Showing posts with label Humanitarian intake. Show all posts
Showing posts with label Humanitarian intake. Show all posts

Sunday, September 28, 2014

نەتەوە یەكگرتووەكان: عێراقی و سووری زۆر داوای پەنابەری دەكەن



330 هەزار و 700 كەس لەماوەی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا داوای پەنابەرییان كردووە لە 44 وڵاتی پیشەسازیی جیهان ، بەوشێوەیەش داوای پەنابەریكردن بە بەراورد لەگەڵ نیوەی یەكەمی ساڵی رابردوو بە رێژەی 24% زیادیكردووە .
كۆمیساریای باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان UNHCR ئەمڕۆ هەینی 26ی ئەیلول رایگەیاند ، هەڵگیرسانی شەڕ لە سووریا و عێراق و، نەبوونی سەقامگیری لەچەند شوێنێكی دیكەی جیهان ، وایكردووە كە ژمارەیەكی زۆر زیاتر لە خەڵكی ئەو شوێنانە داوای پەنابەری بكەن لە وڵاتانی جیهان . بەوشێوەیەش داواكردنی مافی پەنابەری ئەمساڵ بە رادەیەك بەرزبووەتەوە ، كە لە 20 ساڵی رابردوودا شتی وانەبووە .
كۆمیساریای باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان UNHCR لە راپۆرتەكەیدا دەڵێ ئەگەر ، داواكردنی مافی پەنابەری بەوشێوەیەی ئێستا بەردەوامبێت ، ژمارەی ئەوانەی ئەمساڵ داوای مافی پەنابەری دەكەن دەگاتە 700 هەزار كەس " ئەوەش گەورەترین ژمارەیە بۆ وڵاتانی پیشەسازی بە درێژایی 20ساڵی رابردوو، كە لە دوای ململانێی یوگسلاڤیا لە نەوەتەكاندا ، شتی وا رووینەداوە".
كۆمیساری UNHCR  ئەنتۆنیۆ جۆتیرێس ، رایگەیاند " دەبێ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خەڵك ئامادە بكات بۆ ئەوەی ، ئەگەر چارەسەری كێشەكان نەكرێت ، جیهان پەنابەری زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت لەماوەی مانگ و ساڵەكانی داهاتوودا".
UNHCR دەڵێت زۆر داواكارییەكانی مافی پەنابەری لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا لە ئەڵمانیا، ئەمریكا ، فەرەنسا ، سوید، توركیا و ئیتاڵیا بوونە . هەروەها روونیدەكاتەوە كە لە هەر حەوت داواكاری ، یەكێكیان لە كەسێكی خەڵكی سووریاوە بووە ، كە بەگشتی داواكاری خەڵكی سووریا لەو وڵاتانە لەماوەی شەش مانگدا 48هەزار و 400 داواكاری بووە .

Tuesday, August 26, 2014

وڵاتانی جیهانی مافی پەنابەرێتی دەدەنە ئاوارەكان

پاش ئەوەی حكومەتی فەرەنسا لەزاری چەند بەرپرسێكی باڵای ئەو ووڵاتەوە ئامادەیی ووڵاتەكەی نیشاندا بۆ ئاسانكاریكردن بۆ پێدانی مافی پەنابەرێتی بەو هاوڵاتیە مەسیحیانەی عێراق كەبەهۆی توندوتیژیەكانی چەكدارانی تیرۆریستی داعش لەپارێزگای موسڵ ئاوارە بوون ، حكومەتی ئوسترالیاش بەفەرمی بڕیاریدا كەلەچوارچێوەی پڕۆگرامی ساڵانەی وەرگرتنی پەنابەراندانی خۆیدا 2200 (دووهەزارو دووسەد) پەنابەری عێراقی وەربگرێت ،
بەمەش ، بەپێی زانیاریە میدیایەكان ، ئوسترالیا چووە ڕیزی ئەو ووڵاتانەی كە خاوەنی مێژوویەك بێت بۆ وەرگرتنی پەنابەران ، بە فەرمی وەرگرتنی پەنابەرانی عێراق بە گشتی و كەمینەئایینیەكانی عێراق بە تایبەتی ڕابگەیەنێت.
هەفتەی ڕابردوو وەزیری كۆچی ئوسترالیا ، سكۆت مۆریسۆن ، ِرایگەیاند ئاوارە مەسیحیەكان و ئێزیدیەكان دەتوانن داوای مافی پەنابەرێتی بكەن لەچوارچێوەی پڕۆگرامی ساڵانەی وەرگرتنی پەنابەرانی ووڵاتەكەیدا بەڵام لەدواهەمین لێدوانیدا كەئاژانسی هەواڵی (ئەی بی سی نیوز) بڵاویكردەوە ڕایگەیاند كەهەرچەندە پڕۆگرامی پەنابەرانی ووڵاتەكەی لەسەربنەمایەكی ئایینی تایبەت دانەڕێژراوە بەڵكو وەرگرتنی پەنابەران لەسەر بنەمای ئاستی ئەو چەوسانەوەیە دێت كە دووچاری بۆتەوە بەڵام ئاشكرایە كەلەئێستادا مەسیحیەكانی عێراق و خەڵكانی تریش كە خاوەن بیروباوەڕی ئایینی ترن لەدەست چەوسانەوە هەڵدێن. هاوكات ، مۆریسۆن هۆشداریدا كە پڕۆگرامەكە ئەو پەناخوازانە ناگرێتەوە كە بەبەلەم بەشێوەیەكی نایاسایی خۆیان دەگەیەننە ئەو ووڵاتە.
هاوكات ، لە ئەمریكاش كە یەكێكە ووڵاتانەی كە خاوەنی پڕۆگرامێكی ساڵانانەی فراوانی وەرگرتنی پەنابەرانە ، هەوڵەكانی داكۆكیكاران بۆ پێدانی پشكی شێر بە پەنابەرانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و كەمینەكانی عێراق بە تایبەتی بەردەوامە.
مارك ئەرەبۆ ، كەسایەتی دیاری ئەمریكیە كەلە بنەچەدا خانەوادەكەی عێراقین و لەئێستادا وەك كەسێكی دیاری داكۆكیكار لە ئاوارەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و عێراق بە تایبەتی دەردەكەوێت داوا لە حكومەتی ئەمریكا دەكات كە 40 بۆ 50 هەزار پەنابەری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وەربگرێت لەكۆی ئەو 70 هەزار پەنابەرەی كە ئەمریكا لە سەرتاسەری جیهانەوە ساڵانە وەریدەگرێت .
سەرچاوە :ئاژانسی هەواڵی ئەی بی سی نیوز ، سی بی ئێس

