Sunday, August 17, 2014

ئوستورالیا بیر لە بەخشینی مافی پەنابەرێتی بە ئێزدییەکان دەکاتەوە

سەرۆك وەزیرانی ئوسترالیا رایگەیاند، کە وڵاتەکەی بیر لەوەدەكاتەوە، کە هەندێك لە كوردانی ئێزدی وەک پەبنابەر وەربگرێت.
تۆنی ئابۆت، سەرۆك وەزیرانی ئوسترالیا ئەو كەیسەی بە كراوەیی هێشتەوە، كە ئایا ئوستورالیا هاوكاری سەربازی كورد دەكات یاخود نا، بەڵام جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، كە بە بەردەوامی هاوكارییە مرۆییەكان رەوانەی باشووری کوردستان دەكات. 
دوای ئەوەی كە لە ئەنجامی هێرشەكانی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بۆ سەر باشووری کوردستان ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی ئەو ناوچانە ئاوارەی چیای شنگال بوون، ئوستورالیاش وەك كۆمەڵێك لە وڵاتانی دیكە بڕیاری دا هاوكاری مرۆیی بگەیەنێتە عێراق بۆ ئەوەی ژیانی بەشێكی زۆر لەو خەڵكە رزگار بكات، كە ژیانیان مەترسی لەسەرە. 
تۆنی ئابۆت رایگەیاند، كە وەزارەتی بەرگری وڵاتەكەی بیریان لە كۆمەڵێك پلان كردووەتەوە بۆ رزگاركردنی ئاوارەكانی شنگال و یەكێك لەو پلانانە ئەوەیە، كە وەك "دۆخێكی لە ناكاوی پەنابەرێتی"، ژمارەیەك لە كوردانی ئێزدی لە باشووری كوردستانەوە ببەن بۆ ئوستورالیا.
بە گوتەی ئابۆت، رەوشی ئێزدییەكان باشتر بووە، بەڵام رەوشی عێراق وەك خۆیەتی و ئەوانە هێشتاش ژیانیان مەترسی لەسەرە. 
هەروەها سەرۆک وەزیرانی ئوستورالیا رایگەیاند، كە ئوستورالیا هەوڵدەدات وەك هاوپەیمانێكی باش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كاربكات.

No comments:

Post a Comment