Sunday, September 13, 2015

هاوڵاتیانی ئوسترالیا داوا دەکەن وڵاتەکەیان پەنابەر وەربگرێت

خه‌ڵكی شاری بریزبنی ئوسترالیا وه‌كو هه‌موو شاره‌كانی تری ئوسترالیا ڕژانه‌ سه‌ر شه‌قام و له‌ناو سه‌نته‌ری شار گردبوونه‌وه‌یه‌كیان ئه‌نجامدا بۆ ئەوەی وڵاتەکەیان پەنابەر بگرێتە خۆی.
له‌و گردبونه‌وه‌یه‌دا، خۆپیشانده‌ران داوایان له‌ حكومه‌تی فیدراڵی كرد كه‌ هه‌رچی زووه‌ بڕیاری وه‌رگرتنی په‌نابه‌رانی سوری و عێراقی ده‌ربكات بۆ ئه‌وه‌ی توشی نه‌هامه‌تی و كاره‌ساتی خنكان و مردن نه‌بنه‌وه‌.
ناوه‌ڕاستی ئاپۆرای جه‌ماوه‌ره‌كه‌ به‌ وێنه‌ی ئایلان كوردی ڕازێنرابووه‌وه‌ و له‌ زۆربه‌ی وتاری چالاكواناندا ناوی ئایلان و ئه‌و كاره‌ساته‌ی به‌سه‌ر خێزانه‌كه‌یدا هات ئاماژه‌ی پێدرا بوو.
خۆپیشانده‌ران ڕه‌خنه‌ی توندیان له‌ حكومه‌تی وڵاته‌كه‌یان گرت كه‌ ڕێوشوێنی توندی به‌رامبه‌ر په‌نابه‌ران و شوێنی حه‌وانه‌وه‌یان گرتووەته‌به‌ر و پێویسته‌ كۆتایی به‌م جۆره‌ ڕێكارانه‌ بهێنرێت. هه‌روه‌ها داوایان له‌ حكومه‌ته‌كه‌یان كرد كه‌ ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاوی په‌نابه‌رانی سوری و عێراقی وه‌ربگرێت كه‌ له‌ ئێستادا له‌ ڕێگادان بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا.
شایانی باسه‌ هه‌ر ئه‌م هه‌فته‌یه‌، حكومه‌تی ئوسترالیا به‌ ڕه‌سمی ڕایگه‌یاند كه‌ ١٢ هه‌زار په‌نابه‌ری عێراقی و سوری وه‌رده‌گرن و هیواشی خواست كه‌ یه‌كه‌م كاروانی ئه‌م په‌نابه‌رانه‌ له‌ پێش جه‌ژنی كریسمسدا بگاته‌ ئوسترالیا.
حكومه‌تی فیدراڵی ڕایگه‌یاند كه‌ كار له‌ سه‌ر كامپه‌كانی په‌نابه‌ران له‌ توركیا، لوبنان، ئه‌رده‌ن و عێراق ده‌كه‌ن بۆ ناونووسكردنی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌.

