Thursday, September 10, 2015

ئالان و زەهرا، دوو چیرۆک و یەک چارەنوس

هه‌ژار ته‌ها


ڕەنگە نەتوانم بەهیچ شێوەیەک گوزارشت لە گیانلەدەستدانى کاکە ئالان و براو دایکى بکەم پاش ئەوەى کە کاکە ئالان بەتەنها وێنەیەک و خودى خۆى و لەپاش گیانلەدەستدانیشى توانى هەموو شتێک دەربارەى خۆى و خانەوادەکەى و گەشتەکەیان کە بە مەرگى خۆیان کۆتایى هات بڵێت. بۆیە هەموو میدیا جیهانیەکان کاتێک دەیانویست شتێکى نوێ لەسەر ئەو تراژیدیایە بڵێن بە ووشەى ” وێنە دڵتەزێنەکە ” دەستیان پێدەکردو هەر بەو ووشەیەش کۆتاییان پێهێناوە. تەنانەت ، هەر خودى کاکە ئالان کەسایەتیە جیهانیەکان و بەرپرسانى ووڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانیشى شەرمەزار کردو ئەوانیش ڕاستەوخۆ ئەویان دەدواند نەک کەسە زیندووەکان کە تەها شاهیدى گیانلەدەستدانى ئەون . بۆیە منیش هیچ شتێکى زیادەم پێنیە بۆ مەرگى کاکە ئالان جگەلەوەى مەرگى ئەو وەبیرهێنانەوەى کارەساتێکى تر بوو کە بە مەرگى خوشکێکى ترى لەپارچەیەکى ترى کوردستانەوە کۆتایى هات بەناوى زەهرا.
نزیکەى چواردە ساڵ لەمەوبەر و لەپاش دەربەدەرکردنى خانەوادەکەى لەلایەن حکومەتى عێراقەوە و بەسەربردنى چەندین ساڵ وەک پەناهەندە لە ووڵاتێکى دراوسێ، دواجار خانەوادەى زەهراى تەمەن حەوت ساڵ کەلە بنەچەدا کوردى فەیلى بوون خۆیان دەدەنە دەست قەدەرێکى هاوشێوەى قەدەرى خانەوادەى کاکە ئالان. بۆ ئەو کاتە ، نقومبوونى بەلەمەکەى ئەوان کەلە پێش گەشتنیان بە ئوسترالیا تێکشکا، گەورەترین ڕێکۆردى جیهانى بۆ خنکانى کۆچبەران تۆمار کرد کە تێیدا زیاتر لە 350 کەس بونە قوربانى و لەناویاندا 140 منداڵ هەبوون و بەشێکى بەرچاوى ئەو قوربانیانەش بەڕەگەز کورد بوون. ئەوەى باوکى زەهرا ، کەیەکێک بوو لە ڕزگاربووانى کارەساتەکە و مردنى هێواشى زەهراى کچى و خێزانەکەى بۆ میدیاکان لەو کاتەدا دەگێڕایەوە ، لە باوکى کاکە ئالان جیادەکاتەوە کە ئەوەیە کە قەدەر نەیهێشت ئەو ببێتە خاوەنى هەرهیچ نەبێت گۆرێک بۆ زەهراى کچى و بۆ هەتاهەتایە دەریا ئەوى لە باوکى بەجەستە دوورخستەوە .
لەپاش گیانلەدەستدانى زیاتر لە هەزاروچوارسەد کۆچبەر ودووبارەبوونەوەى چەندین چیرۆکى وەک تراژیدیاى زەهرا و تێپەڕبوونى زیاتر لە دەیەیەک بەسەرئەو ڕووداوانە ، حکومەتى ئەو ووڵاتە لە کۆتایەکانى ساڵى 2013 دا بڕیاریدا بە گێرانەوەى بەلەمى کۆچبەران بۆ ئەو ووڵاتەى لێوەى هاتوون و بەوەش حکومەتى ئەو ووڵاتە کۆچبەرانى ناچارکرد کە ڕێگەى دەریایى قاچاخ بەکار نەهێنن بۆ گەشتن بە ووڵاتە. واتە چیتر کۆچبەرانى جیهان بە گشتى و کۆچبەرانى کورد بە تایبەتى لەڕێگەى ئەو ووڵاتە گیانیانلەدەست نادەن بەڵام مردنى کۆچبەران لە پێگەیەکى ترى ئەم جیهانە بەردەوامە و مەرگى کاکە ئالان و خانەوادەکەشى ئەوەى دووپاتکردەوە کە ئێمەى کورد بەداخەوە هەمیشە بەشێکین لە تراژیدیەکانى جیهان و نازانین ئاخۆ ئەمجارەیان کەى و چۆن کۆتایى بە مەرگەساتى کۆچبەران بەگشتى و کۆچبەرانى کورد بەتایبەتى بۆ ئەوروپا دەهێنرێت .

No comments:

Post a Comment