Monday, January 6, 2014

زیاتر لە 10 هەزار هەلی کار بۆ گەنجانی کورد دەڕەخسێ


پەرلەمانی عێراق سبەینێ سێشەممە، پڕۆژەیاسای زمانە فەرمییەکان دەخاتە دەنگدانەوە و بە پەسەندکردنیشی زیاتر لە 10 هەزار هەلی کار بۆ گەنجانی کورد دەڕەخسێ.

موئەد تەیب، بڕیاردەری لیژنەی راگەیاند و رۆشنبیری پەرلەمانی عێراق بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، سبەی پەرلەمانی عێراق بۆ سێیەم جار لەسەریەک پڕۆژەیاسای زمانە فەرمییەکان لە عێراق دەخاتە دەنگدانەوە.

پڕۆژەیاسای زمانە فەرمییەكان لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە لە خولی پێشووەوە رەوانەی پەرلەمان كراوە، بەڵام تاوەكو ئێستا پەسەند نەكراو. 

ناوبراو راشیگەیاند، گرنگی ئەو یاسایە لەوەدایە بە یاسا، بە فەرمی بوونی زمانی کوردی و عەرەبی لە سەرجەم دامودەزگاکانی عێراق رێکدەخرێت، وەک ئەوەی لە دەستووردا هاتووە.

پێشتر دووجار هەوڵدراوە ئەو پرۆژەیاسایە تێپەڕێنرێ، بەڵام  بەهۆی ناکۆکی لایەنەکان لەسەری شكستیهێناوە.

موئەد تەیب کە هاوکات گوتەبێژی هاوپەمانی کورستانیشە دەڵێ "بە پەسەندکردنی یاساکە، دەبێ وەرگێڕی (کوردی - عەرەبی) لە سەرجەم دامەزراوە حکومییە دابمەزرێنێ بۆ وەرگێڕانی نووسراوە فەرمییەکان، بەمەش زیاتر لە 10 هەزار هەلی کار بۆ گەنجانی کورد دەڕەخسێ".
رووداو- هەولێر

No comments:

Post a Comment