Thursday, September 10, 2015

ئالان و زەهرا، دوو چیرۆک و یەک چارەنوس

هه‌ژار ته‌ها


ڕەنگە نەتوانم بەهیچ شێوەیەک گوزارشت لە گیانلەدەستدانى کاکە ئالان و براو دایکى بکەم پاش ئەوەى کە کاکە ئالان بەتەنها وێنەیەک و خودى خۆى و لەپاش گیانلەدەستدانیشى توانى هەموو شتێک دەربارەى خۆى و خانەوادەکەى و گەشتەکەیان کە بە مەرگى خۆیان کۆتایى هات بڵێت. بۆیە هەموو میدیا جیهانیەکان کاتێک دەیانویست شتێکى نوێ لەسەر ئەو تراژیدیایە بڵێن بە ووشەى ” وێنە دڵتەزێنەکە ” دەستیان پێدەکردو هەر بەو ووشەیەش کۆتاییان پێهێناوە. تەنانەت ، هەر خودى کاکە ئالان کەسایەتیە جیهانیەکان و بەرپرسانى ووڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانیشى شەرمەزار کردو ئەوانیش ڕاستەوخۆ ئەویان دەدواند نەک کەسە زیندووەکان کە تەها شاهیدى گیانلەدەستدانى ئەون . بۆیە منیش هیچ شتێکى زیادەم پێنیە بۆ مەرگى کاکە ئالان جگەلەوەى مەرگى ئەو وەبیرهێنانەوەى کارەساتێکى تر بوو کە بە مەرگى خوشکێکى ترى لەپارچەیەکى ترى کوردستانەوە کۆتایى هات بەناوى زەهرا.
نزیکەى چواردە ساڵ لەمەوبەر و لەپاش دەربەدەرکردنى خانەوادەکەى لەلایەن حکومەتى عێراقەوە و بەسەربردنى چەندین ساڵ وەک پەناهەندە لە ووڵاتێکى دراوسێ، دواجار خانەوادەى زەهراى تەمەن حەوت ساڵ کەلە بنەچەدا کوردى فەیلى بوون خۆیان دەدەنە دەست قەدەرێکى هاوشێوەى قەدەرى خانەوادەى کاکە ئالان. بۆ ئەو کاتە ، نقومبوونى بەلەمەکەى ئەوان کەلە پێش گەشتنیان بە ئوسترالیا تێکشکا، گەورەترین ڕێکۆردى جیهانى بۆ خنکانى کۆچبەران تۆمار کرد کە تێیدا زیاتر لە 350 کەس بونە قوربانى و لەناویاندا 140 منداڵ هەبوون و بەشێکى بەرچاوى ئەو قوربانیانەش بەڕەگەز کورد بوون. ئەوەى باوکى زەهرا ، کەیەکێک بوو لە ڕزگاربووانى کارەساتەکە و مردنى هێواشى زەهراى کچى و خێزانەکەى بۆ میدیاکان لەو کاتەدا دەگێڕایەوە ، لە باوکى کاکە ئالان جیادەکاتەوە کە ئەوەیە کە قەدەر نەیهێشت ئەو ببێتە خاوەنى هەرهیچ نەبێت گۆرێک بۆ زەهراى کچى و بۆ هەتاهەتایە دەریا ئەوى لە باوکى بەجەستە دوورخستەوە .
لەپاش گیانلەدەستدانى زیاتر لە هەزاروچوارسەد کۆچبەر ودووبارەبوونەوەى چەندین چیرۆکى وەک تراژیدیاى زەهرا و تێپەڕبوونى زیاتر لە دەیەیەک بەسەرئەو ڕووداوانە ، حکومەتى ئەو ووڵاتە لە کۆتایەکانى ساڵى 2013 دا بڕیاریدا بە گێرانەوەى بەلەمى کۆچبەران بۆ ئەو ووڵاتەى لێوەى هاتوون و بەوەش حکومەتى ئەو ووڵاتە کۆچبەرانى ناچارکرد کە ڕێگەى دەریایى قاچاخ بەکار نەهێنن بۆ گەشتن بە ووڵاتە. واتە چیتر کۆچبەرانى جیهان بە گشتى و کۆچبەرانى کورد بە تایبەتى لەڕێگەى ئەو ووڵاتە گیانیانلەدەست نادەن بەڵام مردنى کۆچبەران لە پێگەیەکى ترى ئەم جیهانە بەردەوامە و مەرگى کاکە ئالان و خانەوادەکەشى ئەوەى دووپاتکردەوە کە ئێمەى کورد بەداخەوە هەمیشە بەشێکین لە تراژیدیەکانى جیهان و نازانین ئاخۆ ئەمجارەیان کەى و چۆن کۆتایى بە مەرگەساتى کۆچبەران بەگشتى و کۆچبەرانى کورد بەتایبەتى بۆ ئەوروپا دەهێنرێت .

