Monday, October 14, 2013

دواهەمین گۆڕانکارى و هەواڵى کۆچ بۆ ئوسترالیا



تایبەت بە بلۆگەکانى کۆچ بۆ ئوسترالیا و کۆچى کوردان
وەزیرى کۆچى ئوسترالى سکۆت مۆریسۆن هەفتەى ڕابردوو سەردانى ناوروى کرد بۆئەوەى دیدار سازبدات لەگەڵ بەرپرسانى حکومى لەو وڵاتەدا، و بەدواداچوون بکات بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەى ناوەندى دەستبەسەرکردنى پەناخوازان و پەیامى ڕاستەوخۆى خۆى بەو پەناخوازانە بگەیەنێت کە لەوێ دەژى. پێى گوتن کە ئەوانە لەلایەن قاچاخچیەکانەوە فێڵیان لێکراوەو هەرگیز ڕێگەیان پێنادرێت لە ئوسترالیا بژین. کاتێک سکۆت گەڕایەوە سیدنى بە پەیامنێرانى گوت: من دڵخۆش بووم کە زانیم کاتێک لەوێ بووم نزیکەى 30 کەس لەوێ بەنیازى گەڕانەوە بوون بۆ ئەو وڵاتەى لێوەى هاتبوون. هەروەها گوتى پڕۆسەى گەڕاندنەوەى پەناخوازانى نایاسایى کاردەکات ئەگەر خەڵکى بیانەوێت بگەڕێنەوە وڵاتەکەى خۆیان. 
لەلایەکى ترەوە لە 4ى ئۆکتۆبەرەوە تەنها یەک بەلەمى پەناخوازان گەیستۆتە ئوسترالیا و ئەمەش ئاماژەیەکى ئاشکراى دابەزینى ژمارەى پەناخوازانە لەسەردەمى حکومەتى نوێدا. ساڵى ڕابردوو کۆى 44 بەلەم و 2255 کەس گەیشتنە ئەو وڵاتە. هەروەها حکومەت زانیارییەکانى بەتەواوى نابەخشێت بە میدیاکان و تەنها هەفتانە ڕاپۆۆت بڵاودەکاتەوە. ئەو وێنەیەى کە لەگەڵ ئەم هەواڵەدا بڵاوکراوەتەوە بە ئاشکرایى ئەوە دەردەخات کە شێوازى بەرەنگاربوونەوەى حکومەت بۆ پڕۆسەى سەروەرى خاکەکەیان لەژێر فەرماندەى ئاسمانى مارشالڵ مارک بینسکین چۆنە. ئەو فەرماندەیە ئاماژەى بەوەدا کە ئێمە باس لە تەکنیکەکانمان و شێوازى ڕوبەڕووبوونەوەکانمان ناکەین و چونکە ئەەوە زانیارى دەبەخشێت بە قاچاخچیەکان. 
لەماوەى بڵاوکردنەوەى ڕاپۆرتەکانى 4-11ى مانگدا 111 کەس گوازراونەتەوە بۆ ناورو. لەوکاتەوەى ئەو ئۆپەراسیۆنە دەستى پێکردووە، کە سێ هەفتە دەبێت، 215 کەس کە بە بەلەم گەیشتوون ڕەوانەى دەرەوەى خاکەکانى ئوسترالیا کراون لە ناورو ودوورگەى ماونوس. هەروەها ڕۆژى هەینى 1059 کەس کە بەبەلەم هاتبوون گەیەنرانە دوورگەى ماونوس و 800 بۆ ناورو. 
لە 8ى سێپتەمبەرى ئەمساڵەوە 17 بەلەم کە 550 سەرنشینیان لەخۆیان هەڵگرتبوو ڕێگریان لێکراوە لە ئیندۆنیزیاوە بەرەو ئوسترالیا بچن. ئەمەش بەهۆى هاریکارییەکانى نێوان حکومەتى ئوسترالى و ئیندۆنیزى. هەروەها پۆلیسى ئیندۆنیزى توانویەتى هەشت کەس دەستگیر بکات کە پێنجیان تیمى بەلەمەکە بوون، ئەمانەش ئامانجى گرنگن. کە ئەوانە هاریکارى و ڕێکخستن دەکەن بۆ کۆچى پەناخوازان بەشێوەیەکى نایاسایى بەرەو ئوسترالیا. 
لە ناورو حکومەتى ئوسترالى باڵەخانەى تەندروستى بنیات دەنێت. لەناو ئەو باڵەخانانەدا نەخۆشخانەى تێدایە کە زیاتر بەشێوەیەکى بەرفراوان بۆ ئافرەتانى دووگیانە و چاودێرى کردنى منداڵان. جێگەى باسە کە وەزیرى کۆچى ئوسترالى ڕایگەیاندووە هیچ جیاوازییەک بە ئافرەتان و منداڵان ناکرێت و هەموویان ڕەوانەى دەرەوەى خاکەکانى ئوسترالیا دەکرێن بۆئەوەى کەیسەکانیان هەڵسەنگێنرێن.


Sunday, October 13, 2013

لەئیتاڵیا بەلەمێكی تر ژێرئاو دەكەوێت و بەدەیان كەس دەبنە قوربانی


حكومەتی ئیتاڵیا رایگەیاندووە، دوێنێ‌ بەلەمێكی دەریایی لەكەنارەكانی ووڵاتەكەی ژێرئاو كەوتووەو لەئەنجامیشدا بەدەیان كەس گیانیان لەدەستداوە.

ئاژانسی بی بی سی بڵاویكردۆتەوە، دوێنێ‌ بەلەمێك بەنزیكەی 200 سەرنشینەوە لەنێوان توونس و دوورگەی سقلیە ژێرئاو كەوتووەو بەپێی ئامارە سەرەتاییەكان لایەنی كەم بەدەیان كەس گیانیان لەدەستداوە.


