رۆژنامه‌ی سیدنى مۆرنیگ هێراڵدى ئوسترالى زانیاریی نوێ له‌سه‌ر ئه‌و په‌نابه‌ره کورده بڵاوده‌کاته‌وه، که ناوه‌ڕاستی مانگی رابردوو به مردویی له ئوسترالیا دۆزرایه‌وه.
به‌پێى زانیاریه‌کانى رۆژنامه‌که، که له پۆلیسى شارى بریزبنی ئوسترالیاوه ده‌ستى که‌وتوون، ئه‌و په‌نابه‌ره که ناوی ئومێد عه‌لیه، کوردی خۆرهه‌ڵاته و پێده‌چێت “خۆى کوشتبێت”. به‌ڵام لێکۆڵینه‌وه‌کانیش له‌و باره‌یه‌وه ده‌ستیان پێکردووه و هێشتا ئه‌نجامه‌کانی رانه‌گه‌یه‌نران.
به‌پێى تۆماره پزیشکیه‌کان، ئومێدى ته‌مه‌ن 29 ساڵ له‌ماوه‌ى مانه‌وه‌ى له که‌مپه‌کانى ئه‌و وڵاته‌دا له نه‌خۆشخانه‌یه‌کى ده‌روونى چه‌ند جارێک چاره‌سه‌رى ته‌ندروستى وه‌رگرتووه، پاش ئه‌وه‌ى چه‌ند جارێکى تر هه‌وڵى خۆکوشتنى داوه که هۆکارى ئه‌وه‌ش ده‌گێڕنه‌وه بۆ خراپى بارى ده‌روونى، به‌هۆى زۆرمانه‌وه‌ى له که‌مپى په‌نابه‌رانى وڵاته‌که‌دا.
هه‌رچه‌نده ئومێد له ساڵى 2011 ه‌وه به‌شێوه‌یه‌کى نایاسایى گه‌شتۆته ئوسترالیا، به‌ڵام مافى په‌نابه‌رێتى هه‌میشه‌یى وه‌رنه‌گرتووه و به‌وه‌ش له که‌مپه‌کانى ئه‌و وڵاته‌دا ماوه‌ته‌وه تاکو له‌مانگى شوباتى ئه‌مساڵدا په‌نابه‌رێتى کاتیى یه‌ک ساڵى پێدراوه و دیپۆرتى که‌مپه‌کانى ده‌ره‌وه نه‌کراوه، چونکه پێش ئه‌وه‌ى ئه‌و سیاسه‌ته بخرێته بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه گه‌یشتۆته ئه‌و وڵاته.
بۆیه ئه‌و په‌نابه‌ره له‌وه تێگه‌یشتووه که ته‌نها له‌و ماوه‌یه‌دا مافى کارکردن و مانه‌وه‌ى به‌شێوه‌یه‌کى یاسایى له‌ده‌ره‌وه‌ى که‌مپه‌کان پێده‌درێت.
جگه‌له‌وه‌ش، به‌وته‌ى ژماره‌یه‌ک داکۆکیکار له مافى په‌نابه‌ران، که له نزیکه‌وه ئومێد ده‌ناسن، ده‌ڵێن “پاش ئه‌وه‌ى دایکى مردووه، ئومێد بارى ده‌روونى زۆر خراپتر بوو بوو.”
له‌سه‌ر ئاستى وڵاتانى پێشکه‌وتوو، ئوسترالیا تائێستاش توندترین یاسا بۆ که‌مکردنه‌وى کۆچى نایاسایى بۆ وڵاته‌که‌ی پیاده ده‌کات، وه‌کچۆن به‌پێى دوایین راپۆرتى کۆمیسیۆنى په‌نابه‌رانى سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان، سه‌ره‌ڕاى زیادبوونێکى به‌رچاوى ژماره‌ى په‌ناخوازان له‌زۆربه‌ى وڵاتانى پێشکه‌وتووى جیهاندا، به‌ڵام ژماره‌ى ئه‌و که‌سانه‌ى داواى مافى په‌نابه‌ریان له ئوسترالیا کردووه به‌ڕێژه‌ى له‌سه‌دا 24 که‌میکردووه.
به‌وته‌ى کۆمیسیۆنى باڵاى په‌نابه‌ران، یاساکانى کۆچى ئوسترالیا له‌به‌رامبه‌ر کۆچبه‌ر و په‌ناخوازانى نایاسایى تونده و ئه‌و وڵاته له ئێستادا سیاسه‌تى دیپۆرتکردنه‌وى کۆچبه‌رى نایاسایى که به‌به‌له‌م ده‌گه‌نه ئه‌و وڵاته بۆ دوورگه‌کانى ناورۆ و پاپانیوگینیا پیاده ده‌کات و به‌وه‌ش په‌ناخوازانى نایاسایى ناتوانن داواى مافى په‌نابه‌رێتى بکه‌ن.
ئه‌مه‌ش وه‌ک ئاژانسه‌کانى یوئێن و داکۆکیکاران له مافه‌کانى په‌نابه‌ران له ئوسترالیا ئاماژه‌ى بۆ ده‌که‌ن پێشێلکردنێکى ئاشکراى مافه‌کانى په‌نابه‌رانه.
هه‌رله‌باره‌ى کۆچى دوایى ئه‌و په‌نابه‌ره کورده‌وه، سه‌رۆکى پارتى دیموکراته‌کانى ئوسترالیا له ویلایه‌تى ساوس ئوسترالیا له راگه‌یاندراوێکدا خه‌مبارى خۆى به کۆچکردنى ئه‌و په‌نابه‌ره ده‌ربڕیوه و ره‌خنه‌شی له سیاسه‌ته‌کانى سه‌رۆک وه‌زیرانى ئێستاى ئوسترالیا گرتوه، که کاریگه‌ری خراپى کردۆته سه‌ر بارى ده‌روونى په‌نابه‌ران و ده‌ڵێت “ئه‌و ناوى ئومێد بوو به‌ڵام هیچ ئومێدێکمان پێنه‌به‌خشى.”
No comments:
Post a Comment