Monday, December 24, 2012

ئەڵمانیا کوردێک خەڵات دەکات


وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی (شلێسڤیگ -هۆڵشتاین)ی ئەڵمانیا خەڵاتی ئەمساڵی ئەڵمانیای بۆ خۆگونجاندن (ئینتیگراسیۆن) دایە گەنجێكی كورد، کە لەڕێگەی تۆپی پێوە هەوڵی نزیککردنەوەی پێکهاتەکانی نێو کۆمەڵگەی ئەڵمانیا دەدات.
رۆژی 10/12/2012، خەڵاتەکە لەلایەن ئاندریاس برایتنەر، وەزیری ناوخۆی هەرێمەکە درایە سەمیح حوسێن ئیناك. 
بنەماڵەی سەمیح خەڵكی باكووری كوردستانن، بەڵام ئەو خۆی ساڵی 1989، لە شاری (هامبۆرگ)ی ئەڵمانیا لەدایكبووە و لە شاری (ڤێدەلە)ی سەر بە هەرێمی (شڵێسڤیگ -هۆڵشتاین) گەورە بووە. 
باوكی سەمیح ئەندامی پارتی سەوزەكانی ئەڵمانیایە و یەكەمین كەسی بیانی بووە كە کاتی خۆی بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنی شاری ڤێدەلە هەڵبژێردراوە. 
کاتی خۆی، ئەركانی برای سەمیحیش لە تەمەنی 24 ساڵیدا بووەتە ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی شارەكە. سەمیح ساڵی 2005، بووەتە ئەندامی پارتی سەوز و ساڵی 2009، بووەتە سەرۆكی رێكخراوی لاوانی ئەو پارتە لە هەرێمەکەیاندا.
ئێستا سەمیح لە بەشی ماتماتیك و زانستی كۆمەڵایەتی لە زانكۆی دویسبورگ- ئێسن دەخوێنێ. سەرۆكی كۆمیتەی خوێندكارانی زانكۆشە: “بەڕێوەبردنی رێكخراوی خوێندكاران لە زانكۆدا کەمێک قورسە. بەتایبەتی لە زانكۆكەی ئێمەدا كە 38 هەزار خوێندكاری هەیە. هەرواش ئەمساڵ ئەو بەرپرسیارێتییەم وەرگرت”. 
كاركردن لە بواری خۆگونجاندنی پەنابەراندا وەكو میرات بۆ سەمیح ماوەتەوە. چونكە باوكیشی لەو بوارەدا كاریكردووە. سەمیح لەوبارەوە دەڵێت “باوكم لەدوای 11ی سێپتەمبەری 2001، مەسیحی و موسڵمانەكانی شاری ڤێدەلەی لەنێو كڵێسای ئەو شارەدا كۆكردەوە و بەیەكەوە نوێژ و دوعایان بۆ ئاشتی كرد”. ئەمە دواتر کاریگەریی زۆری لەسەر سەمیح داناوە “ ئەوكات تەمەنم 12 ساڵان بوو و ئەو نوێژە زۆر کاری تێکردم. بۆیە سەردانی شارەوانیی شارەکەمانم كرد و داوامكرد خولێكی تۆپی پێ سازبکەم. ئەوانیش پڕۆژەكەیان قبوڵكرد. ئیتر هەموو ساڵێک ئەو خولەمان سازدەکرد”.
سەمیح روونكردنەوەی زیاتر لەبارەی خولەکەوە دەدات و دەڵێت “ساڵانە لە مانگی گوڵاندا سازیدەکەین و بۆ ماوەی سێ رۆژ لەنێو هۆڵێكی داخراودا بەردەوام دەبین. تاوەكو ئێستا لاوانی سەر بە 26 وڵاتی جیهان كە لە ئەڵمانیا دەژین بەشداریان تێداكردووە”. سەمیح دەڵێ لە خولەکەدا “بە رۆژ یاری تۆپی پێ دەكەین و بە شەویش سیمینار سازدەکەین. خەڵاتێکیشمان بۆ خولەکە داناوە کە یەکێک لە تیپەکان و یاریزانێك خەڵاتەکە وەردەگرن. بابەتی سیمینارەكانیش دەربارەی كولتووری بەیەكەوە ژیان، مافی ژنان، تووندوتیژی دژی مرۆڤ و ئاشتەواییە. مەرجی ئەوەشمان داناوە کە دەبێ لەنێو هەر تیپێکدا بەلایەنی کەمەوە یەک ژنی یاریزان هەبێت”.
سەمیح باسی پلانی دوارۆژی خۆی بۆ (رووداو) دەکا و دەڵێ دەیەوێ هەم کاری مامۆستایەتی بکات و هەم كاری سیاسیش بكات “لە سیاسەتدا ئامانجم ئەوەیە كە پیشانی بدەم دیموكراسی شتێكی بەنرخە. بەڵام ئەگەر گوتت وڵاتێكی دیموكراسیم، دەبێ کار بەو قسەیەشت بکەیت.” هۆیەکی دیکەی تێکەڵاوبوونی سەمیح بە سیاسەت، وەک خۆی دەڵێت، ئەوەیە کە “لە ساڵی 1993ەوە مافی كۆچبەران لە ئەڵمانیا كەمكراونەتەوە. ئامانجم ئەوەیە ئەو سیاسەتە بگۆڕم”.

فیراز باران

رووداو - كوێلن


No comments:

Post a Comment