Tuesday, July 28, 2015

ئەمساڵ ٥ هەزار هاووڵاتی کوردستانیان جێهێشتووە

لە ڕاپۆرتێکی ''یۆر میدڵ ئیست'' دا هاتووە کە شەپۆلێکی نوێی کۆچکردن کوردستانی گرتووەتەوە و تەنیا لە ماوەی حەوت مانگی ساڵی ٢٠١٥ دا پێنج هەزار هاووڵاتی کورد کوردستانیان جێهێشتووە، بەگشتی بەرەو ئەوروپا کۆچیان کردووە.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە لەو پێنج هەزار کەسە ٥٠ کەسیان تا ئێستا نادیارن، ئەوەش هاتووە کە ئەم کۆچە زیاتر بەهۆی سایتە کۆمەڵایەتییەکان و کەناڵە کوردییەکانەوە بووە.
لە ڕاپۆرتەکەدا چەند کەسێکی کورد قسەیان کردووە کە مامۆستای زانکۆ و ڕۆژنامەنووسیشیان تیادایە، یەکێک لەوانە قادر سەید باقییە کە لە ساڵانی ١٩٩٠ دا کوردستانی بەجێهێشتووە و لە ئێستادا لە بەریتانیا کاردەکات وتوویەتی ''گەنجانی کوردستان دەیانەوێت وەکو گەنجانی ئەوروپا بژین و پێیان وایە کە ئەوروپا جێگایەکی ئارامترە و بەختەوەری تیادایە''.

وتوشیەتی ''لێرە شتەکان هەموویان جیاوازن، من وەکو سەرۆک وەزیران و کوڕی سەرۆک وەزیران مافەکانم پارێزراوە، هەرگیز بە درێژایی ساڵ کارەبا نابڕێت، پەروەردە و فێرکردنیش پێشکەوتووە و کەوتووەتە سەر توانا و لێهاتوویی کەسەکان نەک باری دارایی خێزانەکان''.
ڕۆژنامەنوس کامار چۆمانی وتوویەتی ''گەنجانی کورد تەنیا لەبەر باری ئابووری کوردستان کۆچ ناکەن، بەڵکو کۆچ دەکەن چونکە پێیان وایە کە ناتوانن چیتر لە کوردستاندا خەونەکانیان بەدی بێنن.

چۆمانی وتووشیەتی ''هەموو کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن و نەوت و جگەرە و خواردنەوە کحولییەکان و کۆمپانیاکانی دروستکردن و بەگشتی هەموو کۆمپانیاکانی بازرگانیکردن لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە دەستیان بەسەردا گیراوە، حکومەتی هەرێم پێشتریش داڕووخابوو لەڕووی ئابووری و سیاسییەوە، ئەوەیش هەمووی بەهۆی سیاسەتەکانی یەکێتی و پارتییەوە بووە، بەهۆی سیاسەتەکانی ئەوانەوە ڕێژەی دانەمەزراو گەیشتووەتە سەرووی ٥٠% ئەوەیش لە کاتێکدایە کە لایەنگرانی پارتی و یەکێتی هەرچ شتێکیان بوێت بەدەستی دێنن، حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ دەستپێشخەرییەک بۆ گەنجان ناکات، بۆ نموونە چەند ساڵێک بەر لە ئێستا قەرزی بچوک بۆ بازرگانی بچوک و پێشینەی هاوسەرگیری هەبوو بەڵام تەنانەت ئەوانەش وەستاون لە ئێستادا''.
پشتیوان فەرەجی مامۆستای زانکۆی سلێمانیش کە لە ئێستادا خوێندکاری دکتۆرایە لە زانکۆی برونێل پێی وایە کە دەبێت لێکۆڵینەوە لەوە بکرێت کە بۆچی ئەو کەسانە ووڵات جێدەهێڵن.

