پاش ئەوەی حكومەتی فەرەنسا لەزاری چەند بەرپرسێكی باڵای ئەو ووڵاتەوە ئامادەیی ووڵاتەكەی نیشاندا بۆ ئاسانكاریكردن بۆ پێدانی مافی پەنابەرێتی بەو هاوڵاتیە مەسیحیانەی عێراق كەبەهۆی توندوتیژیەكانی چەكدارانی تیرۆریستی داعش لەپارێزگای موسڵ ئاوارە بوون ، حكومەتی ئوسترالیاش بەفەرمی بڕیاریدا كەلەچوارچێوەی پڕۆگرامی ساڵانەی وەرگرتنی پەنابەراندانی خۆیدا 2200 (دووهەزارو دووسەد) پەنابەری عێراقی وەربگرێت ،
بەمەش ، بەپێی زانیاریە میدیایەكان ، ئوسترالیا چووە ڕیزی ئەو ووڵاتانەی كە خاوەنی مێژوویەك بێت بۆ وەرگرتنی پەنابەران ، بە فەرمی وەرگرتنی پەنابەرانی عێراق بە گشتی و كەمینەئایینیەكانی عێراق بە تایبەتی ڕابگەیەنێت.
هەفتەی ڕابردوو وەزیری كۆچی ئوسترالیا ، سكۆت مۆریسۆن ، ِرایگەیاند ئاوارە مەسیحیەكان و ئێزیدیەكان دەتوانن داوای مافی پەنابەرێتی بكەن لەچوارچێوەی پڕۆگرامی ساڵانەی وەرگرتنی پەنابەرانی ووڵاتەكەیدا بەڵام لەدواهەمین لێدوانیدا كەئاژانسی هەواڵی (ئەی بی سی نیوز) بڵاویكردەوە ڕایگەیاند كەهەرچەندە پڕۆگرامی پەنابەرانی ووڵاتەكەی لەسەربنەمایەكی ئایینی تایبەت دانەڕێژراوە بەڵكو وەرگرتنی پەنابەران لەسەر بنەمای ئاستی ئەو چەوسانەوەیە دێت كە دووچاری بۆتەوە بەڵام ئاشكرایە كەلەئێستادا مەسیحیەكانی عێراق و خەڵكانی تریش كە خاوەن بیروباوەڕی ئایینی ترن لەدەست چەوسانەوە هەڵدێن. هاوكات ، مۆریسۆن هۆشداریدا كە پڕۆگرامەكە ئەو پەناخوازانە ناگرێتەوە كە بەبەلەم بەشێوەیەكی نایاسایی خۆیان دەگەیەننە ئەو ووڵاتە.
هاوكات ، لە ئەمریكاش كە یەكێكە ووڵاتانەی كە خاوەنی پڕۆگرامێكی ساڵانانەی فراوانی وەرگرتنی پەنابەرانە ، هەوڵەكانی داكۆكیكاران بۆ پێدانی پشكی شێر بە پەنابەرانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و كەمینەكانی عێراق بە تایبەتی بەردەوامە.
مارك ئەرەبۆ ، كەسایەتی دیاری ئەمریكیە كەلە بنەچەدا خانەوادەكەی عێراقین و لەئێستادا وەك كەسێكی دیاری داكۆكیكار لە ئاوارەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و عێراق بە تایبەتی دەردەكەوێت داوا لە حكومەتی ئەمریكا دەكات كە 40 بۆ 50 هەزار پەنابەری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وەربگرێت لەكۆی ئەو 70 هەزار پەنابەرەی كە ئەمریكا لە سەرتاسەری جیهانەوە ساڵانە وەریدەگرێت .
سەرچاوە :ئاژانسی هەواڵی ئەی بی سی نیوز ، سی بی ئێس
No comments:
Post a Comment