Wednesday, December 31, 2014

پارتە دژە كوردەكەی سوێد شكستی هێنا

كوردی سوێد خۆشحاڵن بە كۆتاییهاتنی قەیرانی سیاسی و ئابووریی ئەو وڵاتە و شكستی رەگەزپەرستەكانی ئەو وڵاتە بە سەرەتایەكی نوێ دەزانن بۆ وڵاتانی دیكەی باكووری ئەوروپا.    
رۆژی شەممەی رابردوو، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ستیڤان لۆفڤێن سەرۆكوەزیرانی سوێد كە هاوكات سەركردەی پارتی سۆسیال دیموكراتە، رایگەیاند كە "هەڵبژاردنی پێشوەخت" ناكرێت و پشتگیری باڵی راستی بۆ پرۆسەی سیاسیی وڵات راگەیاند. بەمەش قەیرانە گەورەكەی ئەو وڵاتە كۆتایی هات.
لە كۆنگرەكەدا جگە لە پارتەكانی ئەمسەری چەپ و ئەوسەری راست، هەموو پارتەكانی پەرلەمانی سوێد ئامادەبوون و رێككەوتنەكەیان بەناوی رێككەوتنی دیسەمبەر راگەیاند كە لەلایەن هاونیشتمانیانی سوید و مێدیاكانی ئەو وڵاتەوە بە رێككەوتنێكی چاوەڕواننەكراو و مژدەی ساڵ وەسفكرا.
ناوەڕۆكی رێككەوتنەكە بریتییە لە رێككەوتنی پارتەكانی پەرلەمان بە هەردوو باڵی راست و چەپییەوە، لەسەر بەردەوامبوونی پرۆسەی سیاسی و ئیدارەكردنی وڵات لەلایەن پارتی سۆسیال دیموكرات و هاوپەیمانەكەی كە پارتی ژینگەیە بۆ ماوەی 7 ساڵی دیكە، واتە هەتا هەڵبژاردنەكانی داهاتوو. بەواتای پارتەكانی باڵی راستی ئۆپۆزسیۆنی سوێد، رێگە بە حكومەت دەدەن بە دەنگە كەمەكانییەوە توانای تێپەڕاندنی پڕۆژە یاساكانی بودجە و ئاسایش و پرۆسە سەربازییەكانی هەبێت لەو ماوەیەدا كە پێشتر بەهۆی دەنگی پارتی سوێدییە دیموكراتەكان و پشتگیرینەكردنی باڵی راست، ئەم توانایەی نەبوو. 
ئەنجامی ئەم هاوكێشەیە شكستی سوێدییە دیموكراتەكانی رەگەزپەرستی دژە بیانییە كە پاشخانێكی نازیانەی فاشیستی هەیە و جەخت لەوە دەكەنەوە كە سوێد بۆ سویدییە رەسەكانە. وەك سەرۆكی پارتەكە گوتبووی "نەتەوەكانی دیكە ناتوانن سویدی بن، ئەگەر نەتوێنەوە و واز لەنەتەوەی خۆیان نەهێنن". ئەو نموونەی لەسەر كورد هێنابووەوە و بەوەش كوردی ئەو وڵاتەی نیگەران كرد. 
كوردی سوێد كە پێكهاتەیەكی سەرەكیی بیانیانی ئەو وڵاتەن، بەوە خۆشحاڵن. وەك كوردێكی ئەو وڵاتە دەڵێت "ئەمە سەرەتایەكە بۆ شكستی پارتە رەگەزپەرستەكان". كاوان مەحموود كە زیاتر لە 29 ساڵە لە سوید دەژی و لە فەرمانگەی كاری ستۆكهۆڵم كار دەكات بە(رووداو)ی گوت "لە وڵاتانی دیكەی ئەسكەندەناڤیا ئەزموونێكی لەم شێوەیە هاتبووە پێش و زیادبوونی رێژەی رەگەزپەرستەكان لە سوێد پشتێكی بەهێزبوو بۆ ئەوان". گوتیشی "ئەم شكستەی سوێدییە دیموكراتەكان لەپەرلەمان، شكستی ئەوانیشە".
ئیسلامییەكان هاوكێشەن
سڤێرییە دیموكراتەرنا (سوێدییە دیموكراتەكان) بنەمای كاریان لەسەر سیاسەتی دژ بە بیانییەكانە و شەڕی ئەمدواییەی داعش لەلایەك و رۆڵی ئیسلامییە توندڕەوەكان لەلایەكی دیكە كاریگەری لەسەر راكێشانی سۆزی سویدییەكان هەبووە، بۆ دەنگدان بەم پارتە. 
هاوتا سەعید، سیاسییەكی كوردی شاری ستۆكهۆڵمە و دەنگی بە پارتێكی چەپ داوە، دەڵێت "من لە دژی ئەو پارتە دەنگم بە ژینگە دا". 
ئەو لە روانگەیەكی دیكەشەوە ماف بە سوێدییەكان دەدات، وەك هەڵوێستێك بەرامبەر رەفتاری نامۆی پەنابەرەكان دەنگ بەو جۆرە پارتە بدەن "دەنگدانی سوێدییەكان پەرچەكردارە بەرامبەر هەڵویستی ئیسلامییە توندڕەوەكان".  
ئەو نموونەی بە كارە نامۆكانی سۆماڵییەكان لە سوێد هێنایەوە و گوتی "منیش بم لەبری سودییەكان،  دەنگ بە رەگەزپەرستەكان دەدەم، كاتێك ببینم پارەی وڵاتەكەم دەخورێت و لە خێرەكەی بخۆن و پاشان بیسووتێنن". 
