Thursday, March 6, 2014

چیاى هەڵگورد گەشتیارانی ئەوروپی رادەكێشێت


38564image1تۆم بادكن، خاوەن و بەڕێوەبەری كۆمپانیای (سیكریت كامپەس)ی گەشتوگوزاری و بە چیادا سەركەوتن، بۆ یەكەمجار 12 گەشتیاری بە تواناو بەهێزی برد بۆ سەر زنجیرە چیاكانی هەرێمی كوردستان لەساڵی 2012.
 
ناوچەكە بەلای بادكن-ـەوە ئەوەندە سەرنجڕاكێشە كە ئێستا خۆی ئامادە دەكات بۆ گەشتی دووەم لە مانگی نیسانی داهاتوو.
 
"ئارەزووی گەشتكردن بۆ كوردستان لە ساڵی پارەوە دووهێندە زیادی كردووە. زیاتر لە 40 داواكاریمان هەبووە بۆ 12 شوێنی جیاواز".
 
تۆم بادكن وەسفی گەشتكردن بۆ كوردستان دەكات و دەڵێت "هەرێمی كوردستان بۆ ئەو گەشتیارانەی یەكەمجارە دەچنە ئەوێ وەكو ناوچەیەكی تازە دۆزراوەیە". بادكن هەروەها گوتی "لوتكە چیاكانی كوردستان گەورەترین سوپرایزن بۆ ئەو گەشتیارانە".
 
لوتكەی هەڵگورد كە نزیكەی 3600 مەتر بەرزە، باشترین شوێنە بۆ ئەو گەشتیارانەی حەز بەسەركەوتن بەشوێنی سەخت و ماندوو بوون دەكەن لەكاتی گەشتەكانیان. بەو گەشتیارانە دەگوترێت گەشتیاری سەركێش.
 
"ئاشكرایە كوردستان ناوچەیەكی زۆر ئارامە. بەڵام خەڵكی نازانن كە كوردستان چیای زۆر سەرنجڕاكێشی تێدایە. بە دڵنیاییەوە شوێنێكی دەستكاری نەكراوە".
 
هەرێمی كوردستان كە بە سویسرای خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ناودەبرێت، سەرنجی ژمارەیەكی زیاتری گەشتیاران رادەكێشێ چونكە تەنیا شوێنی ئارام و پێشكەوتووە لە عێراقی پڕ لە توندوتیژیدا. 
 
بادكن و تیمەكەی كە پێشتر لە پەرەشووتەوانی كاریان كردووە، گەشتیار دەبەن بۆ هەموو شوێنێكی جیهان، بەتایبەتی بۆ ئەو شوێنانەی كە ناوچەی گەشتیاری نین. موشتەرییەكانیان خۆیان ناونووس دەكەن بۆ بەلەمەوانی لە رووباری مۆوای سیرالیۆن و بەپێ رۆیشتن بە كەنارەكانی نیل لە وڵاتی سوودان.
 
سایمن كلارك، تەمەن 30 ساڵ، لەگەڵ كۆمپانیای سیكریت كامپەس لەساڵی 2012 بەسەر چیای هەڵگورددا سەركەوتووە. پێشتر وەك سەربازی سوپای بەریتانی لە عێراق بووە، بەڵام ئەوە یەكەم گەشتی بوو بۆ كوردستان. 
 
"دەمویست شوێنێكی نوێ ببینم و بگەڕێمەوە بۆ شوێنێك كە پێشتر بە ئەركێكی جیاواز لێی بووم. كوردستان شوێنێكی زۆر سەرسوڕهێنەرە و دیمەنی زۆر جوانی هەیە. كەلتووری خەڵكەكەی زۆر جوانە و خەڵكێكی زۆر گەرموگوڕن لەگەڵ میوان".
 
تەنانەت بۆ بادكن كە گەشتی بۆ زۆر شوێنی جیهان كردووە، پێشوازیی كورد لە میوان بێ وێنەیە "گەشتمان بۆ زۆر شوێنی جیهانی ئیسلامی كردووە، ئاشكرایە كە پێشوازی لە میوان زۆر گرنگە بۆ ئەوان، بەڵام بە تەواوی لە ئاستێكی زۆر گەرموگوڕ و جیاوازدایە لە كوردستان".
 
جان باكەر و خێزانەكەی بەشداری گەشتەكەی بادكن دەكەن بۆ كوردستان لە مانگی نیساندا. ئەوان غەریب نین بەو ناوچانەی كە پاشماوەی جەنگن، بەتایبەتی كاتێك چوار ساڵ لەمەوبەر لە ئەفغانستان بەپێ بە رێڕەوی دوورودرێژی واخان-دا رۆیشتووە. 
 
"هەمیشە بەدوای ئەو شوێنانەدا دەگەڕێم كە خەڵكی زۆر بۆی ناڕۆن و بە ناوچەی شەڕ و ململانێ دەناسرێن، بەڵام لە راستیدا ئارامن. خەڵك لەو باوەڕەدان كە هەموو وڵاتەكە نائارامە، بەڵام ئەگەر بە وردی توێژینەوەی لەسەر بكەی تێدەگەی كە ئەوە راست نییە و چەندین شوێنی خۆشی لێیە بۆ گەشتكردن".
 
باكەر دەڵێ بڕیاردان بۆ گەشتكردن بۆ چیاكانی كوردستان ئاسان بوو "بیرۆكەی گەشتكردن بۆ كوردستان هاتە خەیاڵم و لە ماوەی 5 خولەكدا بڕیارم دا. هاوڕێیەكم هەیە كە ماوەی دوو مانگی لە زستاندا لە كوردستان بەسەر بردووە و چەندین بەسەرهاتی خۆشی هەبوو لەسەر پێشوازیی خەڵكی لە میوان. زۆر بە تاسەوەم بۆ دانیشتن و خواردنەوەی چای لەگەڵ خەڵكی كوردستان".
 
بۆ ئەو خەڵكانەی كە حەز بە سەركەوتن بەسەر شاخدا دەكەن، وەك باكەر و خێزانەكەی، زنجیرە چیاكانی زاگرۆس شوێنێكی زۆر بێدەنگ و خەڵكێكی كەمی لێیە و شوێنێكی زۆر گەشتیارییە. 
 
"زنجیرە چیاكانی زاگرۆس زۆر بەرز نین، بەرزترین لوتكەی دەگاتە 3600 مەتر. بەڵام تەنانەت بەرزاییەكانی سكۆتلەندەش كە زۆر بەرزنین دەكرێت تەڵەكەی تایبەتی خۆیان هەبێت. چۆڵی و دوورە دەستیی ئەو چیایانە لە مرۆڤەوە زیاتر سەرنجی من رادەكێشێ. لە كوردستان دەتوانی دڵنیا بیت لەوەی كە ئەو شوێنانە پڕنین لە خەڵك و ئەوەش هەلێكی باشە بۆ سەركەوتن بەسەر چیادا".
 
گرووپەكەی سیكریت كامپەس لە 19ی نیسان دەڕۆن بەرەو زنجیرە چیاكانی كوردستان و بە هیوان سەركەون بەسەر لوتكەی هەڵگورددا.
ئەیمی گەتمان
رووداو – لەندەن

No comments:

Post a Comment