Thursday, November 26, 2015

چیرۆکی هه‌ندێک له‌و گه‌نجانه‌ی کۆچیان کردووه‌

سەرپەرشتیاری فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراق لقی هەرێم : تەقینەوەكانی فەڕەنسا كاریگەری خراپیان دەبێت لەسەر پەنابەران
لەساڵانی ڕابردووداو بەتایبەتیش لەماوەی چەند مانگی ڕابردوو كۆچی بەلێشاوی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات دەستیپێكردوەو بەگوێرەی ئامارێكی نافەرمیش، لەسەرەتای ئەم ساڵەوە تائێستا (30) هەزار هاوڵاتی لەهەرێمی كوردستان بە پارێزگای كەركوكیشەوە كۆچیانكردووە بۆ دەرەوەی وڵات و زۆربەی كۆچبەرانیش لەچینی گەنجانن و بەشێكی زۆریشیان هۆكاری كۆچكردنەكەیان بۆ نەبوونی ئاسایش و دۆخی ئابوری دەگەڕێننەوە.
هونەر حسێن، گەنجێكی تەمەن (26) ساڵانە، یەكێكە لەو گەنجە پەنابەرانە كە خەڵكی پارێزگای كەركوكەو لە ئێستادا لە یەكێك لە كەمپەكانی وڵاتی فنلەندا نیشتەجێیەو دەژێت، سەبارەت بە بارودۆخی ژیان و گوزەرانی بۆ (هەواڵ ) وتی:"ماوەی سێ‌ مانگە لەوڵاتی فنلەندا دەژیم هەست بەخۆشگوزەرانی دەكەم و هەست دەكەم مرۆڤم ومافم هەیە ، سەبارەت بەبارودۆخیشمان شوێنی نیشتەجێبونمان بۆ دانراوەو مانگانەش(316) یۆرۆمان دەدەنێ‌ و بەبەردەوام پشكنینی پزیشكیمان بۆ دەكرێت".
هونەر حسێن باسی لەوەشكرد كە كاتەكانی خۆی لەو وڵاتە چۆن بەسەر دەبات و وتی:"وەكو كاركردن كار ناكەین، هەفتانەی سێ‌ رۆژ خوێندنی زمانی فنلەندنیمان هەیە و زۆربەی كاتەكانیش لەگەڵ برادەرو خزم و دۆستان قسە دەكەین بەمۆبایل، زۆر جاریش دەچینە دەرێ‌ بۆ پیاسەكردن و فێربونی كلتوری ئەو وڵاتە".
ئەو گەنجە تەمەن (26) ساڵانە، دەرچووی كۆلێژی وەرزش بوو بەڵام وەك خۆی دەڵێت:" هیچ ئومێدێكم بەوە نەبوو بە ئاسانی دابمەزرێم"، هۆكاری كۆچكردنی لە ناوخۆی وڵاتەوە بۆ ئەوروپا گەڕاندەوە بۆ قەیرانی سیاسی و دارایی و نەبونی متمانە بەحكومەت و تێكچوونی بارودۆخی ئەمنی عێراق و هەرێم بەگشتی، وتیشی:"پێش ئەو قەیرانانەش لەرابردوودا هیچ خۆشیەكمان لەو وڵاتە بەدی نەكرد بۆیە بێئومێد بوین". 
سەبارەت بەوەی تاچەند پەشیمانە لەكۆچكردنی بۆ دەرەوەی وڵات، هونەر حسێن وتی:" دەبوایە پێش شەش مانگ كۆچم بكردایە بۆئەم وڵاتە، چونە ئەگەر زوتر بهاتمایە ئێستا خاوەنی ناسنامەو پاسپۆرتی فنلەندا دەبوم ئیمیازی زیاترم دەبوو، بۆیە بەهیچ شێوەیەك پەشیمان نیم و ئومێدم بەوە هەیە كە ژیانی ئێرە زۆر خۆشترە لەكوردستان و عێراق".
رەوەند تەها، كوڕە لاوێكی تەمەن (25) ساڵانەو پێش كۆچكردنی بۆ ئەڵمانیا لە شاری كەركوك نیشتەجێ‌ بوو، هاوكات دەرچووی كۆلێژی یاسا بوو، سەبارەت بە هۆكاری كۆچكردنی بۆ دەرەوەی وڵات بۆ (هەواڵ ) وتی:"لەڕاستیدا من لەوڵاتی خۆم هیچ كێشەیەكی داراییم نەبوو، بەڵكو هۆكارەكانی بۆ نەبوونی ئاسایش و نەبوونی كەرامەتی مرۆڤ  ونەبوونی ئازادی و بیروڕای جیاواز دەگەڕێتەوە".
رەوەند تەها باسی لەوەشكرد:"لە ئەوروپا زۆر دڵخۆشم، چونكە دوورە لە دەنگی تەقینەوە و هۆڕنی ئۆتۆمبێلی غاز و بڕانی كارەبا، هاوكات بەئازادی و بەسەربەستیەوە دەنوسین و قسەی خۆمان دەكەین و هیچ ترسێكمان نیە، پاشانیش ئێمە لێرە لەوڵاتی ئەڵمانیا كۆمەڵی هاوڕێی كچ و كوڕ هەیە لێرە كاتە خۆشەكان بەیەكەوە بەسەر دەبەین و بۆ چارەسەركردنی گیرگرفتەكانیش هاوكاری یەكتر دەبین".
