Sunday, July 5, 2015

په‌ڕینه‌وه‌و گیانله‌ده‌ستدانی‌ كۆچبه‌ران ڕیكۆردێكی‌ نوێ‌ تۆمار ده‌كات

بەپێی دواهەمین ڕاپۆرتی كۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان ، نزیكەی 137 هەزار كۆچبەر لەماوەی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا و لەڕێگەی ئاوەكانی دەریای ناوەڕاستەوە خۆیان گەیاندۆتە ووڵاتانی باشووری ئەوروپا.
ڕاپۆرتەكە ئاماژە بۆئەوەدەكات كە ئەم ژمارەیەش بەڕێژەی زیاتر لەسەدا 80 ( هەشتا) زیاترە لە ژمارەی ئەو كۆچبەرانەی لەماوەی شەش مانگی یەكەمی ساڵی پاردا و لەڕێگەی دەریای ناوەڕاستەوە گەشتونەتە ووڵاتانی یەكێتی ئەوروپا ، واتە لەماوەیەدا و لەساڵی پاردا تەنها 75 هەزار كۆچبەر لەڕێگەی دەریای ناوەڕاستەوە گەشتونەتە ووڵاتانی یەكێتی ئەوروپا.
سەبارەت بە ئاماری گیانلەدەستدانی كۆچبەرانیش لەپێش گەشتنیان بە ووڵاتانی یەكێتی ئەوروپا لە دەریای ناوەڕاستدا لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا ، ڕاپۆرتەكە دەڵێت 1867 ( هەزاروهەشت سەد و شەست و حەوت) كۆچبەر گیانیان لەدەستداوە ، كە ئەمەش بەڕێژەی سێ ئەوەندە لەچاو ساڵی پاردا زیاترە.
هاوكان ، سەرەراِی بەردەوامی قەیرانی كۆچیش لەنێوان سنورە ئاویەكانی ووڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا ، هەتا سەرەتای مانگی ڕابردوو ، هیچ كۆچبەرێكی نایاسایی نەیاتوانیوە خۆیان بگەیەننە ووڵاتی ئوسترالیا كەلە ڕابردوودا پەڕینەوەی كۆچبەران بەشێوەیەكی نایاسایی و لەڕێگەی دەریاوە بۆ ئەو ووڵاتە بووبوە دیاردەیەك كە زۆرجاریش بە گیانلەدەستدانی ئەو كۆچبەرانە كۆتایی دەهات ، كە ئەمەش بەهۆی ئەو توندكردنەوەی سیاسەتی كۆچی ئەو ووڵاتەوەیە بەرامبەر كۆچبەرانی نایاسایی و ئەویش لەڕێگەی گێرانەوەی بەلەمەكانیانە بۆ ئەو ووڵاتەی لێوەی هاتوون یان دیپۆتكردنیانە بۆ كەمپەكانی دەرەوەی ئوسترالیا بەجۆرێك كە سەرجەم ڕێكخراوەكانی داكۆكیكار لە مافی كۆچبەران ئەو سیاسەتە بە پێشێلكردنی مافی كۆچبەر و پەنابەران وەسف دەكەن.
سەبارەت بە ناسنامەی ئەو كۆچبەرانەش كەلە ئاوەكانی دەریای ناوەڕاستەوە پەڕیونەتەوە بۆ ناو یەكێك لە ووڵاتانی یەكێتی ئەوروپا ، ڕاپۆرتەكە ئاماژە بۆ ئەوەدەكات لەسەدا 34 ی ئەو كۆچبەرانە بەڕەگەز سووری بوون ، واتە لە هەر سێ كۆچبەرێك لە یەكێكیان سووری بووە . هاوكات ، كۆچبەرانی بەڕەگەز عێراقیش لەڕیزبەندی پێشەوەی ئەو ووڵاتانەن كە سەرچاوەی دروستبوونی كۆچبەرن لەپاش ووڵاتانی تری وەك ئەفغانستان و ئەریتریا و سۆماڵ و نێجیریا.
سه‌رچاوه‌كان: ماڵپه‌ری‌ فه‌رمی‌ كۆمیسیۆنی‌ باڵای‌ په‌نابه‌رانی‌ سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، ماڵپه‌ری‌ ڕۆژنامه‌ی‌ گاردیان

No comments:

Post a Comment