Sunday, August 24, 2014

ئوسترالیا: ئامادەین 4400 ئاوارەی عێراقی و سوری وەربگرین‌


هێرشەكانی داعش بۆ سەر عێراق و تێكچونی بارودۆخی ئەمنی سوریا بە هەزاران هاوڵاتی ئاوارە كرد و لە ئێستادا لە ژێر مەترسی لەناوچوندان، بەم هۆیە ئوسترالیا ئامادەیی خۆی نیشانداوە كە توانای هەیە 4400 ئاوارەی عێراقی و سوری وەربگرێت، بێ‌ ئەوەی گوێ‌ بە مەرجی ئاین و مەزهەب بدات.

وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی ئوسترالیا (سكوت موریسۆن) لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ماڵپەری International Business Times  رایگەیاندووە: "حكومەتی ئوسترالیا بریاری داوە كە 4400 ئاوارەی عێراقی و سوری لە خۆی بگرێت كە بەهۆی تێكچونی باوردۆخی ئەمنی توشی ئاوارەیی بوونە."

هەروەها موریسۆن وتیشی "بەرنامەی كۆچ و كۆچبەرانی حكومەتی ئوسترالیا كاری زۆری لەم پێناوە كردووە بۆئەوەی ژیانێكی دەستەبەر بۆ ئاوارەكانی عێراق و سوریا دابین بكات، بێ‌ ئەوەی گوێ‌ بە مەرجی ئاین و مەزهەب بدەین."



چەترپرێس-پەیوەند كوردی

Monday, August 18, 2014

ئوسترالیا ئاواره‌ سوری و عیراقییه‌كان له‌خۆده‌گرێت


ده‌سه‌ڵاتدارانی ئورسترالیا به‌نیازه‌ زیاتر له‌ چوار هه‌زار ئاواره‌ی سوری و عیراقی له‌خۆبگرێت و په‌ناگه‌یان بۆ دابین بكات.
ئاژانسی هه‌واڵی روسیا توده‌ی، له‌زاری سكۆت مۆریسن، وه‌زیری كۆچ-ی ئورسترالیا بڵاویكرده‌وه‌: له‌چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ مرۆییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی، به‌نیازن په‌ناگه‌ بۆ چوار هه‌زار و 400 هاوڵاتیی عیراقی و سوریا دابین بكه‌ن.
سكۆت مۆریسن روونیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی ئوسترالیا ئاماده‌یه‌ له‌و ژماره‌یه‌ دوو هه‌زار و 200 عیراقی له‌ كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌كان و هه‌مان ژماره‌ له‌ هاوڵاتیانی سوریا وه‌ربگرێت.
ساڵانه‌ ئوسترالیا 13 هه‌زار په‌نابه‌ر وه‌رده‌گرێت و ساڵی رابردووش هه‌زار په‌ناری سوریا و دوو هه‌زار له‌ عیراق و زیاتر له‌ چوار هه‌زاری دیكه‌ش له‌ ئه‌فغانستان و میانمار روویان له‌و وڵاته‌ كردووه‌.