لەلایەن خۆشیەوە ووتەبێژی هێزی دەریایی ئیتاڵی رایگەیاندووە، ئەوان لەحاڵی ئێستا سەرقاڵی گەڕان و پشكنینن بۆ ئەوەی تەرمەكان لەناو ئاودا دەربهێنن و تاكو ئێستاش 120 تەرمیان دەرهێناوە.


ئەمەو هەفتەی رابردووش لەكەنارەكانی ئیتاڵیاو نزیك دوورگەی لامبیدۆسا لایەنی كەم 274 كەس ژێرئاوا كەوتن كەزۆرینەیان هاوڵاتیانی ئەریتریاو سۆماڵ بوون.


كۆچ به‌ره‌و ئوسترالیا سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه‌



ئه‌و ده‌مه‌ی‌ عه‌باس ته‌میمی‌ گه‌یشته‌ ئوستورالیا، ئاهێكی‌ به‌به‌ردا هاته‌وه‌و گه‌یشته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی‌ خه‌ونه‌كه‌ی‌ هاتووه‌ته‌ دی‌، عه‌باس له‌گه‌ڵ‌ ژماره‌یه‌ك كۆچبه‌ری‌ نایاسایی‌ ساڵی‌ 2011 خۆی‌ گه‌یانده‌ ئه‌ندۆنیسیاو له‌وێشه‌وه‌ بۆ ئوستورالیا، به‌ڵام ئه‌مڕۆ وه‌كو سه‌ردانكه‌ر گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ شاره‌كه‌ی‌ خۆی‌ كه‌ربه‌لا.

ته‌میمی‌ ده‌ڵێت "بۆ سه‌ردانی‌ كه‌سوكاره‌كه‌م گه‌ڕاومه‌ته‌وه‌و نیازم وایه‌ دوو مانگ بمێنمه‌وه‌، پاش ئه‌وه‌ بارگه‌و بنه‌ ئه‌پێچمه‌وه‌و ده‌چمه‌وه‌ بۆ ئوستورالیا، چونكه‌ پێم وایه‌ ئه‌وێ‌ وڵاتی‌ خه‌ونه‌كانمه‌و هه‌ر له‌وێ‌ ئازادی‌‌و كه‌سایه‌تی‌‌و كیانی‌ خۆمم دۆزیوه‌ته‌وه‌".

 حازر جه‌میل كه‌ دانیشتوویه‌كی‌ تری‌ ئه‌و پارێزگایه‌یه‌و پاش گه‌شتێكی‌ پڕ له‌ده‌رده‌سه‌ری‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، ئه‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "گه‌شته‌كه‌مان هیچ ئاسان نه‌بوو، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ دوانزه‌ هه‌زار دۆلارم خه‌رجكرد، له‌كه‌ناره‌كانی‌ ئه‌ندۆنیسیاوه‌ به‌گه‌شتێكی‌ پڕ له‌سه‌ركێشی‌ ده‌ریایی‌ گه‌یشتمه‌ ئوستورالیا".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "حه‌ڤده‌ رۆژ له‌ناو زه‌ریای‌ ئارامدا بوین، پاش گه‌یشتنم چوار مانگ له‌كامپی‌ په‌نابه‌ران مامه‌وه‌و پاش ئه‌وه‌ی‌ پشكنیكی‌ ته‌ندروستیم بۆ كراو لێكۆڵینه‌وه‌م له‌گه‌ڵ‌ كرا، ئینجا ئازادیان كردم، ئه‌مڕۆش له‌هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌دام خێزانه‌ پێنج كه‌سییه‌كه‌م ببه‌مه‌ ئه‌وێ‌".
نبراس تالیب له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ له‌بیری‌ ئه‌وه‌دایه‌ كه‌ربه‌لا به‌ره‌و ئوستورالیا جێبهێڵێت، له‌مڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت "زۆرشت هه‌یه‌ پاڵم پێوه‌ ده‌نێت بۆ كۆچكردن، له‌نێویاندا بێكاری‌، چونكه‌ ئه‌مڕۆ كه‌س به‌بێ‌ واسیته‌ دانامه‌زرێت".

 هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "كاتێك كه‌وتمه‌ پرسیاركردن، تێگه‌یشتم گه‌یشتن به‌ئوستورالیا سیانزه‌ هه‌زار دۆلاری‌ ده‌وێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ گه‌شتێكی‌ پڕ له‌سه‌ركێشییه‌‌و ده‌یان كه‌س به‌وهۆیه‌وه‌ بوونه‌ته‌ قوربانی‌، منیش له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ پاره‌كه‌م بۆ كۆناكرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش ده‌زانم كه‌ قاچاخچییه‌كان قۆڵبڕن، بۆیه‌ له‌و هه‌نگاوه‌ په‌شیمان بوومه‌ته‌وه‌".

 چه‌ندین كه‌سی‌ تر له‌هاوڵاتیانی‌ كه‌ربه‌لا له‌وانه‌ی‌ چه‌ند ساڵێكیشه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵاتن، خه‌ون به‌وه‌وه‌ ده‌بینن رۆژێك بێت‌و بتوانن بگه‌نه‌ ئوستورالیا.

 حسێن قوسه‌ی‌ كه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ كه‌ربه‌لای‌ جێهێشتووه‌و له‌یۆنان نیشته‌جێیه‌، له‌بیری‌ ئه‌وه‌دایه‌ ئه‌ویش به‌ره‌و ئوستورالیا به‌ڕێبكه‌وێت تا له‌وێ‌ وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت خه‌ونی‌ مانه‌وه‌و كاركردن بێنێته‌ دی‌، حسێن هۆكاری‌ جێهێشتنی‌ یۆنان ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی‌ بێكاری‌‌و داڕمانی‌ ئابوری‌.
 له‌مڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت "پاش ئه‌وه‌ی‌ ساڵێك به‌ر له‌ئێستا گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ عێراق، نه‌متوانی‌ دابمه‌زرێم، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر بزانم سه‌ریشم داده‌نێم ئه‌وا هه‌ر به‌ره‌و ئوستورالیا ده‌كه‌ومه‌ ڕێ‌".