هه‌ڵوێستی ئوسترالیا له‌باره‌ی ئایلان

له‌پاش بڵاوبوونه‌وه‌ى وێنه‌ی چه‌ند منداڵێكى خێزانێكى په‌نابه‌رى كورد كه‌له‌ كه‌نارئاوه‌كانى توركیادا گیانیان له‌ده‌ستدا، هێشتا كاردانه‌وه‌كان له‌سه‌ر ئاستى جیهان له‌به‌رامبه‌ر گیانله‌ده‌ستدانیان به‌رده‌وامه‌، تۆنى ئه‌بۆت سه‌رۆك وه‌زیرانى ئوسترالیا ڕایگه‌یاند كه‌ ده‌بێت ئه‌و وێنه‌ دڵته‌زێنانه‌ ئه‌وه‌ وه‌بیر وڵاتانى یه‌كێتى ئه‌وروپا بهێننه‌وه‌ كه‌ پلانى "وه‌ستاندنى به‌له‌مه‌كان" جێبه‌جێ بكه‌ن.
ئاوێنه‌: سیاسه‌تى "وه‌ستاندنى به‌له‌مه‌كان" ئه‌و پلانه‌یه‌ كه‌ له‌له‌لایه‌ن حكومه‌تى ئێستاى ئوسترالیاوه‌ پیاده‌ ده‌كرێت له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ى كه‌له‌رێگه‌ى ده‌ریاوه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن بگه‌نه‌ ئه‌و وڵاته‌و به‌وه‌ش كۆچبه‌رانى ده‌ریایى له‌پێش گه‌شتنیان به‌و وڵاته‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ ده‌ریایه‌كانى ئه‌و وڵاته‌وه‌ ده‌ستگیرده‌كرێن‌و ڕه‌وانه‌ى ئه‌و وڵاته‌ ده‌كرێنه‌وه‌ كه‌ به‌له‌مه‌كه‌ى لێوه‌ هاتوه‌. 
تۆنى ئه‌بۆت له‌درێژه‌ى وته‌كانیدا كه‌ئاڕاسته‌ى وڵاتانى یه‌كێتى ئه‌وروپاى كردوه‌، ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێت كۆتایى به‌خنكانى په‌نابه‌ران بهێنن، ئه‌وا به‌له‌مه‌كان ڕابگرن‌و كۆتایى به‌ كۆچى نایاسایى بهێنن، ئێمه‌ وامانكردو به‌قاچاخچیه‌كانمان وت كه‌ كۆتاییمان هێنا به‌بازرگانیه‌كه‌تان".
وته‌كانى تۆنى ئه‌بۆت ناڕه‌زایى توندى له‌سه‌ر ئاستى میدیاكانى جیهان لێكه‌وته‌وه‌، سه‌رنوسه‌رى ڕۆژنامه‌ى نیۆرك تایمز به‌توندى ڕه‌خنه‌ى له‌پێشنیاره‌كه‌ى تۆنى ئه‌بۆت بۆ ئه‌وروپا گرت‌و پیاده‌كرنى سیاسه‌تى گێرانه‌وه‌ى به‌له‌مى په‌نابه‌رانى به‌ "نامرۆڤانه‌" وه‌سفكرد.
پێشتریش ڕۆژنامه‌ى گاردیانى به‌ریتانى هۆشداریدا له‌سه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته‌و ڕایگه‌یاند بارودۆخى ئه‌و وڵاتانه‌ى به‌له‌مه‌كانى په‌نابه‌رانى لێوه‌ ده‌چن بۆ ئه‌وروپا زۆر ناسه‌قامگیرن و ناكرێت په‌نابه‌ران دیپۆرتى ئه‌و وڵاتانه‌ بكرێنه‌وه‌.   
ئالان وبراكه‌ى كه‌ به‌خانه‌واده‌ى ئایلان كوردى له‌میدیا جیهانیه‌كاندا ناسراون، هێشتا بابه‌تى دیبه‌یته‌ میدیایه‌كانن‌و ڕۆژنامه‌ى ده‌یلى مه‌یڵى به‌ریتانیش ئه‌وان وه‌ك سیمبوڵى قه‌یرانى په‌نابه‌ران له‌ئه‌وروپا وه‌سف ده‌كات.

دوو گەنجی گەرمیان لە رێگای هەنگاریا- نەمسا خنكان


 ئەمڕۆ 9ی ئەیلولی 2015، هەواڵی گیان لەدەستدانی دوو گەنجی تری كۆچبەر بە خێزانەكانیان لە ناحیەی پێبازی سنووری گەرمیان راگەیەندرا .