مانگی رابردوو، پۆلیسی هەواڵگریی سوێدیی كە بە(سێپۆ) ناسراوە، رایگەیاند كە 350 كەسی سوێدی چوونەتە ناو داعش. ئەمە ترسی لای سویدییەكان دروست كردووە كە لە گەڕانەوەیاندا توندوتیژی بەرەو وڵات بهێنن. هەموو ئەمانە كاریگەری لەسەر دروستكردنی رق لای سویدییەكان بەرامبەر بیانییەكان هەیە و ئەوەشە وا لە پارتێكی وەك سویدییە دیموكراتەكان دەكات بڵێت "هەر حكومەتێك پشتگیری بیانییەكان بكات، دەیڕووخێنین". ئەمە گوتەی سەرۆكی حیزبەكەیە و لە گفتوگۆكانیشیاندا نەیانشاردووتەوە كە راستەوخۆ دژایەتی پارتی ژینگە دەكەن. 
لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنیدا لە (رووداو)ەوە جەبار ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی سوێد لەسەر لیستی پارتی ژینگە گوتی "پشتگیری بیانییەكان هەڵوێستی مرۆڤایەتی پارتی ئێمەیە و دژایەتی ئەو پارتەش بۆ ئێمە دژایەتیكردنی مرۆڤایەتییە". 
بەبڕوای جەبار ئەمین هەر ئەوەشە پاڵی بە راستەكانەوە نا هاوپەیمانێتی چەپی دەسەڵاتدار بكەن، وەك هەڵوێستێكی نیشتمانیی.
هاوپەیمانێتییەكە كە رێكەوتنی دیسەمبەری لێكەوتەوە، تەنیا پارتی سویدییە دیموكراتەكانی تەریك نەخست، بەڵكو پارتی چەپیش، كە هاوپەیمانی یەكەمی رابردووی پارتی ژینگە بووە، لەنێویان نەبوو. جەبار ئەمین لەوبارەیەوە گوتی "پارتی سۆسیال دیموكرات، چەپ بە هاوپەیمانی خۆی نازانێت و ئێمەش لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت بەرنامەی سۆسیال دیموكراتمان قبوڵ كردووە". 
"پارتی چەپ، سۆسیال دیموكرات بە پارتێكی چەپی راستەقینە نابینێت و باوەڕێكی تەواویشی بە حكومەتەكەی نییە". ئەمە كۆمێنتی ئامینە كاكە باوە، ئەندامە تاقانە كوردەكەی پارتی چەپە لە پەرلەمانی سوید. پێشتر ئەو بە (رووداو)ی گوتبوو "باوەڕمان بە ئەجێندای سۆسیال دیموكرات نییە".
ئاراس فەتاح ئەندامێكی كوردی چالاكی سۆسیال دیموكرات هێما بۆ ئەوە دەكات كە "سۆسیال دیموكرات بەرنامەیەكی واقعبینانەی بۆ چارەسەری پرسە ئابووری و سیاسییەكانی سوید هەیە". دەشڵێت "یەكەمین پارتی بیانی دۆستە و هەڵوێستی جددیی لەسەر كورد هەیە". بەڕای ئەو شتێكی سەیرە كورد لە پارتەكانی دژ بە سۆسیال دیموكرات بن و گوتی "ژمارەیەكی كەمی كورد هەن كە لە پارتەكانی دژ بە سۆسیال دیموكرات بن".
لاوێن رێدار ئەندامی پەرلەمانە لەسەر لیستی پارتی سۆسیال دیموكرات دەڵێت "كورد نەتەوەیەكی كارای نێو بیانییەكانی سویدە، رۆڵیان لە یەكلاكردنەوەی ململانێكاندا هەیە". بەبڕوای ئەو "سەركەوتنی هاوپەیمانێتی چەپ بۆ دەوڵەت سەركەوتنی كورد و هەموو بیانییەكانی سوێدە".
لە ئەگەری دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكاندا كە بڕیار بوو كۆتایی ئەم مانگە بڕیاری لەسەر بدرێت و 22ی مانگی ئاداری ساڵی داهاتوو سازبكرێت، كورد بەشدارییەكی كارای دەبوو، كە لە راپۆرتەكانی پێشووی رووداودا، زۆر لە كوردی ئەو وڵاتە جەختیان لەسەر كردبووەوە. بەڵام بەپێی راپرسییەكی فەرمانگەی بەدواداچوونی سوێد، جیاوازییەكان ئەوتۆ نەدەبوون و باڵی چەپی فەرمانڕەوا وەك خۆیان دەمانەوە و هاوكێشەكە گۆڕانكارییەكی وای بەسەردا نەدەهات. 
سۆران ئەحمەد كە رۆژنامەنووسێكی كوردە لە سوید بە(رووداو)ی گوت "ئەم هەوڵە شسكتخواردووەی سڤێرییا دیموكراتەنا كورد و بیانیانی سویدی بەئاگا هێنایەوە و سوێدییەكانی خستە بەردەم بڕیاری چارەنووسساز". 
لە هەڵبژاردنەكانی ئەمساڵی سوێد، بۆ یەكەمجار لە مێژووی ئەو وڵاتەدا كورسی  رەگەزپەرستەكان گەیشتە 49 كورسی كە دەكاتە 13%ی كۆی كورسییەكان كە ئەوەش بەلای بە رەچەڵەك بیانییەكانی ئەو وڵاتەوە بە زەنگی مەترسی دادەنرێ.
شاد محه‌مه‌د - ڕووداو

No comments:

Post a Comment