بەرواری 20 ی حوزەیران هەموو ساڵێك ڕۆژی پەنابەرانی جیهانە كە بەبڕیارێكی نەتەوەیەكگرتووەكان لە ساڵی 2000 ەوە بە فەرمی ناسێنراوە. مەبەست لە یادكردنەوەی ئەو ڕۆژەش پیشاندانی هاوسۆزیەكە لەسەر ئاستی جیهان بۆ پرس و كێشەی پەنابەران و ئاوڕدانەوەیە لە قەبارەی كێشەكە و زیادكردنی هاریكاریەكانە بەئاڕاستەی كەمكردنەوەی خەم و ئازارەكانی پەنابەران.
لەئامارەكانی كۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ ساڵی ڕابردوو بدەینەوە ، دەبینین كە زیاتر لە 600 هەزار كەس داوای مافی پەنابەرێتیان لە 44 ووڵاتی جیهان كردووە و نزیكەی 400 هەزاركەسیان لەوژمارەیە داوای مافی پەنابەرێتیان لە یەكێتی ئەوروپا كردووە. سەبارەت بەو ووڵاتانەش كە هاوڵاتیەكانی زۆرترین داواكاریان پێشكەشكردووە ، سوریا لەڕیزبەندی یەكەم دایە و لەسەدا نۆی هەموو پەنابەرانی جیهان پێكدەهێنێت.
سەبارەت بە عێراقیش ، بەپێی هەمان ئامار ، عێراق لە ڕیزبەندی چوارەمدایە لەپاش سوریا و ڕووسیا و ئەفغانستان ، كە زیاتر بووە لە 38 هەزار كەس كە دەكاتە نزیكەی لە سەدا شەشی پەناخوازانی جیهان. ئەمەش لەكاتێكدایە كە ساڵی 2012 دا ، عێراق لە ڕیزبەندی حەوتەمدابووە.
هەموو ئەو كەسانەی كە داوایان پێشكەشكردووە پێیان دەگوترێت پەناخواز و لەئەگەری وەرگرتنی مافی پەنابەرێتیدا دەبنە پەنابەر كە بۆ ئەمەش بەشێوەیەكی سەرەكی پشت دەبەسترێت بە پێناسە بنچینەیەكی زاراوەی پەنابەر كە دەلێت پەنابەر ئەو كەسەیە كە ناچاركراوە ووڵاتەكەی خۆی بەجێ بهێڵێت و بەبەڵگەوە ئەوە دەسەلمێنێت كە ترسی ستەملێكردنی لەسەرە لەسەر بنەمای ئاینی یان نەژادی یان نەتەوەیی یان سیاسی كە هەموو ئەمانە وادەكەن نەتوانێت بگەڕێتەوە ووڵاتەكەی خۆی.
سەرچاوە : ماڵپەری فەرمی كۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەربەنەتەوە یەكگرتووەكان
ئامادەكردن: هەژار تەها
No comments:
Post a Comment