سەرچاوەیەكی نزیك لە بنەماڵەی‌ یەكێك لە قوربانییەكان، بە خەندان-ی‌ راگەیاند: "دوو گەنجی‌ ناحیەی پێباز كە دانیشتووی‌ شارۆچكەی‌ "باوەنوور" بوون، لە رێگەی‌ ئەوروپا گیانیان لەدەستدا".

بەپێی زانیارییەكانی‌ ئەو سەرچاوەیە، هەردوو گەنجەكە لە ناو ئەو بارهەڵگرەدابوون كە لە نەمسا دەستی‌ بەسەرداگیرا و 71 تەرمی‌ كۆچبەرانی‌ تێدابوو.

سەرچاوەكە ئاماژەی‌ بەوەشدا، كە ماوەی‌ نزیكەی‌ 20 رۆژ دەبێت، هەواڵی‌ دوو گەنجەكە نەبووە، تا دوێنێ برای‌ یەكێكیان كە دانشتووی‌ وڵاتێكی‌ ئەوروپییە، سەردانی‌ نەمسای‌ كردووە و دوای‌ وەرگرتنی‌ سامپڵ و پشكنینی DNA یان بۆ كردووە، دەركەوتووە یەكێك لە تەرمەكان براكەیەتی.

پێشتر میدیا جیهانییەكان، ئەوەیان بڵاوكردەوە، كە ئەو بارهەڵگرەی‌ لە كۆتایی مانگی‌ رابردوو لە نەمسا دەستی‌ بەسەردا گیرا و تەرمی‌ 71 كەسی‌ تێدابوو، پێشتر لەلایەن چەتەكانەوە ئەندامەكانی‌ لەشیان درەهێنراوە، بەڵام تا ئێستا پۆلیسی نەمسا ئەو زانیارییەی‌ بە فەرمی‌ رانەگەیاندووە.

دواتر لەلایەن پۆلیسی نەمساوییەوە 4 كەس دەستگیركران كە خاوەن و شۆفێری بارهەڵگرەكە بوون.

لای خۆشیەوە عومەر عەلی رۆژنامەنووس و چالاكوانی مەدەنی لە ناحیەی پێباز لەبارەی ناسنامەو كاری پێشووی ئەو دووگەنجەوە بە خەندانی راگەیاند: "ئیبراهیم عەلی، گەنجەكەی دەستی راستی وێنەكەیەو دەلاكخانەی هەبووە، گەنجەكەی تەنیشتیشی بەناوی (ئاسۆ حەمە ساڵح) پیشەی كاسب بووە.  هەردووكیشیان دانیشتووی ناحیەی پێبازن".

وتیشی: "ئەو دوو گەنجە لە رێگای (هەنگاریا - نەمسا) گیانیان لەدەستداوە، وەك دەوترێت لەو شاحینەیەدا گیانیان لەدەستداوە كە لە چەند رۆژی رابردوودا لە رێگای هەنگاریا-نەمسا، نزیكەی 71 كۆچبەر تیایدا گیانیان لەدەستدابوو".

ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا تەرمی ئەو دوو كۆچبەرە كوردە لە وڵاتی نەمسایە.

Wednesday, September 9, 2015

ئوسترالیا زیاتر له‌ ٢٥ هه‌زار په‌نابه‌ر وه‌رده‌گرێت

کۆچ بۆ ئوسترالیا و کۆچی کوردان 
بەر لە سەرى ساڵ ئوسترالیا ١٢ هەزار په‌نابه‌ری عێراقى و سورى وەردەگرێت. ئەو پەنابەرانەى وەردەگیرێن بڕیارە لە کامپەکانى ئوردن و لوبنان و تورکیا چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا بکرێت.
تۆنى ئابۆت سەرۆک وەزیرانى ئوسترالیا رایگەیاند ١٢ هەزار په‌نابه‌ری عێراقى و سوورى وەردەگرن جگە لەو ١٣ هەزارو ٧٥٠ په‌نابه‌ره‌ی کە ساڵانە لەسەر بنەماى مرۆیى وەریاندەگرن.
به‌مشێوه‌یه‌ ژماره‌ی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی ئوسترالیا له‌ ئه‌مساڵدا وه‌ریان ده‌گرێت ده‌بنه‌ ٢٥ هه‌زار و ٧٥٠ په‌نابه‌ر. 


