سه‌ره‌ڕای نه‌بوونی داتا‌و ئاماری تاڕاده‌یه‌ك دروست و پشتپێبه‌ستراو له‌سه‌ر كۆی پرسه‌كه، كۆچكردن به‌شێوه‌ی قاچاخ لایه‌نی كه‌م پرسی گه‌رمی میدیا و سۆشیال میدیاكانه. وه‌ك ووترا، له نه‌بوونی داتا و ئاماری پێوستدا، میدیاكان له‌ڕێگه‌ی ووته‌ی خه‌ڵكه‌وه، چه‌ندین هۆكار بۆ پرسه‌كه ده‌خه‌نه ڕوو كه دیارترینیان نه‌بوونی هه‌لی كار و خزمه‌تگوزاریه گشتیه‌كان و به‌ربڵاوی گه‌نده‌ڵین. هۆكاره‌كان هه‌رچیه‌ك بن یان قه‌باره‌ی پرسه‌كه هه‌رچه‌نێك بێت، گه‌نجان باس له " كۆچ به‌شێوه‌ی نایاسایی " بۆ ده‌ره‌وه‌ی ووڵات ده‌كه‌ن. دیاره ناشكرێت ئه‌م كۆچه ته‌نها به‌مه‌به‌ستی ئیدانه‌كردنی كه‌مته‌رخه‌می حكومه‌ت بێت. بۆیه ئه‌و گه‌نجانه به‌دیدی خۆیان ئاسۆیه‌ك به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان، له‌وبه‌ر ده‌ریاوه به‌دی ده‌كه‌ن. من هه‌وڵ ده‌ده‌م بابه‌تیانه قسه له‌سه‌رئه‌وه بكه‌م ئاخۆ ئه‌و ئاسۆیه بوونی هه‌یه؟
دیاره یاساكانی كۆچی ووڵاتان سه‌باره‌ت به په‌نابه‌ران جیاوازیان هه‌یه، به‌ڵام سه‌رجه‌میان له‌سه‌ر بنه‌مای پرانسیپه‌كانی ڕێكه‌وتنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانی تایبه‌ت به په‌نابه‌رانی ساڵی 1951 نوسراون. له‌م ڕێكه‌وتنامه‌یه‌دا، پێناسه‌ی په‌نابه‌ر كراوه و سه‌رجه‌م ئه‌و ووڵاتانه‌ی كه ئه‌ندامی ئه‌م ڕێكه‌وتنامه‌یه‌ن و ئاماده‌ن مافی په‌نابه‌ران بپارێزن پایه‌ندن به‌و پێناسه‌یه‌وه كه ده‌ڵێت په‌نابه‌ر ئه‌و كه‌سه‌یه كه به‌هۆی ترسێكی به‌به‌ڵگه‌سه‌لمێنراوی له سته‌مێكی سیاسی (وه‌ك ئه‌ندامبوون له پارتێكی سیاسی)، كۆمه‌ڵایه‌تی، ئاینی، ڕه‌گه‌زی ( ئێتنیكی) یان نه‌ته‌وه‌یی ناتوانێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ ووڵاته‌كه‌یی یان لێهه‌ڵهاتووه یان به‌یه‌كێك له‌و هۆكارانه مافی ڕه‌گه‌زنامه‌ی ووڵاته‌كه‌ی لێسه‌ندراوه‌ته‌وه و به‌وه‌ش نایه‌وێت بگه‌ڕێـته‌وه ئه‌و ووڵاته. هه‌رچه‌نده سه‌لماندنی ئه‌و ترسه به‌به‌ڵگه‌وه كارێكی ئاسان نیه، به‌ڵام له‌ڕابردوودا هه‌بوونی ڕژێمێكی وه‌ك ڕژێمی به‌عس له عێراقدا كه سه‌رجم جۆره‌كانی سته‌می له‌به‌رامبه‌ر زۆرینه‌ی هه‌ره‌زۆری چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگای عێراقی پیاده‌كرد به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی هیچ ووڵاتێك تاڕاده‌یه‌كی زۆرباش نه‌توانێت مافی په‌نابه‌رێتی به‌عێراقیه‌كان نه‌دات.
