هه‌ژار ته‌ها |
له‌ساڵی 2001ه‌وه تاكو ئێستا، (20) حوزه‌یرانی هه‌موو ساڵێك كراوه‌ته ڕۆژی جیهانی په‌نابه‌ران، ئه‌مه‌ش به‌بڕیارێكی كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له‌كۆتاییه‌كانی ساڵی (2000)دا ناسێنرا.
مه‌به‌ست له‌م یاده بیرهێنانه‌وه‌ی وڵاتانی جیهانه سه‌باره‌ت به‌قه‌یرانی كۆچ‌و خستنه‌گه‌ڕی هه‌وڵه‌كانیان بۆ جێگیركردنی ڕه‌وشی جیهان به‌گشتی به‌ئاڕاسته‌یه‌ك كه جگه له‌كۆچی یاسایی كۆچه‌كانی تر، به‌شێكیان به‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی مافی په‌نابه‌رێتی ئه‌نجام ده‌درێن‌و به‌شێكی تریان به‌هۆی گرفتی كاتی ناوخۆی وڵاتانه‌وه ڕووده‌ده‌ن‌و دانیشتوانی ئه‌و وڵاته ده‌بنه ئاواره له‌وڵاتانی تر ڕابگیرێت.
هه‌موو ساڵێك له‌م ڕۆژه‌دا كۆمیسیۆنی باڵای په‌نابه‌رانی سه‌ر به‌ته‌نه‌وه یه‌كگرتووه‌كان، تازه‌ترین ئامار‌و ڕێژه‌ی په‌نابه‌ران له‌جیهاندا بڵاوده‌كاته‌وه‌و له 2011دا به‌پێی زانیارییه‌كانی كۆمیسیۆن، زیاتر له (800) هه‌زار مرۆڤ ناچاربوون سنوری وڵاته‌كه‌ی خۆیان به‌ره‌و وڵاتێكی تر به‌جێ بهێڵن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌رجه‌م جۆره‌كانی كۆچ وه‌ك ئاواره‌بوون له‌ناوخۆی وڵات‌و ئاواره‌بوون بۆ وڵاتێكی تر، له‌شێوه‌ی كۆڕه‌و‌و كۆچ به‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی مافی په‌نابه‌رێتی وه‌ربگیرێت، ئه‌وا زیاتر له (42) ملیۆن مرۆڤ له‌قه‌یرانی كۆچدان.
به‌بڕوای پسپۆڕان، كۆچ به‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی مافی په‌نابه‌رێتی‌و به‌ڕێگه‌ی قاچاخ زۆرترین قه‌یرانی بۆ وڵاتانی جیهان دروستكردووه، چونكه كاره‌كه به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی ده‌كرێت، به‌مه‌ش خراپترین‌و ترسناكترین ڕێگه ده‌گیرێته‌به‌ر له‌یه‌ن په‌ناخوازانه‌وه به‌مه‌به‌ستی گه‌شتن به‌وڵاتانی وه‌رگر.
جگه‌له‌وه‌ش بازارێكی گه‌رمی دروستكردووه بۆ ئه‌وكه‌سانه‌ی كه بازرگانی به‌مه‌ینه‌تییه‌كانی مرۆڤه‌وه ده‌كه‌ن‌و پێیان ده‌ڵێن (قاچاخچی).
ڕووباری ئه‌ڤیروسی نێوان توركیا‌و یۆنان‌و ئاوه‌كانی نێوان ئوستڕالیاو ئه‌نده‌نوسیا هێشتا بوونه‌ته ڕووباری مه‌رگ‌و ڕۆژانه په‌ناخوازان ده‌كه‌نه قووتی ده‌ریا.
وه‌ك نمونه‌یه‌ك له‌پاش دووساڵ له‌دیارنه‌مانی نزیكه‌ی (99) په‌ناخواز كه به‌شێكیان عێراقی بوون له‌ئاوه‌كانی نێوان ئوسترالیا‌و ئه‌نده‌نوسیا، له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی ڕابردوودا هه‌واڵی چۆنێتی دیارنه‌مانی ئه‌و په‌ناخوازانه ئاشكرابوو.
سه‌باره‌ت به‌و وڵاتانه‌ش كه زۆرترین كۆچیان به‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی مافی په‌نابه‌رێتی لێوه ڕووده‌دات، هێشتا عێراق له‌ڕیزی پێشه‌وه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌یه‌و ته‌نها له‌ساڵی (2011)دا (23) هه‌زار‌و پێنجسه‌د هاوڵاتی عێراقی داوای مافی په‌نابه‌رێتیان له‌جیهان كردووه كه به‌شێكی زۆریان كه‌یسه‌كانیان به‌بیانووی جۆراوجۆر ڕه‌تكراوه‌ته‌وه.
هه‌ژار ته‌ها
NNA
No comments:
Post a Comment