Sunday, September 6, 2015

ئوسترالیا په‌نابه‌ری زیاتری عێراقی و سوری وه‌رده‌گرێت

کۆچی کوردان و کۆچ بۆ ئوسترالیا
تۆنى ئابۆت سەرۆک وەزیرانى ئوسترالیا رایگەیاند پەناخوازى زیاتر لە عێراق و سوریاوە وەردەگرین. سەرۆک وەزیرانى ئوسترالیا رایگەیاند کاریگەربووە بە وێنەى ئایلان بەڵام ژمارەى ئەو پەناخوازانەى ئوسترالیا ساڵانە وەردەگرێت سنووردارە، لەگەڵ ئەوەدا هەوڵدەدەین زۆرترین ژمارەیان عێراقى و سوورى بن. ئوسترالیا لەڕێگەى رێکخراوى کۆمسیۆنى باڵاى پەنابەرانى سەربە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ساڵانە سێزدە هەزار و حەوت سەد و پەنجا پەنابەر لەسەر بنەماى دۆخى مرۆیى وەردەگرێت. ساڵى ڕابردوو حکومەتى ئوسترالیا رایگەیاند ٤٥٠٠ پەنابەر لە رۆژهەڵاتى سوریا و باکوورى عێراقەوە وەردەگرێت.