هه‌رچه‌نده زۆر ووڵات ته‌حه‌فوزیان له‌سه‌ر كه‌یسه‌كانی هه‌رێمی كوردستان هه‌بوو به‌جۆرێك ده‌یانوت ئه‌وان خاوه‌نی حكومه‌ت و یاسای خۆبه‌ڕێوبه‌ری خۆیانن به‌ڵام ڕووداوه‌كانی شه‌ڕی ناوخۆ فاكته‌رێكی به‌هێز بوون بۆ ڕووانه‌وه‌ی ئه‌و ته‌حه‌فوزه و چیرۆكی به‌ڕازیلیه سوره‌كه وسیناریۆی كه‌ركوكی بوون په‌ناخوازانی ئه‌و كاته‌ی هه‌رێمیشی به‌زوویی ده‌كرده په‌نابه‌ر. له‌پاش ڕژێمی به‌عس، بارودۆخه‌كه گۆڕا. بۆ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان، جگه‌له‌هه‌ندێك چیرۆك و سیناریۆی كۆمه‌ڵایه‌تی شتێك نه‌مابوو به ناوی كه‌یس بۆ خه‌ڵكانی كۆچبه‌ری ئه‌م هه‌رێمه. له‌میانه‌ی چاوپێكه‌وتنێكم له‌گه‌ڵ په‌ناخوازێكی گه‌ڕاوه كه دیپۆرتكرابۆوه، ووتی به‌رپرسانی كۆچی ووڵاتان ئه‌وه‌نده شاره‌زان ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت بڵێیت خه‌ڵكی ناوچه‌یه‌كی بچوكی كوردستان‌م وه‌ك گوندێك یان ناحیه‌یه‌ك، ئه‌وان له‌ئێمه زۆرتر شاره‌زاییان له‌سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه هه‌یه. پاشان، هێنده‌ی نه‌برد كۆچی پێچه‌وانه بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی پێكرد و كۆچكردن به قاچاخ بوو به مێژوو.
پاشان، دروستبوونی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش و بڕینی بودجه‌ی هه‌رێم بوون به دوو فاكته‌ر كه هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌منی و ئابووریان له‌سه‌ر كوردستان دروستكرد. به‌ڵام هه‌ڕه‌شه ئه‌منیه‌كه، كه په‌یوه‌ندی به پرسی په‌نابه‌رانه‌وه‌یه، چونكه ده‌بوو، كه خۆشبه‌ختانه نه‌بوو، هێنده جدی و راسته‌وخۆ بووایه كه زۆر زوو بمانكاته په‌نابه‌ر. به‌ڵام قاره‌مانێتی هێزه پێشمه‌رگه ئه‌و ترسه‌ی به‌جۆرێك ڕه‌وانده‌وه كه هه‌رێمی كوردستان بوو به ناوچه‌یه‌ك كه هه‌موو جیهان له چاوی پێشمه‌رگه‌وه ئه‌و ئومێده‌یان لادروست بوو كه له‌ناوبردنی داعش ئاسته‌م نیه.
له‌باره‌ی پرسه ئابووریه‌كه‌شه‌وه ،هه‌رچه‌نده كاریگه‌ری به‌ڕاده‌یه‌ك خراپی له ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵك كردووه كه بۆ زۆرینه‌ی خه‌ڵك ژیان وه‌ستاوه، به‌ڵام به‌گه‌ڕانه‌وه بۆ پێناسه‌كه، پرسی ئابووری یان گه‌نده‌ڵی نابنه هۆكار بۆ كه‌یسی په‌نابه‌رێتی. به‌نه‌بوونی مافی په‌نابه‌رێتی، ژیان به‌جۆرێك مامه‌ڵه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌كات له هه‌نده‌ران كه بیری هه‌موو نه‌هامه‌تیه‌كانی ئێره بكه‌یت چونكه وه‌ك ده‌وڵه‌ته خۆرئاوایه‌كان ده‌ڵێن ئه‌وان مافی مرۆڤیان ئاوێته‌ی یاساكردووه كه یاسا ووتی "نا" كه‌واته "نا". واته، كه ووتیان تۆ په‌نابه‌ر نیت و ده‌توانین بگه‌ڕێته‌وه ووڵاته‌كه‌ی خۆت، جگه‌له هاوخه‌میه‌كی مه‌عنه‌وی هه‌ندێك ڕێكخراو و له هه‌مان كاتدا شكاندنمان له‌لایه‌ن هه‌ندێك ڕێكخراوی دژه كۆچه‌وه یان خه‌ڵكه‌وه به‌وه‌ی كه بۆ ناگه‌ڕێنه‌وه، شتێكی تر چاوه‌ڕێ ناكرێت .
به‌كورتی، له ئێستادا ژیانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی خه‌ڵكی كوردستان، به تایبه‌ت لایه‌نی ئابووری، له‌دۆخێكی دژواردایه ، به‌ڵام هه‌موو هه‌نگاوێك به‌ئاڕاسته‌ی كۆچ به‌شێوه‌یه‌كی قاچاخ نزیكمان ده‌كاته‌وه له دۆخی "تاریكتر".
هه‌ژار ته‌ها
No comments:
Post a Comment