Sunday, April 15, 2012

خێزانێكی كورد لە پاركێكی سكۆتلەندا دەژیت


كارزان عومەر: دەڵێی ئاژەڵین لێرە دەژین

كارزان عومەر و ژنەكەی بەناوی شێوە محەممەد، بەهۆی ئەوەی داوای پەنابەرییان لەلایەن حكومەتی سكۆتلەنداوە رەتكراوەتەوە، ئێستا لەسەر شەقامەكان و نێو پاركەكانی شاری گلاسكۆی پایتەختی ئەو وڵاتە دەژین.
بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی (Herald Scotland) ، كارزان و شێوەی ژنی بەهۆی رەتكردنەوەی داواكەیان، چیدیكە هاوكاری حكومەتی سكۆتلەندی نایانگرێتەوەو ئێستا ناچاربوون شەوان لەنێو پاركێكی ئەو شارەدا بخەون و رێكخراوی خاچی سووریش جێگەی سەفەری پێداون.
بەڵام كارزان ئاشكرایكرد كە بێزاربووە لەو ژیانە و داوایكرد كە حكومەتی سكۆتلەندی رێگەچارەیەكیان بۆ بدۆزێتەوە و گوتیشی" ئێمە دەڵێی ئاژەڵین لێرە دەژین". 
بەپێی راپۆرتەكە، ئەو خێزانە پەناخوازانەی لەسەر شەقامەكانی شاری گلاسكۆی پایتەختی سكۆتلەندا دەژین، زۆربەیان كوردن. ئەو خێزانانە لەلایەن رێكخراوی خاچی سوورەوە جلوبەرگ و جێگەی نوستنیان پێدراوە، ئاشكراشیان كردووە زیاتر لە سەتان خێزانی پەناخواز كە حكومەتی سكۆتلەندی داوای مافی پەنابەری رەتكردوونەتەوە، لەم رەوشەدا دەژین.
 ماوەیەكە حكومەتی سكۆتلەندی بڕیاریداوە راستەوخۆ ئەو پەناخوازانە دیپۆرت نەكاتەوە كە دادگا داواكەیان رەتدەكاتەوە، ئەمەش وایكردووە كە ژمارەی ئەو پەناخوازانەی لەسەر شەقام و پاركەكان دەژین، زیاد بكات.
سەبارەت بە هاوكارییەكانی رێكخراوی خاچی سوور، كارزان دەڵێ" هاوكارییەكان هیچ نین، یەك پێخەفی سەفەریان داوە بە من و خێزانەكەم و پێیانگوتین بڕۆن لەنێو باخچەكان بخەون".
كارزان ئاشكراشی كردووە كە بێجگە لە جێگەی سەفەری، دەستەسڕ و شامپۆشیان داونەتێ.
بەڵام وتەبێژی خاچی سووری بەریتانیی رەتیكردووەتەوە كەوا ئەوان داوایان لەو پەناخوازانە كردبێ لەنێو پاركەكان بخەون و گوتیشی" ئێمە هەرگیز داوامان لە خەڵك نەكردووە لە پاركەكان بژین".
بەڵام ئەو وتەبێژە ئەوەشی ئاشكراكرد كە ئەركی سەرەكی ئەوان، ئەوەیە هاوكاری بۆ ئەو پەناخوازانە دابین بكەن كە هیچ شوێنێكیان نییە و هەندێ پێداویستیان بۆ دابین بكەن، تاوەكو بە پاكوخاوێنی بمێننەوە.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە زۆربەی ئەو پەناخوازانە لە چ وڵاتێكەوە هاتوون، وتەبێژی ئەو رێكخراوە گوتی" زۆربەیان خەڵكی زیمبابۆی، عێراق و ئەفغانستانن".
رووداو - Herald Scotland


No comments:

Post a Comment