Sunday, March 18, 2012

كۆچی پێچەوانە بۆ كوردستان لە زیادبووندایە


گەڕانەوە بۆ هەرێمى کوردستان
له درێژایی سەدەی رابردوو، كورد لە كۆچێكی هەندێجار هێواش و هەندێجاریش خێرادا بووە بەرەو ئەوروپا و وڵاتانی رۆژئاوا، بەڵام چەند ساڵێكە لە هەرێمی كوردستان كە تازە خەریكە جموجوڵێكی ئابووری لەسایەی سەقامگرییەكی رێژەییدا بەخۆوە دەبینێ، وردە وردە سەرەتاكانی كۆچێكی پێچەوانە بەدیدەكرێ.
ئەو دیمەنە، رەنگە زیاتر لە شارێكی وەك هەولێر بەدیبكرێ كە لەم ساڵانەی دواییدا گۆڕانێكی بەرچاوی بەسەردا هاتووە و بەخێرایی لە گەشەكردن و گەورەبووندایە. زۆر لە كوڕان و كچانی كورد كە زۆربەیان لە وڵاتانی رۆژئاوا گەورەبوون و هەندێكیشیان هەر لەوێ لەدایكبوون، ئێستا لە هەولێر گیرساونەتەوەو هەندێكیان دەڵێن كە چیدی ناگەڕێنەوە ئەو وڵاتانەی لێوەی هاتوونەتەوە، هەندێكیش دەڵێن بۆ كاركردن هاتوونەتەوەو لەوانەیە بڕۆنەوە.
سارا نوری، كچێكی گەنجە و لە شاری لەندەن گەورەبووە، لە قاوەخانەی كۆستاریكا كە یەكێكە لەو شوێنە كەمانەی كوردە گەڕاوەكان كاتی خۆیانی تێدا بەسەر دەبەن، خەریكی خواردنەوەی قاوەیە.
سارا تەمەنی سێ ساڵان بووە كە خێزانەكەی لە بەغداوە چوونەتە بەریتانیا و ئیدی هەر لەوێ ژیاوە، دوای رووخانی رژێمی سەددام حوسێن، ئەوان گەڕانەوە كوردستان، لە ئەیلولی 2009 پاش تەواوكردنی ماستەرەكەی لە بواری یاسا، بووە فەرمانبەر لە ئەنجوومەنی وەزیران لە شاری هەولێر.
سارا دەڵێت “حەزمدەكرد بزانم ئایا دەتوانم بە چ شێوەیەك یارمەتی كوردستان بدەم بۆ ئەوەی پێشبكەوێت لەدوای رووخاندنی سەددام”.
بۆ زۆربەی ئەوانەی لەم ساڵانەدا گەڕاونەتەوە، پێشكەوتنی هەولێر هۆكارێكی سەرەكی بووە لە بڕیاری مانەوەیان و هەلی كاریش لەم وڵاتەی كە وڵاتی یەكەمی خۆیانە تاڕاددەیەكی باشە.
هەولێر لەگەڵ ئەوەی بەشێوەیەكی خێرا لە پێشكەوتندایە، بەڵام هێشتاش زۆر دوورە لەو ستانداردەی ژیان كە ئەوان لە رۆژئاوا پێی راهاتوون، كەواتە بۆچی رۆژئاوا بەجێدێڵن و دەگەڕێنەوە ئێرە؟
ئارەزوو جاف، لە لەندەن لەدایكبووە و لە هۆڵەندا گەورەبووە، هاوینی ساڵی رابردوو گەڕاوەتەوە هەولێر. ئارەزوو بۆ دۆزینەوەی كار روویكردووەتە كوردستان، كاتێكیش زانیویەتی زۆر كەسی دیكە لە رۆژئاواوە گەڕاونەتەوە، زیاتر دڵگەرم بووە بۆ ئەوەی لێرە بمێنێتەوە. ئارەزوو دەڵێ لەگەڵ ئەوەی ئەوان توانیویانە بەپێی توانای خۆیان یارمەتی وڵاتەكەیان بدەن، بەڵام لە بەرامبەریشدا وڵاتەكەیان هەلی كاری بۆ دۆزیونەتەوە، هەرچەندە ژیانی كوردستانیش وەك هەموو شوێنێكی دیكەی دنیا لایەنی پۆزەتیڤ و نێگەتیڤی هەیە.
عومەر محەممەد، كە گەڕاوەیەكی دیكەی تاراوگەیە و لە ئینگلتەرا لەدایكبووە و هەر لەوێ گەورەبووە، دەڵێت لەگەڵ كاركردن و هەستكردن بەوەی كە دەبێ یارمەتی وڵاتەكەی بدات، حەزیش دەكات لەنێو خەڵكەكەی خۆی بژی و چیدی هەست بەوە نەكات كە كەسێكی بیانییە.
زۆربەی ئەوانەی بەمجۆرە گەڕاونەتەوە، دەڵێن كە هەستدەكەن لە وڵاتی خۆیان دەژین سەرەڕای ئەوەی لێرە نەژیاون، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە دەرەوەی وڵات مامەڵەیان لەگەڵ كورد كردووە، ئەوە یارمەتیداون بۆئەوەی بەئاسانی لەگەڵ شێوازی ژیانی كوردستان بگونجێن.
بۆ دانیشتووانی نوێی ئەم شارە دێرینە، ئەو جێگۆڕكێیە رووبەڕووی چەندین گرفتیشی كردوونەتەوە.
هەندێ لە كچەكان دەڵێن كە ناتوانن بەتەواوی خۆیان تێكەڵی خەڵكی شارەكە بكەن و حەزدەكەن لەگەڵ خزم و كەسوكاریان مامەڵە بكەن، یانیش لەگەڵ ئەو كوردانەی كە وەك خۆیان لە تاراوگە گەڕاونەتەوە.
ئارەزوو بەبێ دوودڵی دەڵێت “حەزم لێرەیەو حەزم لە ئەوروپا نییە، بەڵام هەندێجاریش هەستدەكەی ژیانی ئێرە قورسە”.
كاتێك ئارەزوو بۆ یەكەمجار گەڕایەوە كوردستان، لەوبڕوایەدا نەبوو بتوانێ بەیەكجاری بمێنێتەوە، بەڵام كاتێك زانی كە زۆر كەسی وەك ئەو لەم شارە دەژین، بەرامبەر بیرۆكەی مانەوەی یەكجاری زیاتر كراوەتەوە.
عومەر دەڵێت كە توانیویەتی بەباشی تێكەڵاوی خەڵكی شارەكە ببێت، ئەو لەو بڕوایەدایە كە بۆ پیاو ئاسانترە خۆی لەگەڵ كەشوهەوا و شێوازی ژیانی ئێرە بگونجێنێ.
بۆ ساراش، كێشە گەورەكە لە جیاوازییەكانی خزمەتگوزاری تەندروستی و ژێرخان و پەروەردەدایە و هێشتا لەگەڵی رانەهاتووە.

لە ماڵپەرى (سەربەست) وەرگیراوە

No comments:

Post a Comment