Wednesday, May 29, 2013

35قوتابی سكاڵا لەسەر بەڕێوەبەرایەتی بەرنامەی تواناسازی تۆمار دەكەن

ژمارەیەك قوتابی بەرنامەی تواناسازی كە لە بەریتانیا دەخوێنن، سكاڵا لەسەر وەزارەتی خوێندنی باڵا تۆمار دەكەن و دەڵێن 8 مانگە پارە نەچووەتە سەر حیسابەكەیان.
عیسمەت خابوور، كە لە رێگەی بەرنامەی تواناسازییەوە گەیشتووەتە یەكێك لە زانكۆكانی بەریتانیا و ئێستا دكتۆرا دەخوێنێ، بە (رووداو)ی راگەیاند “8 مانگە یەك دۆلاری بەرنامەی تواناسازی نەهاتووەتە سەر حیسابەكەم، بۆیە ناچارم بگەڕێمەوە هەرێمی كوردستان”. گوتیشی كە سكاڵا تۆمار دەكات. 
ئەو قوتابییە دەڵێت ئەو بە تەنیا نییە و نزیكەی 35 قوتابی دیكەش هەمان كێشەیان هەیە “ئەو كێشەیە كاریگەری زۆری هەبووە لەسەر ژیانی ئەكادیمی و دارایی و كۆمەڵایەتی قوتابیان”. هەروەها گوتی “زۆر لەو قوتابیانە لەلایەن زانكۆكانیانەوە بەهۆی دواخستنی كرێی خوێندن غەرامە كراون”.
بەرنامەی تواناسازی لە سەردەمی كابینەی شەش دەستیپێكردووە كە پرۆژەیەكی گرنگ و پڕبایەخی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و تا ئێستا لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەیەدا نزیكەی 4350 قوتابی ناویان دەرچووە، لەوانەش 2280 قوتابی دەستیان بە خوێندن كردووە.
یاسر حەسەن، كە ئەویش قوتابی دكتۆرایە و لە بەریتانیا دەخوێنێ، بە تووڕەییەوە گوتی “دەڵێن هەرێمی كوردستان وەكو دوبەی لێدەكەین، بەڵام لێرە (بەریتانیا) قوتابی كورد حەیای چووە بەهۆی بێ پارەیی، ئێوە نەتوانن مانگانە پارەی قوتابیەك بدەن، چۆن كوردستان دەكەنە دوبەی”.
بەڕێوەبەرایەتی بەرنامەی تواناسازی ناوبەناو لیستی مووچەی قوتابیان بڵاودەكاتەوە، رۆژی 11/4/2013 لیستی چوارەمی بڵاوكردەوە، بەڵام ناوی عیسمەتی تێدا نەبوو، بۆیە پەیوەندی بە بەرنامەی تواناسازییەوە دەكات و ئەوانیش دوای 11 رۆژ وەڵامی دەدەنەوە و پێیدەڵێن “خەمت نەبێت، لەمەودوا هەموو هەفتەیەك لیستێك بڵاودەكەینەوە”. بەڵام عیسمەت دەڵێت “لیستی پێنجەمیش دەرچوو هەر ناوی منی تێدا نەبوو، بۆیە ناتوانم درێژە بەخوێندن بدەم و دەگەڕێمەوە كوردستان و لە دادگا سكاڵا لەسەر كارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی بەرنامەی تواناسازی تۆمار دەكەم”. گوتیشی “35 قوتابی بەرنامەی تواناسازی هەمان كێشەی منیان هەیە و ئامادەن بۆ سكاڵا تۆماركردن”.
یاسر حەسەن دەڵێت زۆر هەوڵی داوە لە رێگەی ئیمەیلەوە هۆكاری دواكەوتنی پارەكەی بزانێ، بەڵام وەڵامیان نەداوەتەوە بۆیە دەڵێت “كە گەڕامەوە كوردستان، خۆم چووم بۆ وەزارەت و لێم پرسین بۆ وەڵاممان نادەنەوە، كارمەندێكی ئینتەرنێت پێیگوتم ببوورە، نەمانتوانی فایلەكانت داونلۆد بكەین، خەت زەعیفە”.
ئەو قوتابیە گوتیشی “نادادپەروەرییەكی زۆر هەیە لە بەرنامەی تواناسازی، ئەو قوتابیانەی كەسوكاریان لە وەزارەتە لە هەموو لیستەكاندا ناویان هەیە و پارەی خۆیان بێ كێشە وەردەگرن”. حەسەن دەپرسێت “بۆچی سیستەمی بانكی لە عێراقی قوڕبەسەر هەیە و لە كوردستانی دوبەی نییە؟”.
سارا هەیمان عەلی، بەڕێوەبەری نێردراوانی بەرنامەی تواناسازی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا رەتیكردەوە بەرنامەكە هیچ كێشەیەكی هەبێ و گوتی “پرۆسەی سەرفكردنی موستەحەقاتی دارایی بەپێی سیستمێكی كارگێڕی و دارایی تایبەت بەڕێوەدەبرێت و تەواوی پرۆسەكەش بەشێوازێكی زانستی وردبینی دەكرێ”. 
ناوبراو گوتیشی تەنیا لە ماوەی سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا بە پێنج لیست بڕی 17 ملیۆن و 796 هەزار و 163 دۆلار بۆ 745 كاندیدی تواناسازی خەرجكراوە.
سەبارەت بە خەرجنەكردنی پارە بۆ ئەو 35 كاندیدە، سارا گوتی “هەر كاندیدێك داوای پارە بكات دەبێ پسولەی سەرفكردنی كرێی كۆرسی زمان یان كۆرسی ئەكادیمی هەبێ، هەروەها نووسراوی بەرەوپێشچوونی ئەكادیمی و بەردەوام بوون لە خوێندنی، بۆیە ئەگەر كاندیدەكە ئەو دۆكیۆمێنتانە پێشكەش نەكات یان كەموكوڕی لە فایلەكەیدا هەبێ، بێگومان مامەڵەكەی ناڕوات”.   
عوبەید رەشاڤەیی
رووداو-دهۆك 

No comments:

Post a Comment