Friday, March 2, 2012

پەناخوازێکى کورد گڵۆپێکى کارەبایى قووت دەدات


پەناخوازان کە بەشێوەیەکى نایاسایى دەگەنە ئەو ووڵاتە بەند دةکرێن 


لە ڕووداوێکى سەیرداو لە دژى سیاسەتى کۆچى ئوسترالیا ، پەناخوازێکى کورد لە کەمپى داروینى باکورى ئوسترالیا گڵۆپێکى کارەبایى قوت دەدات.
بەپێى هەواڵێکى ئاژانسى (ئەى بى سى نیوز) ، ئەو پەناخوازە بەهۆى زۆرى مانەوەى لە کەمپەکەدا و وەڵامنەدانەوەى کەیسەکەى ئەو کارەى ئەنجامداوە و پەناخوازێکى تریش کە لە شوێنى ڕووداوەکە بووە بەهۆى ترسناکى ڕووداوەکەوە بوراوەتەوە.
بەرپرسێکى بەرێوبەرایەتى کۆچ و ڕەگەزنامەى ئەو ووڵاتەش بەبێ ئەوەى بچێتە ناو ووردەکارى چۆنێتى ڕووداوەکەوە ڕایگەیاند کە حاڵەتێکى لەو جۆرە ڕوویداوە و پەناخوازەکە لەپاش ڕەوانەکردنى بۆ نەخۆشخانەو چارەسەرکردنى گەڕێنراوەتەوە بۆ کەمپەکە.
شایانى باسە بەهۆى ئەو سیاسەتەى کە حکومەتى ئوسترالیا پیادەى دەکات لە بەرامبەر ئەو پەناخوازانەى کە بەشێوەیەکى نایاسایى و زۆرجار لە ڕێگەى بەلەمى بچوکى ڕاوە ماسیەوە خۆیان دەگەیەننە ئەو ووڵاتە و دەبێت بۆماوەیەکى دیارى نەکراو کە زۆرجار لە دوو ساڵ تێدەپەرَێت لە کەمپەکانى ئەو ووڵاتەدا بمێننەوە و ڕێگەیان پێنادرێت بچنە دەرەوەى کەمپەکان ، زۆرجار پەناخوازان ناچار دەکات کە پەنابەرنەبەر خۆئازاردان و نانەوەى ئاژاوەو پشێوى لەو کەمپانەدا.
بەپێى ئامارە فەرمیەکان ، ژمارەى پەناخوازانى کورد بە گشتى و کوردانى فەیلى بە تایبەتى کە بەشێوەیەکى نایاسایى و بە بەلەم دەگەنە ئوسترالیا ڕوو لە زیاد بوون بووە لەماوەى چەند ساڵى ڕابردوودا و لە ساڵى 2009 دا تەنها 138 پەناخواز بوون و لە ساڵى 2010 دا ئەو ژمارەیە بەرزبۆتەوە بۆ 822 کورد و  تەنها لە سێ مانگى ساڵى ڕابردوودا 341 پەناخواز بوون و لە ئێستاشدا دەیان پەناخوازى کورد و 275  عێراقى لەو کەمپانەدا لە چاوەڕوانى وەرگرتنى مافى پەنابەرێتیدان
هەر سەبارەت بەو ڕووداوە ، ئاژانسى ناوبراو ئاماژەى بەوە کردووە کە پێدەچێت ئەو پەناخوازە کوردە یەکێک بێت لەو سێ پەناخوازە کوردە فەیلیەى کە بەم دوایانە دەمى خۆیان دووریەوە.
خراپى ڕەوشى پەناخوازان کە لە ئێستادا بە گشتى بە 5000 پەناخواز مەزەندە دەکرێت لە کەمپەکانى ئەو ووڵاتە ڕێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى ناچار کرد بە شێوەیەکى مەیدانى سەردانى کەمپەکانى ئوسترالیا بکەن و لە ڕاپۆرتێکدا داواى دەستبەجێ داخستنى ژمارەیەک لە کەمپەکانى ئەو ووڵاتەیان کرد و داوایان لە حکومەتى ئەو ووڵاتە کرد کە پاپەند بێت بە ڕێکەوتنامە نێودەوڵەتیەکانى پاراستنى مافەکانى مرۆڤ و کەمکردنەوەى وادەى مانەوەى پەناخوازان لە کەمپەکاندا.
لە وەڵامى ڕەخنەکانى ڕێکخراوە جیهانیەکان سەبارەت بە ڕەوشى کەمپەکانى ووڵاتەکەى ، بەڕێوبەرایەتى کۆچى ئوسترالیا ڕایگەیاند کە بەردەوامە لە باشترکردنى ڕەوشى پەناخوازان لە کەمپەکاندا بەڵام مانەوەى ئەو کەمپانە بە پێویست وەسف دەکات و مەبەست لێیان ئازاردانى پەناخوازان نیە و لەبەر ڕۆشنایى یاساکانى کۆچ بۆ ئوسترالیا دامەزراون و بەوجۆرەش دەبێت پەناخوازان کە بەشێوەیەکى نایاسایى دەگەنە ئەو ووڵاتە بەند بکرێن تا ئەو کاتەى مافى پەنابەرێتیان یەکلایى دەکرێتەوە.

خۆرنیوز
ئامادەکردنى : هەژار تەها

No comments:

Post a Comment