Wednesday, September 17, 2014

زیاد لە (700) كەس لە دەریای سپی دا خنكان

ڕێـكخراوی كۆچبەرانی نێودەوڵەتی ئاشكرایكرد، لە پێنج رۆژی رابردوودا زیاد لە (700) كەس لە دوو كەشتیدا لە ئاوی دەریای ناوەراستدا خنكاون، تەواوی ئەو كەسانەش لە وڵاتانی باكوری ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەراستەوە ویستوویانە بگەن بە ئەوروپا بۆ داواكردنی مافی پەنابەری.
كریستیان بێرپیۆم، وتەبێژی ڕێـكخراوی كۆچبەرانی نێودەوڵەتی بە ئاژانسی (ڕۆیتەرز)ی وتووە: ئەوانەی لە یەكێـك لەو دوو كەشتیـیە ڕزگاریان بووە دەڵێن، قاچاخچیـیەكان لە ناوەڕاستی دەریاكە زۆریان لێكردوون بچنە نێو كەشتیـیەكی دیكەوە و ئەمانیش ڕەتیانكردۆتەوە و لە ئاكامدا پـێـكدادان لە نێوانیاندا دروسـتبووە و سەر ئەنجام قاچاخچیـیەكان زیانیان بە كەشتیـیەكە گەیاندووە ‌و نوقمی ئاویان كردووە.
ئەوەشی راگەیاندووە: ئەو كەشـتیـیە نزیكەی (500) كەسی لەسەر بووە و زۆربەیان فەڵەسـتینی و میسری و سودانی بوون، كە ویستوویانە بەرەو ئەوروپا بڕۆن.  ئاژانسەكان دەڵێن تەنها (9) كەسیان ڕزگاریان بووە.
بەپـێی هەواڵەكان كەشـتیـیەكە لە (6ی ئەیلول) لە بەندەری دەمیاتی میسرەوە دەرچووە و لە (10 ی ئەیلول) لە بەرامبەر كەنارەكانی ماڵتا تێـكشكاوە.
پاش ئەم ڕووداوە بە چوار ڕۆژ كەشتیـیەكی دیكەی پـڕ لە كۆچبەر، لە نزیك كەنارەكانی لیبیا نوقمی ئاوبوو. ئەو كەشـتیـیەش (250) كەسی تێدابووە و تەنها (26) كەسیان ڕزگاریان بووە.
بە قوربانیانی ئەم دوو ڕووداوەوە، ژمارەی ئەو كۆچبەرە نایاسایـیانەی لە ماوەی ئەمسـاڵدا لەو لە نێو ئاوی دەریای ناوەراستدا گیانیان لە دەسـتداوە دەگاتە نزیكەی (3) هەزار كەس، كە نزیكی هەزار كەسیان ژن و منداڵ بوون.
دڵشاد حەمە
 

No comments:

Post a Comment