 موهه‌نه‌د فازل دۆخێكی‌ تری‌ به‌سه‌ردا هاتووه‌ كاتێك هاوشێوه‌ی‌ كه‌ربه‌لاییه‌كانی‌ تر رووی‌ كردووه‌ته‌ ئه‌ندۆنیسیا تا له‌وێوه‌ به‌ره‌و ئوستورالیا بكه‌وێته‌ ڕێ‌، به‌ڵام له‌وێ‌ قاچاخچییه‌كان قۆڵیان بڕیوه‌و كاتێكی‌ زانیوه‌ نۆ هه‌زار دۆلاریان لێبردووه‌.

موهه‌نه‌د ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌گه‌ڵ‌ قاچاخچییه‌كدا رێكه‌وتووه‌ بیگه‌ێنێته‌ دورگه‌ی‌ كریسمسی‌ سه‌ر به‌ئوستورالیا كه‌ 300 كیلۆمه‌تر له‌ئه‌ندۆنیسیاوه‌ دووره‌، به‌ڵام هه‌ر له‌وێ‌ قاچاخچییه‌كان پۆلیسیان ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌و سه‌رجه‌م كۆچبه‌ره‌كان گیراون‌و پاره‌كان خواردوون.

موهه‌نه‌د ده‌ڵێت "به‌رهه‌ر حاڵێك بوو له‌ئه‌ندۆنیسیا نه‌جاتم بوو، ئێستا له‌هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌دام جارێكی‌ تر پاره‌ كۆبكه‌مه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بكه‌ومه‌وه‌ رێ‌".

 ئه‌یمه‌ن عامری‌ كه‌ ئه‌ویش خاوه‌نی‌ كارگه‌یه‌كی‌ ئه‌له‌منیۆمه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ دووچاری‌ فێڵ لێكردن بووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌میان له‌لایه‌ن كه‌سێكی‌ عێراقییه‌وه‌، كاتێك پێی‌ وتووه‌ ئه‌گه‌ر دوانزه‌ هه‌زار دۆلاری‌ بداتێ‌ بۆ ئوستورالیا رایده‌كێشێت، به‌ڵام پاره‌كه‌شی‌ خوراوه‌و نه‌یشگه‌یشتووه‌ته‌ جێ‌.

 ئه‌یمه‌ن ئه‌مڕۆ هه‌موو بیری‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ چۆن ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ به‌ده‌ست بهێنێته‌وه‌ كه‌ حه‌واڵه‌ی‌ كردووه‌، به‌ڵام پێناچێت ئه‌نجامی‌ هه‌بێت.

ئه‌زموونێكی‌ تری‌ گه‌یشتن به‌ئوستورالیا فازیل جبوری‌ ده‌یگێڕێته‌وه‌، كاتێك به‌شانزه‌ رۆژ له‌ناو ئاودا ئینجا گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و وڵاته‌و له‌وێ‌ مافی‌ مانه‌وه‌ی‌ كاتی‌ بۆ سێ‌ مانگ وه‌رگرتووه‌.

جبوری‌ وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت نه‌یتوانیوه‌ به‌رگه‌ی‌ غه‌ریبی‌ بگرێت، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ خێزانه‌كه‌ی‌ له‌كه‌ربه‌لا ماونه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ بڕیاری‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ داوه‌و ئێستا له‌عێراق نیشته‌جێیه‌.

گه‌یشتن به‌ئوستورالیا ئه‌مڕۆ بووه‌ته‌ خه‌ونی‌ زۆرێك له‌دانیشتوانی‌ كه‌ربه‌لا، به‌شێكی‌ زۆر له‌وانه‌ هه‌وڵیان داوه‌و به‌ده‌ستی‌ به‌تاڵ‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، ئه‌وانه‌شی‌ گه‌یشتوون ده‌رده‌سه‌ری‌ زۆریان بینیوه‌، به‌ڵام تیاشیاندایه‌ وه‌ك عه‌باس ته‌میمی‌ كه‌ جێگیربوون له‌و وڵاته‌ هه‌موو ئێش‌و ده‌رده‌سه‌رییه‌كانی‌ بیر بردووه‌ته‌وه‌.

‌نیقاش-ئیبراهیم ئەلجبوری - كه‌ربه‌لا 

Tuesday, October 8, 2013

یه‌که‌مین خوێندنگه‌ی بازرگانی به‌ریتانی له‌ عێراقدا بۆ خوێندنی یه‌ک ساڵی و دوو ساڵی


1381262_594948587235162_1915845764_n
یه‌که‌مین خوێندنگه‌ی بازرگانی به‌ریتانی له‌ عێراقدا بۆ خوێندنی یه‌ک ساڵی و دوو ساڵی و به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌ بزنز و به‌ڕێوه‌بردندا
(LSBM) ئاگاداری گشت ئاره‌زومه‌ندانی کۆرسه‌کانی بواری بزنز و به‌ڕێوه‌بردن ده‌کاته‌وه‌ که‌ له‌ به‌رواری (08-10-2013)ه‌وه‌ ده‌ست ده‌کرێت به‌ ناونوسین بۆ هه‌رکه‌سک که‌ خوازیاری ده‌ستپێکردن ئه‌م کۆرسانه‌ی هه‌بێت له‌ مانگی (۱۲ ی ۲۰۱۳) ه‌وه‌.
زانیاری له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ی بڕوانامه‌ به‌خش و مه‌رجه‌کانی وه‌رگرتنی خوێندکاران له‌م خێندنگه‌یه‌دا:

دامه‌زراوه‌ی بڕوانامه‌ به‌خشی به‌ریتانی: Pearson Edexcel

ژماره‌ی مۆڵه‌تی به‌ریتانیا: 91098 

ناوی خوێندنگه‌: London School For Business & Management 

ناوی بڕوانامه‌: BTEC Business

ئاسته‌کانی بڕوانامه‌ BTEC Level 3, Level 4 & Level 5
ناو و ئاستی کۆرسه‌کان بۆ ساڵی یه‌که‌می خوێندن (2014 - 2013)
BTEC Level 3 Diploma in (Business, Administration, Human Resource, Management, Marketing)
ماوه‌ی ته‌واوکردنی هه‌ر کۆرسێک/ئاستێک: (۱) ساڵ

کاته‌کانی کۆرس: دوانیوه‌ڕوان - ئێواران. ( ۲ تا ۳ کاتژمێر له‌ ڕۆژێکدا)

ڕۆژانی وانه‌ خوێندن: (6) ڕۆژ له‌ هه‌فته‌یه‌کدا.

