Sunday, September 28, 2014

نەتەوە یەكگرتووەكان: عێراقی و سووری زۆر داوای پەنابەری دەكەن



330 هەزار و 700 كەس لەماوەی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا داوای پەنابەرییان كردووە لە 44 وڵاتی پیشەسازیی جیهان ، بەوشێوەیەش داوای پەنابەریكردن بە بەراورد لەگەڵ نیوەی یەكەمی ساڵی رابردوو بە رێژەی 24% زیادیكردووە .
كۆمیساریای باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان UNHCR ئەمڕۆ هەینی 26ی ئەیلول رایگەیاند ، هەڵگیرسانی شەڕ لە سووریا و عێراق و، نەبوونی سەقامگیری لەچەند شوێنێكی دیكەی جیهان ، وایكردووە كە ژمارەیەكی زۆر زیاتر لە خەڵكی ئەو شوێنانە داوای پەنابەری بكەن لە وڵاتانی جیهان . بەوشێوەیەش داواكردنی مافی پەنابەری ئەمساڵ بە رادەیەك بەرزبووەتەوە ، كە لە 20 ساڵی رابردوودا شتی وانەبووە .
كۆمیساریای باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان UNHCR لە راپۆرتەكەیدا دەڵێ ئەگەر ، داواكردنی مافی پەنابەری بەوشێوەیەی ئێستا بەردەوامبێت ، ژمارەی ئەوانەی ئەمساڵ داوای مافی پەنابەری دەكەن دەگاتە 700 هەزار كەس " ئەوەش گەورەترین ژمارەیە بۆ وڵاتانی پیشەسازی بە درێژایی 20ساڵی رابردوو، كە لە دوای ململانێی یوگسلاڤیا لە نەوەتەكاندا ، شتی وا رووینەداوە".
كۆمیساری UNHCR  ئەنتۆنیۆ جۆتیرێس ، رایگەیاند " دەبێ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خەڵك ئامادە بكات بۆ ئەوەی ، ئەگەر چارەسەری كێشەكان نەكرێت ، جیهان پەنابەری زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت لەماوەی مانگ و ساڵەكانی داهاتوودا".
UNHCR دەڵێت زۆر داواكارییەكانی مافی پەنابەری لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا لە ئەڵمانیا، ئەمریكا ، فەرەنسا ، سوید، توركیا و ئیتاڵیا بوونە . هەروەها روونیدەكاتەوە كە لە هەر حەوت داواكاری ، یەكێكیان لە كەسێكی خەڵكی سووریاوە بووە ، كە بەگشتی داواكاری خەڵكی سووریا لەو وڵاتانە لەماوەی شەش مانگدا 48هەزار و 400 داواكاری بووە .

No comments:

Post a Comment