Sunday, March 17, 2013

ئەندام پەرلەمانێكی سكۆتلاندا بەجلی كوردییەوە یادی هەڵەبجەو ئەنفال كردەوە


بەپێی ئەو زنیارییانەی دەست لڤین پرێس كەوتووە ئەندام پەرلەمانێكی سكۆتلاندا بەجلی كوردییەوە یادی هەڵەبجەو ئەنفال كردەوە.

هەنزەڵا مالیك ئەندام پەرلەمانی سكۆتلاندا، بۆنەیەكی رێكخست لەپەرلەمانی ئەو وڵاتە، لەڕۆژی (١٤/٣/٢٠١٣) بۆ یادكردنەوەی تاوانەكانی هەڵەبجەو ئەنفال. 

ژمارەیەكی زۆری رەوەندی كوردی لەسكۆتلاندا ئامادەی بۆنەكەبوون، هەروەها ژمارەیەك لەئەندامانی تری پەرلەمانی سكۆتلانداو پارێزەرو پزیشك ئامادەی بۆنەكە بوون.

هەنزەڵا مالیك، كە جلی كوردی پۆشیبوو، بۆنەیەكەی بەچەند وتەیەك دستپێكرد، دوای ئەوە فیلمێكی دۆكومینتاری بەناوی 'ئەنفال'ەوە پێشكەشكرا كە لەدەرهێنانی هونەرمەندی ناسراو (گوین رۆبرتز)، فیلمە دۆكۆمینتارییەكە ئەو تاوانانەی پیشاندا كە دژی كوردەكانی عێراق ئەنجامدرابوو لەلایەن ڕژێمی بەعسی عێراقەوە. 

لەبەشێكی تری بۆنەكەدا، د. گۆران عەبدوڵڵا، خوێندكاری دكتۆرا لەزانكۆی ئەدەنبرە وتەیەكی پێشكەشی ئامادەبووان كردو لەوتارەكەدا وێرای سوپاسی ڕەوەندی كوردی بۆ هەوڵ‌و ماندبوونەكانی ئەو ئەندام پەرلەمانەی كە بۆنەكەی رێكخستبوو ئەندام پەرلەمانەكانی تر كە لەهەوڵی ناساندنی تاوانی جینوسایدی كوردن لەسكۆتلاندا، تیشكی خستە سەر ئەو بەربەستانەی هاتوونەتە پێش باشتركردنی بارودۆخی قوربانییەكانی ئەنفال‌و كیمیابارن لەئێستاداو چۆن سكۆتلاندا دەتوانێت هاوڕێ‌و هاوپەیمانێكی گرنگ بێت بۆ سەركەوتن بەسەر ئەو كێشانەدا. 

لەكۆتایشدا، هەنزەڵا مالیك جارێكی تر جەختی لەسەر ئەوە كردووە كە ئەو چەند جارێك سەردانی كوردستانی كردووەو لەنزیكەوە ئاگای لەتواناو تینوییەتی كوردە بۆ پێشكەوتن‌و سەركەوتن بەسەر ئازارەكانی رابووردوودا، هەروەها ئومێدی خۆی دەڕبڕی بۆ هەبوونی چانسێكی گەورە لەبەردەم هەردوو گەلی كوردو سكۆتلاندا بۆ هاوكاری‌و پاڵپشتیكردنی یەكتری، ئامادەبووانیش خۆشاڵی خۆیان دەربڕی بۆ ئەو پشتگیرییەی لەلایەن پەرلەمانی سكۆتلانداوە پێشكەشیان دەكرێت‌و ئامادەباشی خۆیان پیشاندا بۆ پێكەوە كاركردن لەپێناو خزمەتكردنی دۆزی كورد لەسكۆتلاندا. 
 لڤین پرێس 

No comments:

Post a Comment