جارێکى تر لە پەیوەند بە هەرێمى کوردستانەوە باس بکەین ، هێشتا دۆخى هەرێمەکە نەگەشتۆتە ئاستێکى زۆر باش ، گومانى تێدا نیە کە هەنگاوەکان هەمیشە بە ئاڕاستەى پێشوە دەنرێن . ڕەتکردنەوەى بەردەوامى
کەیسى پەناخوازانى کوردى ئەم هەرێمە لەلایەن ووڵاتانى وەرگرەوە بەڵگەى ئەو ڕاستیەن کە ئەم هەرێمە شایانى بەجێ هێشتن نیە و ئەوان گەشتونەتە ئەو ڕاستەیەى کە دەرفەتەکان تازە لێرە دەستپێدەکەن و سەرسامن جا چ لە ئاستى گشتى یان سیاسیشدا بەرامبەر بە دۆخى گەشى هەرێم و پێشبینیکردنى داهاتوویەکى باشتر بۆ دانیشتوانەکەى.
لە کۆتایدا ، جێگەى خۆیەتى کە پرسە و سەرەخۆشى خۆمان لە یادەدا بگەیەنینە کەسوکارى ئەو کۆچبەرو پەناخوازە کوردانەى لە پێناو دۆزینەوەى ژیانێکى پاشتر گیانیان لە دەستدا و هیوادارم گەنجانى ووڵاتەکەم لەوەى ڕوویدا وانەیەک فێر بن نەک دووبارەى بکەنەوە.

No comments:

Post a Comment