Tuesday, September 1, 2015

هه‌واڵێکی ناخۆش بۆئه‌وانه‌ی کۆچ بۆ هۆڵه‌ندا ده‌که‌ن

ڕۆژنامه‌ی‌ ئیندیپێندانتی‌ به‌ریتانی‌ ئاشكرایكرد حكومه‌تی‌ هۆڵه‌ندا له‌ پلانیدایه‌ كه‌ چیتر خۆراك و شوێنی‌ حه‌وانه‌وه‌ نه‌دات به‌و په‌ناخوازانه‌ی‌ كه‌ كه‌یسه‌كانیان ڕه‌تكراوه‌ته‌وه‌. به‌گوێره‌ی‌ زانیاریه‌كانی‌ ڕۆژنامه‌كه‌، ئه‌م ڕێوشوێنه‌ نوێیانه‌ش، كه‌ بڕیاره‌ له‌ مانگی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ ئه‌مساڵه‌وه‌ جێبه‌جێبكرێت، وه‌ك هه‌وڵێكی‌ ئێستای‌ حكومه‌تی‌ ئه‌و وڵاته‌یه‌ بۆڕاكێشانی‌ ده‌نگ‌و سۆزی‌ ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ كه‌ به‌ ده‌نگده‌ری‌ دژه‌كۆچ ناسراون. له‌ناوه‌ڕۆكی‌ ڕێوشوێنه‌ نوێیه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ له‌پاش مانگی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ ئه‌مساڵه‌وه‌، ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ی‌ كه‌یسه‌كانیان ڕه‌تكراوه‌ته‌وه‌ ماوه‌ی‌ یه‌ك مانگیان ده‌درێتێ‌ پێش ئه‌وه‌ی‌ دیپۆرتبكرێنه‌وه‌ یان ئاگادار ده‌كرێنه‌وه‌ به‌وه‌ی‌ كه‌ خۆیان مشوری‌ خۆیان بخۆن، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ بڕینی‌ خۆراك‌و پێداویستیه‌ سه‌ره‌تایه‌كانی‌ تری‌ وه‌ك شوێنی‌ حه‌وانه‌وه‌.
هاوكات، مارك ڕوت، سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ هۆڵه‌ندا، پشتگیری‌ خۆی‌ بۆ ئه‌و ڕێوشوێنه‌ نوێیانه‌ دوپاتكرده‌وه‌و ڕایگه‌یاند بڕینی‌ ئه‌و هاوكاریانه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ ده‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ وڵاته‌كانی‌ خۆیان‌و حكومه‌تی‌ وڵاته‌كانیشیان ئاماده‌ن وه‌ریانبگرنه‌وه‌ له‌پاش ئه‌وه‌ی‌ كه‌یسه‌كانیان ڕه‌تكراوه‌ته‌وه‌. به‌پێی‌ ئاماری‌ فه‌رمی‌ ده‌زگای‌ ئاماری‌ فه‌رمی‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپاش (یۆرۆستات)، له‌ساڵی‌ ڕابردودا 18 هه‌زار و 790 كه‌س داوای‌ مافی‌ په‌نابه‌رێتیان له‌هۆڵه‌ندا كردووه‌و له‌و ژماره‌یه‌ش تا ئێستا 6 هه‌زار و 250 كه‌سیان كه‌یسه‌كانیان ڕه‌تكراوه‌ته‌وه‌و ئه‌و ڕێوشوێنه‌ تازانه‌ش ده‌یانگرێته‌وه‌.
هاوكات، ئاژانسی‌ هه‌واڵی‌ سكای‌ نیوز ئاماری‌ ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی‌ ئاشكراكرد كه‌له‌ماوه‌ی‌ ساڵی‌ ڕابردودا له‌ ئوسترالیا وه‌رگیراون‌و هه‌مویان له‌پاش یه‌كلایكردنه‌وه‌ی‌ كه‌یسه‌كانیان له‌لایه‌ن یوئێنه‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌كی‌ یاسایی‌ گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌و ووڵاته‌. وه‌ك ئاژانسه‌كه‌ ئاماژه‌ی‌ بۆ ده‌كات، ئوسترالیا له‌ ساڵی‌ ڕابردودا، زیاتر له‌ 11 هه‌زار و 500 په‌نابه‌ری‌ وه‌رگرتووه‌، به‌وه‌ش ئوسترالیا، به‌به‌راود به‌ژماره‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌‌و سامانی‌ نیشتمانی‌ ئه‌و وڵاتـه‌، بووه‌ به‌یه‌كێك له‌كراوه‌ترین ووڵاتانی‌ جیهان بۆ وه‌رگرتنی‌ په‌نابه‌ری‌ یاسایی‌ كه‌له‌ڕێگه‌ی‌ یوئێنه‌وه‌ داوای‌ مافی‌ په‌نابه‌رێتیان كردووه‌.
پێشنیاری‌ وه‌رگرتن و دابه‌شكردنی‌ په‌نابه‌ران له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ژماره‌ی‌ دانیشتوان‌و سامانی‌ نیشتمانی‌ هێشتا له‌ وڵاتانی‌ ئه‌وروپا نه‌بۆته‌ بڕیار سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ داواكاری‌ به‌شێكی‌ به‌رچاوی‌ ئه‌و وڵاته‌ ئه‌وروپیانه‌یه‌ به‌هۆی‌ نزیكی‌ سنوره‌كانیان له‌ وڵاتانی‌ په‌نابه‌ران كه‌وتونه‌ته‌ ژیر فشارێكی‌ زۆری‌ لێشاوی‌ په‌نابه‌ران. جگه‌له‌ هۆڵه‌نداش، له‌ ئه‌وروپا، فله‌نداش یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ی‌ كه‌ مافی‌ خواردن‌و حه‌وانه‌وه‌ یان به‌گشتی‌ مافی‌ " پشتگیری‌ سه‌ره‌تایی‌ " ناداته‌ ئه‌و په‌ناخوازانه‌ی‌ كه‌یسه‌كانیان ڕه‌تكراوه‌ته‌وه‌.
هاوكات له‌گه‌ڵ توندكردنی‌ ڕێوشوێنه‌كانی‌ كۆچ‌و كۆچبه‌ری‌ نایاسایی‌ له‌لایه‌ن به‌شێك له‌وڵاتانی‌ جیهان، ئاژانسه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانی‌ یوئێن داوا له‌ وڵاتان هاوكاریه‌كانیان بۆ په‌ناخوازان ڕانه‌گرن‌و داوا ی‌ به‌رده‌وامی‌ هاوكاریه‌ مرۆیه‌ سه‌ره‌تایه‌كان ده‌كات بۆ په‌ناخوازان به‌بێ‌ گوێدانه‌ هیچ مه‌رجێك. سه‌رچاوه‌كان: ماڵپه‌ری‌ ڕۆژنامه‌ی‌ ئیندیپێندانت، ماڵپه‌ری‌ سكای‌ نیوز