ناوبراو باسی لەوەشكرد:"ئەوەی تەنیا شتێك بێت بیری بكەم لەوڵات كەسوكارم و هاوڕێ و دۆستانمە، بەتایبەتی دایكم، لێرەش (ئەڵمانیا) ئەوەیە تا ئێستا بەتەواوەتی داهاتومان روون نیە كە ئایا مۆڵەتی مانەوەمان دەدەن یاخود دەمان گەڕێننەوە بۆ وڵاتی خۆمان ئەو بابەتە كەمێك نیگەرانی كردووین".
هەر لەوبارەیەوە، ئاری جەلال سەرپەرشتیاری فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراق لقی هەرێمی كوردستان تایبەت بۆ (هەواڵ) وتی:" لە ئێستادا كۆچی گەنجان بۆ ئەوروپا كەمی كردووە بە بەراورد بەچەند مانگی رابردوو".
 وتیشی:"ئەو گەنجانەی رۆژانە روودەكەنە ئەوروپا زیاتر ئەوانەن كە چەند مانگێكە لە توركیاو یۆنان گیریان خواردووەو چاوەڕێی دەرفەتێك بوون رووبكەنە ئەو وڵاتانەی كەخۆیان مەبەستیانە".
بەوتەی، سەرپەرشتیاری فیدراسیۆنی پەنابەران، لەسەرەتای ئەم ساڵەوە تائێستا (30) هەزار هاوڵاتی لە هەرێمی كوردستان بە پارێزگای كەركوكیشەوە كۆچیانكردووە بۆ دەرەوەی وڵات.
دەشڵێت:" بەپێی ئەو زانیارانەی كە لەوڵاتانی هۆڵەنداو بەریتانیا و ئەڵمانیا و یۆنان و توركیا دراونەتە ناوەندی هەواڵگری نوێنەرەكەنمان لەو وڵاتانە ، لە (70%)ی كۆچبەران لە چینی گەنجانن". 
ئاری جەلال سەرپەرشتیاری فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراق لقی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوەشدا، بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی كە لە ڕێگەی نوێنەرایەتیەكانی خۆمانەوە بۆ پەنابەرانی عێراقی دەیكەین، بارودۆخی پەنابەران زۆر خراپ و ناجێگیرە لەڕووی شوێنی نیشتەجێبونیشەوە هەندێكیان لەناو هۆڵی وەرزشی بە پەردەو خێمە ژورەكانیان جیاكردۆتەوە لەبەر خێزانەكانیان جێكراونەتەوە، بەڵام لەڕووی تەندروستیەوە هاوكاریەكی زۆری پەنابەران دەكرێت بە بەردەوام پزیشكەكان دێن و سەردانی پەنابەران دەكەن و پشكنینیان بۆ دەكرێت و ئەشیعەیان دەگرن.
وتیشی:"لەرووی خواردن و موچەوەشەوە سێ‌ ژەمە خواردنیان پێدەدرێت بۆ هەر هاوڵاتیەكی سەروو (18) ساڵ (30) یۆرۆ بۆ هەفتەیەك تەرخانكراوە، بەڵام ئەگەر خواروی (18) ساڵ بێت (15) یۆرۆیان پێدەدرێـت". 
 سەبارەت بە گەڕانەوەی گەنجان ئاری جەلال، روونیكردەوە:"زۆر بە دەگمەن گەنجان دەگەڕێنەوە، چونكە هێشتا ( موقابەلە) نەكراون، تا بڕیاری مانەوەیان بدەن".
ناوبراو ئەوەشی نەشاردەوە تەقینەوەكانی فەڕەنسا كاریگەری دەبێت لەسەر وەرگرتنی كۆچبەران و مانەوەیان لەو وڵاتانە ئەوەی كەیسەكەی زۆر بەهێز نەبێت (دیپۆرت) دەگەڕێنرێتەوە بۆ وڵاتەكانیان.
سەبارەت بە جۆری كەیسەكانی گەنجانی كەركوك و هەرێمی كوردستانیش سەرپەرشتیاری فیدراسیۆنی پەنابەران لە هەرێم وتی:" زۆربەیان كەیسی ئابوریان هەیە، بەڵام هیچ كاتێك وڵاتانی ئەوروپا بەهۆی كەیسی ئابوریەوە مۆڵەتی مانەوەیان نەداوەتە پەنابەر".
 رونیشیكردەوە زیاتر كەیسەكانی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئەمنیەكان، مۆڵەتی مانەوەیان پێدەدرێت.

No comments:

Post a Comment