Sunday, December 15, 2013

بۆ وەرگرتنی قەرزی بچوك وەزارەتی كار مژدە دەداتە گەورە كچان


qarzybchuk_782012_bلە رێگای پرۆژەیەكەوە كە لەلایەن وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كراوە ، لەساڵی داهاتوو گەورەكچان  تا تەمەنی 45 ساڵی قەرزی بچوكیان پێدەدرێت، پێشتر تەنها لەتەمەنی (16  تا 35 ) ساڵی بۆیان هەبوو ئەو قەرزە وەربگرن .

عەباس ئەكرەم وتەبیێژی وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو بارەیەوە بە خەندانی راگەیاند: بۆ ئەوەی زۆرترین كەس سوود لە قەرزی بچوك وەربگرن ، بەتایبەتی گەورە كچان تا تەمەنی 45 ساڵ  و ئەوانەی بەهەر هۆكارێك بێت هاوسەرگیریان ئەنجامنەداوە ، دەتوانن سوود لە یاسای قەرزی بچوك وەربگرن، كە پێشتر تەنها لەتەمەنی( 16  تا 35 ) ساڵی بۆیان هەبوو ئەو قەرزە وەربگرن .

عەباس ئەكرەم وتیشی: بۆ ئەو مەبەستە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی پرۆژەیەكی ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كرد، بەگوێرەی ئەو پرۆژەیە  كە لەكاتی ئێستا پەسندكراوە ، لەساڵی داهاتوو گەورەكچان هاوشێوەی گەنجانی تر  و بەهەمان مەرج و رێنمایی  گەنجانی تر دەتوانن قەرزی بچوك وەربگرن، بەمەرجێك پرۆژەیەكیان هەبێت  .

بەگوێرەی یاسای قەرزی بچوك كە لە پەرلەمانی كوردستان دەرچوە بڕی یەك ملیۆن دینار تا 15ملیۆن بەو گەنجانە دەدرێت كە تەمەنیان لە نێوان ( 16 - 35 ) ساڵیدایە  و پێویستە ئەو كەسە پرۆژەیەك ئەنجامبدات  و دەبێ لەماوەی پێنج ساڵدا قەرزەكە بگەرێنێتەوە بۆ حكومەت.

هەر بەگوێرەی زانیارییەكی وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی تاكو ئێستا نزیكەی شەش هەزاركەس سوودیان لە قەرزی بچوك وەرگرتووە و پێدانی قەرزەكەش بۆساڵانی داهاتوو بەردەوام دەبێت .
خەندان - رەهێل سەمەد

No comments:

Post a Comment