(۳) ڕۆژ له‌ هه‌فته‌یه‌کدا بۆ خوێندنی پرۆگرامی بزنز. وه‌ (۳) ڕۆژیتر له‌ هه‌فته‌یه‌کدا بۆ خوێندنی (زمانی ئینگلیزی و پرۆگرامی ICDL) بۆ ئه‌و به‌شداربووانه‌ی پێویستیان به‌ به‌هێزکردنی زمانی ئینگلیزی و زانستی کۆمپیوته‌ره‌. (ئیختیاری - Optional). 

مامۆستایانی وانه‌ بێژ: مامۆستایانی زانکۆن و خاوه‌نی بڕوانامه‌ی دکتۆرا و ماسته‌رن له‌ بزنز و کارگێڕیدا له‌ زانکۆکانی به‌ریتانیا و ئه‌مریکادا.
تێبینی/ -1 له‌م ساڵی خوێندندا (2013 – 2014) ته‌نها (BTEC Level 3 - Diploma) ده‌خوێندرت و له‌ساڵانی داهاتوودا (BTEC Level 4 - Diploma و BTEC Level 5 - Diploma) ده‌کرێته‌وه‌.

2- (BTEC Level 5 - Diploma) به‌رامبه‌ر به‌ ساڵی دووه‌می خوێندنه‌ له‌ زانکۆکانی به‌ریتانیادا و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌رکه‌سێک (BTEC Level 5 - Diploma) ته‌واو بکات ئه‌وا ده‌توانێت به‌ خوێندنی ته‌نها (1) یه‌ک ساڵ له‌ یه‌کێک له‌ زانکۆکانی به‌ریتانیادا بڕوانامه‌ی دبلۆماکه‌ت بگۆریت به‌ بڕوانامه‌ی به‌کالۆریۆس و ببێته‌ هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی به‌کالۆریۆس له‌ (Business) دا.
• مه‌رجه‌کانی وه‌رگرتنی خوێندکاران:

1- به‌شداربوو پێویسته‌ ته‌مه‌نی له‌ ۱۸ ساڵ که‌متر نه‌بێت.
2- ده‌رچووانی ئاماده‌یی (بازرگانی، زانستی و ووێژه‌یی) به‌شێوه‌یه‌کی یه‌کسان ده‌تووانن له‌م خوێندنگه‌یه‌دا بخوێنن.
3- ئاستی زمانی ئینگلیزیکه‌ی له‌ ئاستی دووه‌می زمانی ئینگلیزی (Elementary) که‌متر نه‌بێت. 
(که‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش تاقیکردنه‌وه‌ی پێشوه‌خت ئه‌نجام ده‌درێت بۆ وه‌رگرتنی خوێندکاره‌کان).
4- پێویسته‌ خوێندکاره‌کان خولیا و حه‌زیان بۆ کاری بزنز و به‌ڕێوه‌بردن هه‌بێت.
5- ئه‌و خوێندکارانه‌ی که‌ ئاستی زمانی ئینگلیزیه‌که‌یان له‌ ئاستی دووه‌م و سێیه‌م دابێت (Elementary & Pre intermediate) ئه‌وا ده‌بێت به‌ درێژایی یه‌ک ساڵ زمانی ئینگلیزی له‌ بواری بزنزدا بخوێنن تاکو ئاستی زمانه‌که‌یان باشترببێت. وه‌ گشت تێچوونی ئه‌م کۆرسه‌ش ده‌چێته‌ ئه‌ستۆی خوێندنگه‌که‌.
6- مه‌رجه‌ ئه‌و خوێندکارانای که‌ توانای به‌کارهێنانی کۆمپیوته‌ریان لاوازه‌ و شاره‌زانین تیایدا، پێویسته‌ به‌ درێژایی یه‌ک ساڵ گشت پرۆگرامه‌کانی (ICDL) بخوێنن که‌ بریتین له‌:

Module 1: Information Technology
Module 2: Using the Computer and Managing Files
Module 3: Word processing
Module 4: Spreadsheets
Module 5: Databases
Module 6: Presentation
Module 7: Internet and Communication 
تێبینی/ خوێندنی زمانی ئینگلیزی و زانستی کۆمپیوته‌ر له‌ پێناو به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی ده‌رچووانی کۆرسه‌کانمانه‌ و بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده‌بن بۆ هه‌ر چانسێکی کارکردن له‌دوای ته‌واوکردنی (BTEC Level 3 - Diploma). وه‌ به‌ته‌واوکردنی کۆرسه‌کانی زمانی و زانستی کۆمپیوته‌ر و ده‌رچوون له‌ تاقیکردنه‌وه‌کانیاندا به‌شداربووان بڕوانامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی وه‌رده‌گرن له‌ هه‌ردوو به‌شه‌که‌دا. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ بڕوانامه‌ی دبلۆمه‌که‌ له‌ بزنزدا. 
ناساندنی BTEC:

له‌ ماوه‌ی بیست و پێنج ساڵی ڕابردوودا، بڕوانامه‌کانی (BTEC) یارمه‌تی ملیۆنه‌ها که‌سیان داوه‌ له‌ په‌ره ‌پێدانی ئه‌و شاره‌زاییانه‌ی که‌ پێویستن بۆ پێشکه‌وتن له‌ ژیانیاندا. ئه‌م بڕوانامانه جۆشده‌ر و‌ هانده‌ری زۆر به‌ هێزن بۆ فێرخوازان، هه‌روه‌ها گونجاون بۆ ته‌مه‌نی جیاواز و شاره‌زایی هه‌مجۆر. له‌ به‌خشینی ئه‌م بڕوانامانه‌دا ڕێگایه‌کی کرداری، گۆنجاو له‌ گه‌ڵ ژیانی ڕاسته‌قینه‌دا ده‌گرینه‌ به‌ر بۆ فێربوون، به‌ بێ له‌ ده‌ست دانی بابه‌ته‌ تیۆریه‌ بنچینه‌ییه‌کان.
(BTEC) هه‌موو ئه‌و شاره‌زاییانه‌ پێشکه‌ش ده‌کات به‌ فێرخوازان که‌ پێویستن بۆ پێشکه‌وتن به‌ره‌وه‌ خوێندنی باڵا یان ڕاسته‌وخۆ بۆ جیهانی کار. بۆ نمونه‌ (BTEC Level 3 - Diploma) له‌ کار و باری بازرگانی نیشتمانی (National Business) هه‌موو لایه‌نه‌کانی بزنس ڕووماڵ ده‌کات و هەروەها‌ بازاڕکاری (Marketing)، سه‌رچاوه‌ی مرۆیی (Human Resources)، و ژمێریاری (Accounting) لە خۆ دەگرێت. لە پاڵ ئەمانەش، کۆمەڵێ چالاکی ژیانی ڕاستەقینە ڕووماڵ دەکەن وەک نوسین و چۆنیه‌تی پێشکەش کردنی نەخشەی کار (Business Plan).
بڕوانامەکانی (BTEC) دەکرێت وەک یان لە جێی بڕوانامەکانی خوێندنگەو و کۆلێژەکان وەربگیڕێن. ئەم بڕوانامانە باوه‌ڕپێکراون و به‌ گرنگیه‌وه‌ ته‌ماشا ده‌کرێن لە لایەن کۆلێژ و زانکۆ و خاوەن کار و کەرتە پیشه‌ییه‌ جیاوازەکان لە هەشتاو پێنج ووڵات لە سەرانسەری جیهاندا.
سوودەکانی بڕوانامەکانی BTEC:
پێویستە بزانیت کە چۆن بڕوانامەکانی BTEC جیاوازن لە بڕوانامەکانی تر. با سەیرێکی ئەم جیاوازیانە بکەین لە گەڵ ئەو سوود و قازانجانه‌ی کە بڕوانامەکانی BTEC پێشکەشت دەکەن.

ڕێگایەکی کرداری بۆ فێربوون:

BTEC ڕێگایەکی کرداری و زیندو دابین دەکات بۆ فێرخوازان کە زۆرکات دەگمەنن لە ناوەندەکانی تری فێربوون. خوێندکارەکانمان پێویسته‌ چەند یەکەیه‌ک ته‌واو بکه‌ن کە بۆ هەریەکەیان دەبێت بەڵگە پێشکەش بکەن بە پێی کار و ئەزموونی ژیانی ڕاستەقینە. ئەمەش دەرفەتی ده‌رخستنی شارەزایی و زانیاریەکانیان پێ دەبەخشێت.

بە دەر لە ترس و فشاری تاقیکردنەوە:

هەندێک خوێندکار لە ژێر فشاری تاقیکردنەوە گەشە دەکەن و پێش دەکەون؛ بەڵام زۆرێکی خوێندکاران ناتوانن بە توانا و لێهاتووییه‌ چاوەروانکراوەکانیان بگەن بە هۆی ترس و نیگەرانی تاقیکردنەوە.

کاتێک فێرخوازان بە پێی ڕێگای BTEC دەخوێنن، پێشکەوتنیان بەدرێژایی کۆرسەکان پێوانە دەکرێت. ئەمەش ڕێگه‌یان پێدەدات کە بە بەردەوامی هەڵسانگاندن بۆ ڕێژەی فێربوونیان بکەن، به‌ هه‌مان شێوه‌ی نواندنێکی کاری ڕۆژانە. ئەمە خوێنکارەکان به‌ جۆش ده‌کات و زیاتر هانیان دەدات چونکە بەردەوام پێشکەوتنی خۆیان دەبینن و پێویست ناکات چاوڕێ بکەن تا کۆتایی کۆرسەکە بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی تاقیکردنەوە. بۆ زۆر لە فێرخوازان شێوازی BTEC کە تیایدا کاری خوێندکاران بە بەردەوامی هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ ده‌کرێت هەڵبژاردەیەکی باشتره‌.

هەڵبژاردەکانت کراوه‌ ده‌بێت:

بڕوانامەکانی BTEC گونجاون و دەرفەت دەده‌ن بە خوێندکاران کە هەڵبژاردەکانیان بە کراوەیی بهێڵنەوە. ئایا ئه‌گه‌ر خوێندکار بیەوێت دوای قۆناغی ئامادەیی بەردەوام بێت لە خوێندن یا خود ڕاستەوخۆ بچێتە ناو هێزی کار، هەریەک لە بڕوانامەکانی BTEC ڕێگەیان پێدەدات هەردوو ‌‌هەڵبژاردەکە تاقی بکەنەوە.
پته‌وکردنی باوەڕبەخۆبوون:

فێربوون پێویستە بە چێژ بێت، نەک وورە ڕووخێن. بە پێی ئەزموونی ئێمە، خوێندکاران چێژ لە پڕۆگرامەکانی BTEC وەرد دەگرن چونکە ده‌توانن خۆیان تایبه‌تمه‌ند که‌ن له‌و بوارانه‌ی فێربوون که‌ په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆیان هه‌یه‌ به‌و پیشانه‌ی تامه‌زرۆی ئه‌نجامدانیان هه‌یه‌، وه‌ک بازرگانی. کۆرسه‌کان ئه‌و بابه‌تانه‌ له‌خۆده‌گرن که‌ خوێندکار چێژیان لێ وه‌رده‌گرێت و پێیان شاره‌زایه‌. خوێندکاره‌کانمان به‌رده‌وام باوه‌ڕیان به‌ خۆیان پته‌وتر ده‌که‌ن چونکه‌ ئه‌وه‌ شاره‌زاییانه‌ به‌هێز ده‌که‌ن که‌ له‌ داهاتوودا یارمه‌تیان ده‌ده‌ن پیشه‌ خوازراوه‌کانیان یان چانسی خوێندی باڵا مسۆگه‌ر بکه‌ن. ئه‌رکی و به‌رپرسیارێتیه‌کانی خوێندکاران ڕه‌نگه‌ به‌ نوسین ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام هه‌مان ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ که‌ ئه‌رکه‌کان به‌ شێوازی تر بن، بۆ نمونه‌ پاره‌چه‌ فیلم، پڕۆژه‌ پێشنیار، نه‌خشه‌ کار، وە خشته‌ی زانیاری ڕێکخراو (database). خوێندکاران بەردەوام ڕێنمایی ئاشکراو پێویستیان پێ دەدرێت بۆ ئەوەی بزانن کە دەبێت چی بەدەست بهێنن وە بە چ شێوەیەک ئەمە جێ بە جێ ی بکەن.
هەوڵەکانت پڕ سوود و قازانج دەبن:
خوێندکاران پابه‌ند دەبن بە کاتبەستەکانەوە کە لەلایەن مامۆستاکنانیانەوه‌ دادەنرێن، بەڵام دەتوانن ئەمە ئەنجام بدەن بە پێی خێرایی خۆیان نەک کارکردن لە ژێر کاتی دیاریکراوی تاقیکردنەوەکان. پێشکەوتنی خوێنکارەکان چاودێری دەکرێت لە سەر ئاستی کەسی لە لایەن مامۆستاکانەوە کە بەردەوام پشتیوانی و هاوکاری تایبەت پێشکەش دەکەن. ئەمەش دەبێتە هۆی گەشەسەندنی شارەزاییەکانی فێرخواز و گەیشتن بە ئاماج و توانا ویستراوەکانیان، چونکە بە شێوەیەکی گه‌شه‌یی فێر دەبن، واتە لە بابەتە سادە و بچوکەکانەوە دەست پێدەکەن و پاشان بەرەو بابەتە ئاڵۆزترەکان پێشدەکەون.
پێکەوە کارکردن:

پێکەوە کارکردن (Teamwork) لایەنێکی سەرەکیە لە جیهانی پیشه‌ییدا وە لەبەر ئەوەش بەشێکی گرنگی ىڕوانامەکانی BTEC –ه‌. خوێندکاران هه‌ندێ جار بە تەنها کارەکانیان جێبەجێ دەکەن، وە هەروەها لە ناو گرووپدا، بۆ نمونە لە گرووپی بەرهەمهێنانی شانۆگەری، یا خود ڕۆڵ بینین لە پەیوەندی بەڕێوەبەر و کارمەند.
گونجاندنی خوێندن لەگەڵ ئه‌رکی ڕۆژانه‌ی تردا:
بڕوانامەکانی BTEC گونجاون. دەکرێت بە Full-time یان Part-time بخوێنرێن. هه‌روها بڕوناماکه‌نی BTEC ده‌کرێت له‌گه‌ل بڕوانامه‌ی تر وه‌ له‌گه‌ڵ لێپرسراوێتی ئیشی رۆژانه‌ وه‌ربگیرێن.
خوێندنی سه‌رده‌م:

ئێمه‌ به‌رده‌وام کۆرسه‌کانی BTEC په‌ره‌ پێ ده‌ده‌ین وه‌ نوێیان ده‌که‌ینه‌وه‌ به‌ پێی پێداویستی و شاره‌زاییه‌ خوازراوه‌که‌نی خاوه‌ن کاران. ئه‌مه‌ ده‌رفه‌ت ده‌دات به‌ فێرخواز که‌ زۆرترین سود له‌ پیشه‌که‌ی ببینێ له‌ کاتی وه‌رگرتنی بڕوانامه‌که‌ی، وه‌ له‌ هه‌مان کاتدا بڕوانامه‌که‌ په‌یوه‌ندی دار و نوێ ده‌مێنێته‌وه‌. پێش بڕیار دان له‌وه‌رگرتنی هه‌ر یه‌ک له‌ کۆرسه‌کان، ده‌کرێت دڵنیا بیته‌وه‌ له‌ هاوچه‌رخی بابه‌ته‌کانی کۆرسه‌که‌. هه‌موو بڕوانامه‌کانی BTEC ئێستا گه‌شه‌پێده‌درێن به‌ هاوبه‌شی له‌ گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی شاره‌زاییه‌کانی که‌رته‌کانی شانشینی یه‌کگرتوو (UK SSC) بۆ دڵنیا بوون له‌ گونجانیان له‌ گه‌ڵ پێداویستیه‌کانی خاوه‌ن کاران.
1.1 ملیۆن خوێندکاری BTEC هه‌موو ساڵێک:

له‌م ساڵانه‌ی دواییدا خواست له‌سه‌ر بڕوانامه‌کانی BTEC زۆر زیادی کردووه‌. له‌ ساڵانی 2009 و 2010 زیاتر له‌ 1.1 ملیۆن که‌س ناویان تۆمار کردووه‌ بۆ خوێندنی بڕوانامه‌کانی BTEC.

له‌م ساڵانه‌ی دواییدا خواست له‌سه‌ر بڕوانامه‌کانی BTEC زۆر زیادی کردووه‌. پێمان وایه‌ که‌ ئه‌م زیادبوونه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ که‌ مامۆستایان، دایک و باوکان، وه‌ خوێندکاران تێگه‌یشتوون له‌م دوو فاکته‌ره‌ی خواره‌وه‌:

یه‌که‌م: خوێندنی ئه‌کادیمی شیاو نیه‌ بۆ هه‌مووان. کۆرسه‌کانی BTEC ئه‌زمونێکی به‌سودی فێربوون دابین ده‌که‌ن بۆ فێرخوازان که‌ ده‌یانگه‌یه‌نێت به‌ بڕوانامه‌یه‌ک که‌ باوه‌ڕپێکراوه‌ و هه‌م ڕێزی لێ ده‌گیرێت له‌ سه‌رتاپای جیهان.

