Wednesday, July 10, 2013

خوێندكارێكی كورد لە ئۆكراینا هەڕەشەی كوشتن و دیپۆرتكردنی لێدەكرێت


e10-6خوێندكارێكی خەڵكی شاری جوانڕۆی رۆژهەڵاتی كوردستان لە رێوڕەسمی دەرچووانی ئاستی دكتۆرا لە زانكۆیەكی ئۆكراینا ئاڵای كوردستان بەرز دەكاتەوە و چەندینجار دروشمی "بژی كوردستان" دەڵێتەوە. بەو هۆیەش لە لایەن باڵیۆزخانەی ئێرانەوە هەڕەشەی لێدەكرێت.
 
خوێندكاری كورد جەمال حوسێنی، ساڵی 2006 بە ئامانجی درێژەدان بە خوێندن، لەسەر ئەركی خۆی چووەتە ئۆكراینا و لە زانكۆی نێودەوڵەتی Bogomoletsی ئەو وڵاتە وەرگیراوە.
 
ئەو خوێندكارە كوردە لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا بە (رووداو)ی راگەیاند، هەر لەوكاتەی چووەتە ئەو وڵاتە لەگەڵ خوێندكارانی عەرەب، تورك و فارس تووشی كێشە بووە، بەهۆی ئەوەی خۆی بە كورد و وڵاتەكەشی بە كوردستان بە مامۆستاكانی ناساندووە.
 
حوسێنی بە پاسپۆرتی ئێرانی چووەتە ئۆكراینا، بەڵام خۆی پێ ئێرانی نییە و دەڵێت "هەموو كەس شانازی بە وڵاتی خۆیەوە دەكات، منیش شانازی بەوە دەكەم كە خەڵكی كوردستانم و هیوادارم حكومەتێكی سەربەخۆمان هەبێت".
 
ئەو خوێندكارە لە رێوڕەسمی دەرچوونی لە 21/06/2013 لە كاتی قسەكردنی شۆڕش خالید، باڵیۆزی عێراق لە ئۆكراینا ئاڵای كوردستان بەرز دەكاتەوە و دروشمی "بژی كوردستان" دەڵێتەوە. دوای ئەم كارە، خوێندكارانی ئێرانی لەدژی دەوەستنەوە و بە "جیاخواز و نیشتمانفرۆش" تۆمەتباری دەكەن.
 
دواتریش وەك بۆ خۆی دەڵێت، كەسێكی نزیك لە باڵیۆزی ئێران داوای لێدەكات ئاڵاكەی بشارێتەوە و خۆی بە ئێرانی بناسێنێت. هەروەها بەڵێنی دابینكردنی پێداویستی و پێدانی ئیمكاناتی لە ئێران پێدەدات.
 
ئەو كەسە پێیگوتووە كە بەرپرسانی باڵیۆزخانەی ئێران ئەو كارەی ئەو بە "دژایەتیكردنی حكومەتی ئێران لە ئاستی نێودەوڵەتی" دەزانن، كە بەپێی یاساكانی ئێران تاوانێكی گەورەیە.
 
جەمال حوسێنی دەڵێت گوێی نەداوەتە هەڕەشەكانی ئەو كەسە و لەكاتی وەرگرتنی بەڵگەنامەی دكتۆراكەی لە دەستی بەرپرسانی زانكۆ، ئاڵای كوردستانی بەرزكردووەتەوە.
 
وەكو ئەو خوێندكارە كوردە دەڵێت، دوای رێوڕەسمەكە چەندین جار كەسانی نەناسراو بە تەلەفۆن هەڕەشەی كوشتنیان لێكردووە و دوایین جاریش رۆژی 03/07/2013 لەلایەن باڵیۆزخانەی ئێرانەوە لە ئۆكراینا پەیوەندی پێوەدەكرێت و هەڕەشەی دیپۆرتكردنەوە و دادگایی لێدەكەن. دوای ئەو هەڕەشانە ماڵەكەی خۆی جێدێڵێت و ژمارەی تەلەفۆنەكەشی دەگۆڕێت.
 
ئەو دەڵێت ئەو مۆڵەتەی لە ئۆكراینا بۆ خوێندن پێیدرابوو زۆری نەماوە و چەند رۆژێكی دیكە تەواو دەبێت و ئەگەر داوای مافی پەنابەری نەكات، دەبێ ئەو وڵاتە جێبهێڵێت.
 
جگە لە تەواوبوونی مۆڵەتی مانەوە بۆ خوێندن، جەمال حوسێنی دەڵێت باڵیۆزخانەی ئێران هێزەكانی پۆلیسی ئۆكراینای هانداوە دەستبەسەری بكەن.
ئەو هۆكاری ئەوەی بۆ روون نەبووەتەوە كە بۆچی پۆلیس بەدوایدا دەگەڕێت، بەڵام لەوە دەترسێ كە باڵیۆزخانەی ئێران بەڵگەی "دۆسیەیەكی ساختەی یاسایی" لەسەر دروستكردبێ.
 
 بەپێی یاساكانی كۆچكردن، ئەگەر حكومەتێك داوای یاسایی لەسەر كەسێك هەبێ كە داوای مافی پەنابەری لە وڵاتێكی دیكە كردووە، ئەو كەسە لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر و دیپۆرت دەكرێتەوە. بۆیە خۆی رادەستی پۆلیس نەكردووە. جەمال حوسێنی گوتی "لە ترسی دەستگیركردنم لەلایەن پۆلیس لە گوندێكی ئۆكراینا خۆم شاردووەتەوە".
رووداو - هەولێر

No comments:

Post a Comment