Thursday, March 15, 2012

30 هەزار پەنابەری كورد و عێراق هەڕەشەی دیپۆرتكردنەوەیان لێدەكرێ

مانگی رابردوو 50 عيراقى دیپۆرتكرانەوە
دوای ئەوەی بە دەردەسەریەكی زۆر گەیشتە ئەوروپا، لەوێش ژیانێكی سەخت و پڕ لە دڵەڕاوكێی لە كەمپێكی سوێد بەسەربرد، ئینجاش هیوا دوای 6 ساڵ لەلایەن پۆلیسی سوێدەوە بەزۆر دیپۆرتكرایەوە.
هیوا ئیسماعیل، 34ساڵ، خەڵكی سلێمانییە و رۆژی 26/2/2012 لەگەڵ 49 پەنابەری دیكە بەزۆر نێردرایەوە عێراق. ئەو ترسێكی زۆری هەبوو لە ناردنەوە، چونكە دەبووایە لە بەغدا دابەزێت، لەبەرئەوەی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان هیچ پەناخوازێكی بەزۆر دیپۆرتكراو وەرناگرن.
“ خواردنەكەمان زۆر پیسبوو،بەڵام لەناچاری دەمانخوارد”هیوا، كە لەگەڵ 6 پەناخوازی دیكە لە ژوورێكی 5 بە 4 مەتری كەمپەكەی سوێد دەمانەوە گوتی “وڵاتانی ئەوروپایی هەر باسی دیموكراسی و مافی مرۆڤ دەكەن، بەڵام لەڕاستیدا لە وڵاتی خۆیان هیچ حیسابێك بۆ مرۆڤ ناكەن، لەنێو كەمپ زۆر بەخراپی مامەڵەیان لەگەڵ دەكردین، رێگەی هیچ كارێكمان پێنەدەدرا، ئەو خواردنەی پێشماندەدرا زۆر پیسبوو، بەڵام لەناچاری دەمانخوارد”.

