ئه‌و كوردانه‌ی به‌هیوای ژیانێكی باشتر له‌تاراوگه‌وه گه‌ڕانه‌وه بۆ هه‌رێم، ئه‌مڕۆ رووبه‌رووی ده‌رده‌سه‌ری بێكاری بوونه‌ته‌وه‌و به‌شێكیان ئاوات به‌وه ده‌خوازن بڕیاری گه‌ڕانه‌وه‌یان نه‌دابایه.
سلێمان مزوری یه‌كێكه له‌و كوردانه‌ی پاش ده ساڵ له‌ژیان له‌هۆڵه‌ندا گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ هه‌رێم، باسی ساتی گه‌ڕانه‌وه ده‌كات‌و ده‌ڵێت "ئێجگار ئاسووده بووم كاتێك گه‌یشتمه‌وه فرۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر، ته‌نانه‌ت چاوه‌كانم پڕ له‌فرمێسك بوون".
سلێمان وه‌ك خۆی ده‌ڵێت به‌هیوای گوزه‌رانێكی باشتر بۆ هه‌رێم گه‌ڕاوه‌ته‌وه، به‌ڵام هیچی ده‌ستگیرۆ نه‌بوو جگه له‌دانیشتن له‌ماڵی برا گه‌وره‌كه‌ی پاش ئه‌وه‌ی سه‌ری به‌چه‌ندین ده‌زگادا كردووه، هه‌ر بۆیه پاش مانه‌وه بۆ ساڵێك ئێستا بۆ جارێكی تر بڕیاری داوه بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وروپا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌زانێت له‌وێش ژیانی ئاسان نابێت.
كێشه‌ی سلێمان، هه‌مان كێشه‌ی ئه‌و شه‌ش هه‌زار ژن‌و پیاوه‌یه كه له‌ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوودا گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ پارێزگای دهۆك، ئه‌م ئاماره دڵشاد عه‌زیز ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌رێوه‌بردنی كۆمه‌ڵه‌ی په‌ناهه‌نده گه‌ڕاوه‌كان ده‌یخاته روو، دڵشاد به"نیقاش"ی وت "زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی ده‌گه‌ڕێنه‌وه لێره كاریان ده‌ست ناكه‌وێت، خۆشبه‌ختترینیشیان ئه‌وانه‌ن كه كارێكی وه‌ك شۆفێری تاكسی ده‌دۆزنه‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زمان ده‌زانن‌و له‌رووی لێهاتوییه‌وه كه‌سانی به‌توانان".
به‌قسه‌ی دڵشاد بێكاری تاكه كێشه‌ی په‌ناهه‌نده گه‌ڕاوه‌كان نییه، چونكه به‌شی زۆری ئه‌وانه‌ی رۆیشتوون چی موڵك‌و ماڵیان له‌كوردستاندا هه‌بووه فرۆشتویانه‌و كه چوونه‌ته ئه‌وروپاش هیچیان ده‌ست نه‌كه‌وتووه‌و گه‌ڕاونه‌ته‌وه، بۆیه ئێستا خاوه‌نی هیچ شتێك نین له‌هه‌رێمدا.
حسێن ئه‌حمه‌د یه‌كێكه له‌و گه‌ڕاوانه‌و له‌مڕووه‌وه به"نیقاش"ی وت "به‌ر له‌شه‌ش ساڵ كاتێك به‌ره‌و ئه‌وروپا كه‌وتمه ڕی بڕی ده هه‌زار دۆلارم خه‌رجكرد تا گه‌یشتمه ئیتالیا، ئه‌و تاكسییه‌ی هه‌مبوو فرۆشتم، به‌ڵام دواتر بڕیارمدا بگه‌ڕێمه‌وه به‌و هیوایه‌ی له‌كوردستان گوزه‌رانم باشتر بێت، كه‌چی وا ده‌رنه‌چوو".
دڵشاد عه‌زیز ئاماژه به‌وه ده‌كات كه كۆمه‌ڵه‌كه‌ی ئه‌وان كاری كردووه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی كار بۆ گه‌ڕاوه‌كان‌و ده‌ڵێت "سه‌رمانكرد به‌چه‌ند رێكخراوێكی بیانی‌دا بۆ دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كار، چونكه ئه‌وانه‌ی گه‌ڕاونه‌ته‌وه زمان ئه‌زانن، به‌ڵام ئه‌و كارانه‌ی ده‌ست ده‌كه‌ون به‌راورد به‌ژماره‌ی گه‌ڕاوه‌كان زۆر كه‌من".
ئه‌وه‌ش باس ده‌كات كه پرۆژه‌یه‌كیان داوه‌ته وه‌زاره‌تی ناوخۆ تا كار بكرێت بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی فه‌رمانبه‌رن هه‌روه‌ها پارچه‌یه‌ك زه‌وی‌و موچه‌ی مانگانه‌ی 250 هه‌زار دینار وه‌ربگرن.
له‌لای خۆیه‌وه دایكی جه‌میله كه ماوه‌ی 14 ساڵه له‌سوید ده‌ژی ئاماژه به‌وه ده‌كات پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی منداڵه‌كانی ناتوانن خۆیان له‌گه‌ڵ سیسته‌می خوێندنی كوردستاندا بگونجێنن‌و ده‌ڵێت "بایی ئه‌وه‌نده پاره‌مان پێ نییه منداڵه‌كان بنێرینه خوێندنگا بیانییه‌كان، له‌خوێندنگا حكومییه‌كانیشدا سه‌ركه‌وتوو نابن، بۆیه وازیان له‌خوێندن هێناوه".
دایكی جه‌میله ئاماژه به‌وه ده‌كات كه ماوه‌ی دوو مانگه زۆری له‌هاوسه‌ره‌كه‌ی كردووه بۆ ئه‌وه‌ی رێگایه‌ك بدۆزنه‌وه تابتوانن بگه‌ڕێنه‌وه بۆ سوید، چونكه منداڵه‌كانیان توانای خۆگونجاندنیان نییه.
له‌هه‌مان رووه‌وه دكتۆر جاجان جومعه راگری كۆلێژی په‌روه‌رده‌ی بنه‌ڕه‌تی زانكۆی دهۆك به"نیقاش"ی راگه‌یاند كه په‌ناهه‌نده‌كان پێویستی زۆریان به‌پاڵپشتی هه‌یه به‌تایبه‌تی له‌رووی دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كاره‌وه.
ناوبراو داوا له‌حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كات ناوه‌ندی راهێنان بۆ ئه‌و گه‌ڕاوانه بكاته‌وه‌و ده‌ڵێت "ئه‌وان ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ژینگه‌ی كوردستان دابڕاون، بۆیه تووشی خه‌مۆكی‌و نائارامی بوون‌و ناكرێت فه‌رامۆش بكرێن".
ئه‌و پێی وایه ده‌بێت به‌وردی كار له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌و فێركردنی ئه‌و گه‌ڕاوانه بكرێت‌و ده‌ڵێت "ده‌بێت حكومه‌ت خوێندنگای تایبه‌تیان بۆ بكاته‌وه كه گران نه‌بێت له‌سه‌ریان، هه‌روه‌ها قه‌رزی بچوكیان بداتێ تا پرۆژه‌ی ئابوری تایبه‌ت به‌خۆیان بكه‌نه‌وه".
نیقاش | عەبدولخالق دۆسکی
No comments:
Post a Comment