دووه‌م: خوێندکاران BTEC هەڵدەبژێرن چونکە پێشوەخت بڕیاریان لەسەر پیشەیەکی دیاریکراو داوەو خوازیاری دەستپێکی خێران. کۆرسەکانی BTEC ئەزموونی پەیوەندیدار و گرنگ دابین دەکەن هەر لەسەرەتاوە.
زانیاری زیاتر دەربارەی BTEC-ەکان:
بڕوانامەکانی BTEC یارمەتیت دەده‌ن ئامانجەکانت بێنیتە دی لە ناوەوەو دەرەوەی ووڵات.
دەتەوێت لە شانشینی یەکگرتوو (UK)، ووڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا (US)، یان ئوستوڕالیا بخوێنیت؟
دەتەوێت کۆمپانیایەک لە ووڵاتی خۆت دامەزرێنیت ؟
دەتەوێت پیشەیەکی نایابت هەبێت لە ڕێکخراوێکی فرەلایەن؟
خەونەکانت هەرچیەک بن، لەگەڵ بڕونامەکانی BTEC دێنه‌ دی!
کاتێک بڕوانامەکانی BTECl ئەخوێنیت، دەتوانی:

• ده‌ستکه‌وتنی پیشەیەکی نایاب: بڕوانامه‌کانی BTEC ڕیکخراون بە ڕاوێژکردنی نزیک له‌گه‌ڵ بازار و ناوه‌ندی پیشه‌سازی، که‌ خاون کاران دڵنیا ده‌کاته‌وه‌ که‌ زانیاریه‌کانی تۆ هاوچه‌رخن و شاره‌زاییه‌کانت (به‌و شاره‌زاییه‌ گرنگانه‌شه‌وه‌ که‌ ده‌بنه‌ هۆی دامه‌زراندنت) په‌یوندیدارن و گرنگن.

• به‌نرخی خۆت بسه‌لمێنه‌: بڕوانامه‌کانی BTEC ئه‌وه‌ ده‌خه‌نه‌ پێش چاو که‌ تۆ شاره‌زایی و زانیاری و کۆمه‌ڵێ ڕه‌فتارت به‌ ده‌ست ‌هێناوه‌ به‌ پێی ستانداردی جیهانی.

• له‌ سه‌رانسه‌ری جیهان بخوێنه‌ و کار بکه‌، له‌ هه‌ر ئاستێکدا بیت: کۆلێژ و زانکۆکان و خاوه‌ن کاران له‌ سه‌رتاپای جیهان پێشوازی له‌ پێشکه‌شکردنه‌کانی ئه‌و کاندیدانه‌ ده‌کات که‌ خاوه‌نی بڕوانامه‌کانی BTEC –ن.
ملیۆنه‌ها خوێندکاری نێوده‌وڵه‌تی (له‌ ده‌ره‌وه‌ی ووڵات ده‌خوێنن) سوودیان له‌و ده‌رفه‌تانه‌ بینیوه‌ که‌ بڕوانامه‌کانی BTEC پێشکه‌شی ده‌که‌ن به‌ وه‌رگرانی.

بۆ زانیاری زیاتر بفەرموون بە سەردانی:


ناونیشان: سلێمانی، شه‌قامی تووی مه‌لیک، به‌رامبه‌ر ئاماده‌یی شه‌هید جه‌مال تاهیری کچان.
0533237363 - 07480101555 - 07701203884 
 

كورد لەناو دیارترین كارەساتەكانی نقومبوونی بەلەمی پەناخوازاندا

Refugee_boat_sinks__160315aماڵپەری ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی دیارترین كارەساتەكانی نقومبوونی بەلەمی پەناخوازانی لەماوەی زیاتر لە 10 ساڵی ڕابردوودا دەستنیشانكردووە و هەموویان لە ئاوەكانی دەریای ناوەڕاست و ئاوەكانی نێوان ئوسترالیا و ئەندەنوسیا ڕوویانداوە .
ئەوەی جێگەی سەرەنجە ، پەناخوازانی كورد بەشێكن لە قوربانیانی ئەو كارەساتانە و بوونەتە جێگەی باسی میدیاكان كە بەشێكیان كوردەكانن كارەساتەكە دەگێڕنەوە.
- لە 19 ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2001 ، بەلەمێك كە زیاتر لە 400 پەنابەری لەخۆگرتبوو لە باشووری دوورگەی جاوای ئەندەنوسیا نقوم بوو كە زیاتر لە 350 لەو پەناخوازانەی لە پێش گەشتنیان بە ئوسترالیا كردە قوربانی كە بە ووتەی بەشێك لە ڕزگاربووەكان ژمارەیەكی بەرچاو لەو پەناخوازانە كورد بوون .
" لایلایەكانی زەهرا" ناویشانی ئەو ڕاپۆرتە ڕۆژنامەییە بوو كە لەلایەن ڕۆژنامەنوسێكی ئوستراایەوە نوسرا و لە چەندین ناوەندی میدیایی ئەو ووڵاتەو جیهانەوە بڵاوكرایەوە .
زەهرا ئەو پەناخوازە منداڵە بەڕەگەز كوردە بوو كە یەكێك بوو لە قوربانیانی ئەو كارەساتە و باوكی لە ڕاپۆتەكەدا ئەوە دەگێڕتەوە كە چۆن زەهرا و خێزانەكەی لەكاتی نقومبوونی بەلەمەكەدا گیانیان لە دەستدا.
- لە 15 ی دیسەمبەری 2010 ، بەلەمێكی تر كە زیاتر لە 90 پەناخوازی هەڵگرتبوو لەپێش گەشتنیان بە دوورگەی كریستماسی ئوسترالیا تێكشكا و نزیكەی 50 لەو پەناخوازانەی كردە قوبانی كە لەناویاندا چەندین پەناخوازی كورد و عێراقی تێدا بوو.
گرتە ڤیدیۆیەكانی كارەساتەكە كەلەلایەن دانیشتوانی دوورگەكەوە گیراون ئەوە نیشان دەدەن كە چۆن پەناخوازەكان لە سەرەمەرگدا یەك لەدوای یەك گیان لەدەست دەدەن و خراپی گەشوهەواكەش ناهێلێت ئەوان ڕزگار بكرێن.
- لە نیسانی 2011 دا و لە دوو ڕووداوی نقومبوونی بەلەمی پەناخوازاندا نزیكەی 400 پەناخواز بوونە قوربانی لە نزیك دوورگەی لامپیدوسای ئیتاڵیا كە زۆربەیان بە ڕەگەز لیبی بوون.
- لە ئۆكتۆبەری 2009 دا ، 109 پەناخوازی تر لە پێش گەشتنیان بە ئوسترالیا خنكان و تەنانەت تەرمەكانیشیان نەدۆزرانەوە كە باوەڕوابوو هەموویان بەڕەگەز ئەفخانی بن.
- لە سێپتەمبەری 2012 دا و لە ڕۆژئاوای دەرپاچەی ئیجە ، لە ڕووداوێكی نقوومبوونی بەلەمی پەناخوازاندا ، زیاتر لە 60 پەناخواز بوونە قوربانی كە پەناخوازی كورد و عێراقیش لەناویاندا بوون.
- دواهەمین ڕووداو كەلە بەرواری 3 ی ئۆكتۆبەری 2013 دا ڕوویدا نقومبونی بەلەمێكی تری پەناخوازان بوو لە نزیك دوورگەی لامپیدوسای ئیتاڵیا كە نزیكەی  300 پەناخوازی كردە قوربانی كە هەموویان خەڵكی ووڵاتانی ئەفریقا بوون.
كوردیو - هه‌ژار ته‌ها