دوای رووخاندنی رژێمی سەدام حوسێن، هەڵمەتی دیپۆرتكردنەوەی بەنابەرانی عێراق، بەتایبەتی ئەوانەی خەڵكی هەرێمی كوردستانن لە وڵاتانی ئەوروپا دەستی پێكردووە. تائێستا زیاتر لە 5 هەزار پەنابەر بەزۆر رەوانەی عێراق كراونەتەوە، كە زۆربەیان كوردن.
دوایین گرووپی ناردنەوەی پەناخوازان، رۆژی 26/2/2012 كە ژمارەیان 50 پەناخوازی كورد بوو لە هەردوو وڵاتی سوید و نەرویج لە فڕۆكەخانەی بەغدا دانران، هەروەها 30 هەزار پەنابەری دیكەش لەژێر هەڕەشەی دیپۆرتكردنەوەدان.
ئامانج عەبدوڵڵا، سكرتێری لقی كوردستانی فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراق بە (رووداو)ی راگەیاند، كە هەڵمەتێكی دیكەی دیپۆرتكردنەوەی پەناخوازان لە وڵاتانی ئەوروپا دەستیپێكردووە، ئەو گرووپە 50 كەسەش بەشێكبوون لەو هەڵمەتە تازەیە.
فیدراسیۆنی‌ سەرتاسەری‌ پەنابەرانی عێراق، كە كەسەكانی زیاتر سەر بەپارتی كۆمۆنیستی كرێكاری عێراقن، لەساڵی‌ 1992 دامەزراوەو بارەگای سەرەكی لە لەندەنە، ئێستا لە 8 وڵاتی ئەوروپی نووسینگە و نوێنەرایەتی هەیە و چالاكی دژی بەزۆر ناردنەوەی پەنابەران ئەنجامدەدات.
لەساڵی 2005 دیپۆرتكردنەوەی بەزۆری پەناخوازان دەستیپێكردووە. ئامانج عەبدوڵڵا، دەڵێ “دوور لە بنەماكانی مافی مرۆڤ پەنابەران دیپۆرتدەكرێنەوەو، زۆرجار ئەو پەنابەرانە لەكاتی دیپۆرتكردنەوەیان لێشیاندەدرێت”.
تائێستا 15 پەنابەری كورد لەنێو كەمپەكاندا خۆیان كوشتووەئامانج، باس لەوە دەكات كە بەریتانیا پشكی شێری بەردەكەوێت لە بەزۆر ناردنەوەی پەناخوازان لەنێو سەرجەم وڵاتانی ئەوروپادا، كە لەساڵی 2005ەوە تاوەكو ئێستا زیاتر لە 5 هەزار پەناخوازی رەوانەی عێراق كردووەتەوە.
بەهۆی خراپی رەوشی نێو كەمپەكانی پەنابەری لە وڵاتانی ئەووروپا، تائێستا دەیان رووداو و هەوڵی خۆكوشتن هەبووە لەو ساڵانەی دواییدا. بەپێی ئاماری فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراق تائێستا 15 پەنابەری كورد لەنێو كەمپەكانی وڵاتە جیاجیاكانی ئەوروپا خۆیان كوشتووە، ژمارەیەكی زیاتریش هەوڵی خۆكوشتنیان داوە.
ئامانج عەبدوڵڵا، دەڵێ “جگە لەوانەی كە لەنێو كەمپەكانی ئەوروپا خۆیان كوشتووە، 9 كەسی دیكەش دوای گەڕانەوەیان لە هەرێمی كوردستان خۆیان كوشتووەو 2 هەوڵی خۆكوشتنیش لە مانگی رابردوو هەبوو”.
پەنابەران بۆ ئەوەی دیپۆرتنەكرێنەوە، بە جۆرەها شێواز ناڕەزاییان دەربڕیوە، هەندێك لەو پەناخوازانە بۆئەوەی دیپۆرتنەكرێنەوە، دەمی خۆیان دووریوەتەوە، بەڵام ئەوەش دادی نەداون و هەر دیپۆرتكراونەتەوە.
دەشتی‌ جەمال، سكرتێری فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عێراق گوتی “ژمارەیەكی زۆر لە پەنابەران، لە كەمپەكانی وڵاتانی ئەوروپا ژیانێكی كولەمەرگی بەسەردەبەن و كەس بەهانایانەوە ناچێت، لە ساڵی 2005 تاوەكو ئێستا 5600 پەنابەری عێراقی دیپۆرتكراونەتەوە، جگە لەوەش ژمارەیەك پەنابەر لەنێو زیندانەكانی یۆنان‌، ئێران، توركیا، سوریا بەدەستبەسەركراوی دەناڵێنن”.
جگە لە وڵاتانی ئەوروپا ساڵانە ژمارەیەكی زۆر پەنابەری عێراقی بەتایبەت كورد بەشێوەی نایاسایی روو لە ئوسترالیا دەكەن، لەساڵی 2007 وە تاوەكو مانگی نیسانی رابردوو 1305 پەنابەری كورد بەشێوەیەكی نایاسایی روویان لە ئوسترالیا كردووە، ئەوەش ئوسترالیای هاندا كە زیاتر سنوورەكانی قایم بكات.
ساڵی رابردوو حكومەتی ئوسترالی رێككەوتننامەیەكی لەگەڵ مالیزیا مۆركرد، بۆ رێگرتن لە گەڕانەوەی ئەو پەنابەرانەی بەشێوەی نایاسایی چووبوونە نێو خاكی ئوسترالیا لەگەڕانەوە بۆ ئوسترالیا لەڕێگەی مالیزیاوە، چاوەڕواندەكرێت زۆربەی ئەو پەنابەرانە دیپۆرتبكرێنەوە. وەزارەتی ناوخۆی ئوسترالیا رایگەیاندووە، هەر پەنابەرێك بەشێوەی نایاسایی بێتە ئوسترالیا، دەستگیردەكرێ و رەوانەی مالیزیا دەكرێتەوە.
بەپێی ئامارێكی فەرمی حكومەتی ئوسترالیا زیاتر لە 5000 پەناخوازی كورد لە كەمپەكانی ئوسترالیا لە چاوەڕوانی وەرگرتنی مافی پەنابەرێتیدا ژیانێكی سەخت بەسەردەبەن، بەڵام بەهۆی بڕیاری حكومەتی ئوسترالی ئەو چاوەڕوانییەیان زۆر سەختتربووە.
 بارزان محەممەد
رووداو -هەولێر



No comments:

Post a Comment