Thursday, September 10, 2015

دوو گەنجی گەرمیان لە رێگای هەنگاریا- نەمسا خنكان


 ئەمڕۆ 9ی ئەیلولی 2015، هەواڵی گیان لەدەستدانی دوو گەنجی تری كۆچبەر بە خێزانەكانیان لە ناحیەی پێبازی سنووری گەرمیان راگەیەندرا .

سەرچاوەیەكی نزیك لە بنەماڵەی‌ یەكێك لە قوربانییەكان، بە خەندان-ی‌ راگەیاند: "دوو گەنجی‌ ناحیەی پێباز كە دانیشتووی‌ شارۆچكەی‌ "باوەنوور" بوون، لە رێگەی‌ ئەوروپا گیانیان لەدەستدا".

بەپێی زانیارییەكانی‌ ئەو سەرچاوەیە، هەردوو گەنجەكە لە ناو ئەو بارهەڵگرەدابوون كە لە نەمسا دەستی‌ بەسەرداگیرا و 71 تەرمی‌ كۆچبەرانی‌ تێدابوو.

سەرچاوەكە ئاماژەی‌ بەوەشدا، كە ماوەی‌ نزیكەی‌ 20 رۆژ دەبێت، هەواڵی‌ دوو گەنجەكە نەبووە، تا دوێنێ برای‌ یەكێكیان كە دانشتووی‌ وڵاتێكی‌ ئەوروپییە، سەردانی‌ نەمسای‌ كردووە و دوای‌ وەرگرتنی‌ سامپڵ و پشكنینی DNA یان بۆ كردووە، دەركەوتووە یەكێك لە تەرمەكان براكەیەتی.

پێشتر میدیا جیهانییەكان، ئەوەیان بڵاوكردەوە، كە ئەو بارهەڵگرەی‌ لە كۆتایی مانگی‌ رابردوو لە نەمسا دەستی‌ بەسەردا گیرا و تەرمی‌ 71 كەسی‌ تێدابوو، پێشتر لەلایەن چەتەكانەوە ئەندامەكانی‌ لەشیان درەهێنراوە، بەڵام تا ئێستا پۆلیسی نەمسا ئەو زانیارییەی‌ بە فەرمی‌ رانەگەیاندووە.

دواتر لەلایەن پۆلیسی نەمساوییەوە 4 كەس دەستگیركران كە خاوەن و شۆفێری بارهەڵگرەكە بوون.

لای خۆشیەوە عومەر عەلی رۆژنامەنووس و چالاكوانی مەدەنی لە ناحیەی پێباز لەبارەی ناسنامەو كاری پێشووی ئەو دووگەنجەوە بە خەندانی راگەیاند: "ئیبراهیم عەلی، گەنجەكەی دەستی راستی وێنەكەیەو دەلاكخانەی هەبووە، گەنجەكەی تەنیشتیشی بەناوی (ئاسۆ حەمە ساڵح) پیشەی كاسب بووە.  هەردووكیشیان دانیشتووی ناحیەی پێبازن".

وتیشی: "ئەو دوو گەنجە لە رێگای (هەنگاریا - نەمسا) گیانیان لەدەستداوە، وەك دەوترێت لەو شاحینەیەدا گیانیان لەدەستداوە كە لە چەند رۆژی رابردوودا لە رێگای هەنگاریا-نەمسا، نزیكەی 71 كۆچبەر تیایدا گیانیان لەدەستدابوو".

ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا تەرمی ئەو دوو كۆچبەرە كوردە لە وڵاتی نەمسایە.

No comments:

Post a Comment