Wednesday, June 25, 2014

دادگایەكی بەریتانی بە مەرج منداڵێك دەداتەوە باوكە كوردەكەی

بڕیاری دادوەرێكی بەریتانی رێگە بە باوكێكی كوردی تاراوگەنشین دەدات كوڕە 7 ساڵانەكەی كە لە بەریتانیا لەدایكبووە، بباتەوە كوردستان و ژیانێكی نوێ دەستپێبكات. بڕیارەكە دوای ئەوە دێت كە دایكە ئینگلیزەكەی منداڵەكە و ماڵی ئەوان ناڕازی بوون لە بردنەوەی منداڵەكە بۆ كوردستان.
بڕیارەكە دوای لێكۆڵینەوەی شارەزایان هات، دوای ئەوەی گەیشتنە ئەو ئەنجامەی كە ئەو منداڵە لە شوێنێكی ئارامدا دەبێت و پێویستییەكانی خوێندنی بۆ دەستەبەر دەكرێت. 
سێ لە خزمانی باوكەكە لە رێگەی ڤیدیۆوە لە هەولێرەوە بەڵگەیان پێشكەشی دادوەر كرد و دادوەریان دڵنیاكردەوە كە منداڵەكە لە كوردستان باش پەروەردە دەكرێت.
دوای سێ رۆژ دانیشتن لە دادگای باڵای میدڵسبۆرۆ لە باكووری بەریتانیا، دادوەر بڕیاری دا منداڵەكە بداتە (د.ه) كە لە تەمەنی 15 ساڵیدا و لەساڵی 2002 گەیشتووەتە بەریتانیا و داوای مافی پەنابەری كردووە. 
منداڵەكە  (ل.د) لە ساڵی 2006 لەدایكبووە، ئەمەش تەنیا دوای یەك ساڵ لە پەیوەندییەكی ناجێگیری نێوان باوكەكە و دایكە ئینگلیزەكەی، ئەوان هەرگیز هاوسەرگیرییان نەكردووە.
ناسنامەی كەسەكان بە نهێنی هێڵدرایەوە بۆ پارێزگاریكردن لە ژیانی تایبەتیی منداڵەكە. یاسای بەریتانی بۆ پێدانی منداڵ بە دایك یان بە باوك، تەنیا جەخت دەكاتە سەر ژیان و گوزەرانی منداڵەكە، چ لایەك بۆ منداڵەكە باشە. یاسا گوێ بە ویست و خواستی دایك و باوك نادات.
دادوەر، جەستس كاب، بۆی دەركەوت كە منداڵەكە ژیانێكی سەختی هەبووە، ساڵێك لە ماڵێكی دیكە ژیاوە دوای ئەوەی كە دەركەوت دایكەكە گرنگی بە منداڵەكە نادات لە رووی سۆزەوە. 
دایك و باوكی منداڵەكە پێش لە دایكبوونی منداڵەكە لە یەكدی جیاببوونەوە. لە كاتی لە دایكبوونی منداڵەكەدا باوكی منداڵەكە لەگەڵ پەنابەرێكی دیكەدا لە باكووری بەریتانیا لە خانوویەكدا دەژیا. لە ساڵی 2011 باوكەكە وڵاتینامەی بەریتانی پێدرا. 
منداڵەكە لە ساڵی 2010 وە زۆربەی كاتەكانی لەگەڵ باوكیدا بەسەر دەبات و مامۆستاكانی بە "منداڵێكی خنجیلانەی رووخۆش" وەسفی دەكەن، بەڵام لە هەمانكاتدا منداڵەكە وا دەردەكەوت كە كێشەی فێربوونی هەیە. ئەو زمانی كوردی و ئینگلیزی بەتەواوەتی دەزانێت، ئەمانە بە دادوەری دادگاكە گوتران لە كاتی دانیشتنەكەدا.
دادوەر گەیشتە ئەو بڕوایەی كە دایكی منداڵەكە و باوانی دایكەكە، هەرچەندە پەیوەندیەكی زۆرباشیان لەگەڵ منداڵەكە هەیە، بەڵام كێشەی شەخسییان هەیە و ناتوانن بەپێی پێویست ئاگایان لە منداڵەكە بێت، ئەگەر ئەو منداڵە لە بەریتانیا بمێنێتەوە.
باوكەكە سوورە لەسەر گەڕانەوەی بۆ هەولێر بۆلای ژنە نوێیەكەی كە كوردێكی رۆژهەڵاتی كوردستانە و لە ساڵی 2011 لە ئێران مارەی بڕیوە. ئەو نەیتوانیوە ڤیزای بەریتانی بۆ ژنەكەی دابین بكات، لەبەرئەوە ژنە نوێیەكە ناتوانێت بچێت بۆ لای باوك و كوڕەكە لە بەریتانیا. لە راپۆرتە 15 لاپەڕەییەكەیدا دادوەر دەربارەی باوكەكە دەنووسێت "لە كاتی پێدانی بەڵگەی زارەكی، دەركەوت ئەو پیاوە شەكەت بووە بەدەست كێشەی خێزانییەوە".
باوكەكە زۆربەی بەڵگەكانی بە كوردی خستە پێش دادوەر و لە رێگەی وەرگێڕێكەوە دادوەر گوێی لە بەڵگەكان بوو. بەڵام بە ئینگلیزیش قسەی كرد بۆ ئەوەی پیشانی دادگای بدات كە دەتوانێت بە ئینگلیزی لەگەڵ كوڕەكەی قسە بكات و توانای زمانی ئینگلیزی منداڵەكە بپارێزێت.
دادوەرەكە لە راپۆرتەكەیدا دەنووسێت "من بۆچوونێكی باشم لا دروست بووە سەبارەت بە باوكەكە و بەڵگەكانی سەرنجڕاكێش بوون". ئەو هەروەها دەڵێت "باوكەكە پیشانی دا كە ئەو بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ بەرپرسیارێتییەكانی دەكات وەكو باوك. "
دادوەر هەروەها دەنووسێت "روون بوو كە باوكەكە خۆشەویستی و دڵسۆزی بۆ بەریتانیا هەیە و سوور بوو لەسەر ئەوەی كە پارێزگاری لە وڵاتینامەكەی بكات و پەیوەندی خۆی بە وڵاتەكەیەوە بپارێزێت".
باوكەكە لە خواردنگەیەكی فاست فوود كار دەكات، بەڵام ئێستا لە هەولێر برایەكی بەڵێنی كارێكی پێداوە. براكەی بەڕێوەبەری كۆمپانیایەكی پێداویستی و كەوانتەری چێشتخانەیە.
باوكەكە و كوڕەكەی بە نیازن لە مانگی تەمووز، واتا كۆتایی ساڵی خوێندن لە بەریتانیا بەرەو كوردستان بگەڕێنەوە. منداڵەكە هەر لە ئێستاوە شوێنێكی لە یەكێك لە خوێندنگەكانی هەولێر بۆ دابینكراوە، لەوێ مامی جێگری بەڕێوەبەری خوێندنگەكەیە.
هارڤی مۆریس
رووداو - لەندەن

No comments:

Post a Comment