Sunday, August 17, 2014

ئوستورالیا بیر لە بەخشینی مافی پەنابەرێتی بە ئێزدییەکان دەکاتەوە

سەرۆك وەزیرانی ئوسترالیا رایگەیاند، کە وڵاتەکەی بیر لەوەدەكاتەوە، کە هەندێك لە كوردانی ئێزدی وەک پەبنابەر وەربگرێت.
تۆنی ئابۆت، سەرۆك وەزیرانی ئوسترالیا ئەو كەیسەی بە كراوەیی هێشتەوە، كە ئایا ئوستورالیا هاوكاری سەربازی كورد دەكات یاخود نا، بەڵام جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، كە بە بەردەوامی هاوكارییە مرۆییەكان رەوانەی باشووری کوردستان دەكات. 
دوای ئەوەی كە لە ئەنجامی هێرشەكانی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بۆ سەر باشووری کوردستان ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی ئەو ناوچانە ئاوارەی چیای شنگال بوون، ئوستورالیاش وەك كۆمەڵێك لە وڵاتانی دیكە بڕیاری دا هاوكاری مرۆیی بگەیەنێتە عێراق بۆ ئەوەی ژیانی بەشێكی زۆر لەو خەڵكە رزگار بكات، كە ژیانیان مەترسی لەسەرە. 
تۆنی ئابۆت رایگەیاند، كە وەزارەتی بەرگری وڵاتەكەی بیریان لە كۆمەڵێك پلان كردووەتەوە بۆ رزگاركردنی ئاوارەكانی شنگال و یەكێك لەو پلانانە ئەوەیە، كە وەك "دۆخێكی لە ناكاوی پەنابەرێتی"، ژمارەیەك لە كوردانی ئێزدی لە باشووری كوردستانەوە ببەن بۆ ئوستورالیا.
بە گوتەی ئابۆت، رەوشی ئێزدییەكان باشتر بووە، بەڵام رەوشی عێراق وەك خۆیەتی و ئەوانە هێشتاش ژیانیان مەترسی لەسەرە. 
هەروەها سەرۆک وەزیرانی ئوستورالیا رایگەیاند، كە ئوستورالیا هەوڵدەدات وەك هاوپەیمانێكی باش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كاربكات.

Thursday, August 23, 2012

پشکی شێر بۆ مافی پەنابەرێتی لەئوسترالیا بۆ کەمە نەتەوەکانی عێراقە

مافی پەنابەرێتی ساڵانە زیاد بکات بۆ ٢٠ ھەزار پەنابەر


پاش ئەوەی حکومەتی ئوسترالیا بڕیاری دیپۆرتکردنەوە و ڕاگواستنی ئەو پەناخوازانەی جا کە بەشێوەیەکی نایاسایی و لەڕێگەی کەنارە ئاویەکانەوە دەگەنە ئەو ووڵاتە ، ئەمڕۆ - پێنج شەممە - وەزیری کۆچی ئوسترالیا ڕایگەیاند وەک ھەوڵێکی تر بۆ ڕیگەگرتن لە شاڵاوی کۆچی نایاسایی بۆ ئوسترالیا ، حکومەتی ووڵاتەکەی ژمارەی وەرگرتنی ئەو پەنابەرانەی کەلە ڕێگەی UNەوە و لە دەرەوەی ئوسترالیا داوای مافی پەنابەرێتیان کردووە لە ١٣ ھەزار پەنابەرەوە ساڵانە زیاد بکات بۆ ٢٠ ھەزار پەنابەر. 
بەمەش ئوسترالیا دەبێتە دووەم ووڵات لەپاش ووڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کە زۆرترین ڕێژەی مافی پەنابەرێتی دەدات بەوانەی کە لەدەرەوەی ئەو ووڵاتە داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن. 
وەزیری کۆچی ئوسترالیا ئەوەشیخستەڕوو کە کەمایەتیە عێراقیەکان و ئەفغیەکان و موسوڵمانانی بورما پشکی شێریان دەبێت لەناو ئەو ٢٠ ھەزار پەنابەرەی کە ساڵانە وەردەگیرێن بەمەرجێک خۆیان تۆماربکەن لەڕێگەی یوئێن و پەنانەبەنە بە ڕێگە نایاسایەکان کە ساڵانە سەدان پەناخواز لە پێش گەشتنیان بەو ووڵاتە دەکەنە قوربانی بە تایبەت لە ڕێگەی کەنارە ئاویەکانەوە. 
بەپێی سەرچاوەکانی ھەواڵیش ، کوردە فەیلەیەکان یەکێکن لەو کەمە نەتەوەیانەی عێراق کە زۆرجار ویستویانە بە ڕیگەی نایاسایی خۆیان بگەیەنە ئوسترالیا و حکومەتی ئەو ووڵاتەش ھۆشداریان دەداتێ کە چیتر بەو جۆرە داوای مافی پەنابەرێتی نەکەن و سود لە پڕۆگرامە ساڵانەیەی ئوسترالیا ببینن کەلەڕێگی یۆئێنەوە جێ بەجێ دەکرێت ، ئەگەر نا ، چارەنوسیان لە ئوسترالیا نابێت و بەرەو ھەردوو دوورگەی ناورۆ و پاپانیوگینیا ڕەوانە دەکرێن.

سەرچاوە : ڕۆژنامەی " The Australian"