Saturday, September 26, 2015

نوێترین بڕیاری یەكێتی ئەوروپا لەسەر كۆچبەران

پاش ئەوەی ئەنجومەنی ووڵاتانی یەكێتی ئەوروپا بەزۆرینەی دەنگ لەسەر چۆنێتی دابەشكردنی بەشێكی بەرچاوی ئەو كۆچبەرانەی كەلە ئیتاڵیا و یۆنانن كەشتنە ڕێكەوتن ، ماڵپەری ڕۆژنامەی ۆڵ ستریت جۆرناڵیش وردەكاری ڕێكەوتنەكە بڵاودەكاتەوە.
بەگوێرەی ووردەكاری ڕێكەوتنەكە ، 66 هەزار كۆچبەر كەلە ئێستادا لە یۆنان و ئیتاڵیان لەماوەی چەند مانگی داهاتوودا بەسەر ووڵاتانی تری یەكێـتی ئەورپادا دابەشدەكرێن و 55 هەزاری تریش بۆ ساڵی ئایندە دەبێت ئەگەر ئەو دوو ووڵاتە داوای هاریكاریان پێشكەش بە یەكێتی ئەوروپا كرد. 
هەرچەندە زۆرینەی ووڵاتانی یەكێتی ئەوروپا رێكەوتن لەسەر قۆناغی یەكەمی دابەشكردنی كۆچبەرانی ئەو ووڵاتانەی كەلەژێر فشاری كۆچبەراندان ، چوار ووڵاتی سنوریی ئەو یەكێتەیە پلانەكەیان ڕەتكردەوە كە ئەوانیش سلۆڤاكیا و پۆڵەندا و چیك و هەنگاریا بوون و تەنها وولاتێكیش كە دەنگی نەدا بە پلانەكە ووڵاتی فلەندا بوو.
لەلایەكی ترەوە لە ئوسترالیا و لەپاش دەستبەكاربوونی سەرۆك وەزیرانی نوێی ئەو ووڵاتە ، ماڵكۆن تێرنبووڵ ڕایگەیاند كە بەردەوامی دەدات بە سیاسەتی كۆچی ووڵاتەكەیی و بەوەش بەردەوام دەبن لە گێڕانەوەی بەلەمی كۆچبەران بۆ ئەو ووڵاتەی لێوەی هاتوون و ئەوەشی ئاشكراكرد كە ئەو كۆچبەرانەی كەلەئێستادا لە دوورگەكانی ناورۆ و پاپانیوگینیان ، كە بەشێكیان كوردن، هەرگیز لە ئوسترالیا نیشتەجێ‌ ناكرێن.
هاوكات ، ئەنجومەنی ووڵاتانی یەكێتی ئەوروپا لەڕاگەیەندراوێكدا كەلەسەر ماڵپەری فەرمی ئەنجومەنەكە بڵاوكراوەتەوە ، ووڵاتانی یەكێتی ئەوروپا داوا دەكەن كە بەزووترین كان هەوڵەكان بۆ كۆتایهێنان بە قەیرانی سووریا دەستپێبكانەوە ، ئەمەش وەك ئاماژەیەك بەزۆری لێشاوی كۆچبەران لەو ووڵاتەوە بۆ یەكێتی ئەوروپا و لەو باوەڕەدان كە چارەسەری ناوخۆیی ئەو ووڵاتە دەتوانێت قەیرانەكە چارەسەر بكات نەك پلانێكی كاتی یەكێتی ئەوروپا.

هەژار تەها

No comments:

Post a Comment