ئەو مامۆستایە هۆکارەکانی جێهێشتنی کوردستانی بۆ شەڕی دژی داعش و کێشەی هەرێم و بەغدا لەسەر فرۆشتنی نەوت و گەمارۆی ئابووری بەغداد بۆسەر کوردستان و ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەکان کە نزیکەی ٢ ملیۆن دەبن گەڕاندەوە، هۆکارەکانی هەڵبژاردنی ئەوروپایشی لەلایەن گەنجانی کوردستانەوە بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە ئەوروپا دیموکراسی و ئازادی و دادوەری سیاسی و کۆمەڵایەتی زیاتری فەراهەم هێناوە، زیاتریش ڕێز لە مرۆڤەکان و مافەکانیان دەگیرێت، لەوەش گرنگتر حەزیان لە جەنگی ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە و ئەوروپایش دوورە لەو شەڕانە هەربۆیە هەڵیان بژاردووە.
د. ڕەئوف کەریم مەحمودی مامۆستای زانکۆی سلێمانی و سەرۆکی کۆلێژی زمان لە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی پێی وایە کۆچکردنی ئەمجارە کەیسێکی زۆر جیاواز و ترسناکە.
د. ڕەئوف باسی لە هۆکارەکانی کۆچکردنی گەنجانیش کردووە بەوەی کە خوێندکارانی زانکۆ بۆ ماوەی چەندین ساڵ هەوڵی تەواوکردنی خوێندن دەدەن و دواتریش زۆرینەیان بە بێکار دەمێننەوە، هێرشە بەردەوامەکانی داعش بۆسەر هەرێمی کوردستنا ترس و خەمۆکی لەلای گەنجان ئافراندووە و ئەوەیش هۆکارێکی ترە بۆ جێهێشتنی کوردستان. ئەو دکتۆرە پێی وایە کە کەیسەکە بەهۆی حزبە سیاسییەکانەوە زیاتر بەرەو خراپبوون دەڕوات و ڕۆڵی نەرێنی دەبێت و تا ئێستاش لایەنە سیاسییەکان لە بابەتەکە بێدەنگن، زۆربوونی ئاوارەکانیشی بە هۆکارێکی تر زانی کە ڕۆڵی دەبێت لە گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستاندا.
هاوکات مامۆستا زانا محمود حسن مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی چەند هۆکارێکی خستە ڕوو سەبارەت بە کۆچی گەنجانی کورد بۆ تاراوگە. مامۆستا زانا هۆکاری سەرەکی بۆ باری ئابووری خەڵک گەڕاندەوە و پێی وایە کە زۆرینەی گەنجان بەهۆی نادادی کۆمەڵایەتییەوە دەناڵێنن، بەمانایەکی تر هەندێک کەس کاری کەم دەکەن و پارەی زۆر بەدەست دێنن، ئەوەش لە کاتێکدایە کە کەسانی تر جەنگی مان و نەمان دەکەن بۆ بەدەستهێنانی خەرجی ژیانیان، هۆکارێکی تری بۆ نەبوونی دامەزراندنی ئەو هەزاران دەرچووەی زانکۆ گەڕاندەوە.
مامۆستاکە هۆکارێکی تری بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە گۆڕانکارییەکی زۆر کەم و بگرە هیچ گۆڕانکارییەکیش لە ناوچەکەدا بۆ ماوەی دوو دەیەیە نەهاتووەتە ئاراوە و تەنیا چەند کەسێک لەناو چەند گروپێکدا دەسەڵاتیان بەدەستهێناوە و ئامادەی ئەوەش نین کە جێگاکانیان بۆ نەوەی نوێ چۆڵ بکەن، ئاماژەیشی بۆ ئەوە کردووە کە سەرکردەکان بوون بە دیکتاتۆر و هەڵبژاردنەکان کاریگەری زۆر کەمیان لەسەر گۆڕانی سیستمی سیاسیی هەیە، ئەمەش کاریگەریی سایکۆلۆجی لەسەر هزری خەڵک هەیە.
هۆکارێکی سێیەمیشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە گەنجانی کورد تینوی ژیانێکی باشی دوور لە جەنگ و قەیرانن، بەڵام ئەم هەرێمە بەوە ناسراوە کە بووە بە جێگەی پێکدادان و جەنگەکان لە ئێستا و داهاتووشدا گروپێکی نوێ بە ستایلێکی نوێی شەڕەوە هاتووە و شەڕی بەرپاکردووە. ڕۆژانەش بە دەیان قەیران ڕوو لە خەڵک دەکەن هەر لەبەر ئەوەشە خەڵکی ئەم کوردستانە جێدەهێڵن.
لە ڕاپۆرتەکەشدا باس لەوە کراوە کە لە ساڵانی ١٩٧٠ کان و ١٩٨٠ کاندا کوردەکان ناوچە کوردییەکانی خۆیانیان جێهێشتووە و ئەوەش زیاتر بەهۆی زوڵم و زۆری سەدام حسێن و نەبوونی ئازادییەوە بوو، ئەنفال و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و خاپورکردنی ملیۆنان پارچە زەوی و گوند و هەزاران ماڵ و خانەوادەش ناچار بە ئاوارەبوون کران.

کۆشش بێستانسوری - مۆنیتەرینگ
ماڵپه‌ری ئێن ئاڕ تی 

No comments:

Post a Comment