پرۆژەی دابینكردنی زەمالەی خوێندن بۆ ژنان لە بواری میدیادا


ئاژانسی مێترۆگرافی لە ئێستادا بەهاوكاری ڕێكخراوی (N.P.A ) زەمالەی خوێندنێكی شەش مانگی پێشكەش بە (٩) رۆژنامەنووس لە رەگەزی (مێ) دەكات لە هەرێمی كوردستان و عێراق كە لەو ماوەیەدا بەشداربووان فێر دەكرێن بۆ بەرهەمهێنانی بابەتی رۆژنامەوانی Multimedia.
لەماوەیەی ئەو شەش مانگەدا چوار كۆرسی سێ رۆژی بەرێوەدەچێت لە ئۆفیسی سەرەكی ئاژانسی مێترۆگرافی لە سلێمانی،كۆرسەكان تایبەت دەبن بە هاندانی بەشداربووان لەسەر بەرهەم هێنانی چیرۆكی رۆژنامەوانی لەسەر رەوشی ژنان و ئەو كێشانەی رووبەروویان دەبێتەوە،
ئاژانسی میترۆرگرافی كەیەكەمین ئاژانسی فۆتۆگرافی عێراقییەو ماوەی ٤ ساڵە كار دەكات بەنوێنەرایەتیكردنی فۆتۆگرافەرانی عێراقی و كوردی بۆ هەریەكە لەمیدیاكانی ناوخۆی ووڵات و رۆژنامەو میدیا جیهانییەكان، لەهەمانكاتیشدا دەورێكی سەرەكی بینییەوە لە پێگەیاندن و دابینكردنی وۆركشۆپ و كردنەوەی خولی فێربوون بەشێوەیەكی ئەكادیمی بۆ فۆتۆگرافەرانی عیراقی و كوردی.
تێبینی : بۆ زانیاری زیاتر پەیوەندی بكەین بە 
كامەران نەجم  بەرێوەبەری ئاژانسی میترۆگرافی – سلێمانی 

 كوردیو - سەفین ئیسماعیل

Sunday, October 6, 2013

ئۆباما پرۆژه‌ یاسای مافی په‌نابه‌رێتی عیراقیه‌كانی له‌ئه‌مریكا په‌سه‌ند كرد



باراك ئۆباما سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا واژۆی ئه‌و پرۆژه‌ بڕیاره‌ی كرد كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ رێده‌دات، عیراقیه‌كان له‌ئه‌مریكا بمێننه‌وه‌، ئه‌وانه‌ی پێشتر له‌كاتی جه‌نگی رزگاریی عیراق هاریكاریی ئه‌مریكایان كردبوو. 

ئاژانسی هه‌واڵی روسیا یه‌وم بڵاویكرده‌وه‌، زیاد له‌ 12 هه‌زار به‌ڵێنده‌ر و وه‌رگێڕی عیراق له‌نێو ئه‌وانه‌ن كه‌ له‌ساڵی 2007، رێپێدانیان بۆ كراوه‌ له‌گه‌ڵ خێزانه‌كانیان له‌ئه‌مریكا بمێننه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ی هه‌واڵ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ به‌هۆی كۆتایی هاتنی واده‌ی یاسایی مانه‌وه‌ی عیراقیه‌كان له‌ ئه‌مریكا و نوێكردنه‌وه‌ی پرۆژه‌ یاساكه‌ بۆ جارێكی دیكه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی واشنتۆن، نزیكه‌ی دوو هه‌زار دۆسیه‌ی داوای رۆیشتن بۆ ئه‌مریكا به‌هه‌ڵپه‌سێردراوی مایه‌وه‌. 

هه‌فته‌ی پێشوو، كۆنگرێسی ئه‌مریكا ره‌زامه‌ندی پیشاندا له‌سه‌ر پرۆژه‌ یاسای پێدانی مافی په‌نابه‌رێتی به‌ هاوڵاتیانی عیراق له‌ئه‌مریكا، ئه‌وانه‌ی پێشتر هاریكاریی ئه‌مریكایان كردووه‌.   

خه‌ندان –