Tuesday, November 10, 2015

بەهۆی کوژرانی کۆچبەرێکی کورد ئوسترالیا رەخنەباران دەکرێت

دوای ئەوەی کەسێکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دۆخێکی نادیاردا لە سەنتەرێکی دەستبەسەرکردندا لە دوورگەیەکی ئوسترالیا کوژرا، چەند وڵاتێک رەخنەیان لە ئوسترالیا گرت بەهۆی ئەو سیاسەتەی کە بەرامبەر بەو کەسانە پەیڕەوی دەکات کە داوای پەنابەریی دەکەن.
ئەمریکا و بەریتانیا و چەند وڵاتێکی دیکە لەبارەی مافەکانی مرۆڤەوە رەخنە لە ئوسترالیا دەگرن و، داواش دەکەن ئوسترالیا دەست لەو خووەی هەڵبگرێت و چیدیکە کۆچبەران بەو بەلەمە نەنێرێتەوە کە پێی هاتوونە، هەروەها داوا دەکەن ئوسترالیا سەنتەرەکانی تایبەت بە دەستبەسەرکردن کە لە دووری خەڵکین و لە شوێنی چۆڵن چیدیکە بەکارنەهێنێت.
ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان هەموو چوار ساڵ جارێک پێداچوونەوە بە رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە هەموو وڵاتاندا دەکات و، ئەمساڵیش نوێنەری زیاتر لە ١٠٠ وڵات رەخنەیان لە سیاسەتەکانی ئوسترالیا گرت لە میانەی ئەو پێداچووەنەوەیەدا.
نوێنەری تورکیا لە ئەنجوومەنەکە گوتی " هەست بە پەشۆکی دەکەین لەبارەی دەستبەرکردنی مافەکانی کۆچبەران لەلایەن ئوسترالیاوە و بەتایبەتیش ئاگاداربوونی ئەو وڵاتە لە ژن و منداڵەکانی سەنتەرە دوورەدەستەکانی دەستبەسەرکردن".
نوێنەری ئێرانیش باسی لە دڵەڕاوکێی قووڵی وڵاتەکەی کرد لەبارەی سیستمی تووندی ئوسترالیا لە دژی کۆچبەران. نوێنەری سوێدیش گوتی " ئوسترالیا تاکە وڵاتی جیهانە کە کۆچبەران لە دەرەوەی وڵاتەکەی ناونووسدەکات و دەستبەسەریان دەکات".
بەڵام بەرپرسانی ئوسترالیا لە وەڵامی ئەو تۆمەتانەی ئەنجوومەنەکە رایانگەیاندووە " سیاسەتەکانی وڵاتەکەمان دەبێتە هۆی ئەوەی ژیانی کۆچبەران رزگاربکات  و رێگایان لێدەگرێت لەوەی، لەرێگەی ئاوە ترسناکەکاندا گەشتبکەن، هەروەها رێگادەدات ئوسترالیا ژمارەیەکی زیاتری کۆچبەران وەربگرێت".
ئەو کۆچبەرە کوردەی رۆژهەڵاتی کوردستان کە ناوی فازیل چیگینی بوو، ئەو لە سەنتەرێکی دەستبەسەرکردندا لە دوورگەی کریسمس لە نزیک زەریای هیندی دەستبەسەرکرابوو پێش دوورۆژ کوژرا و، دوای دۆزینەوەی تەرمەکەشی حکومەتی ئوسترالیا دەستی کردووە بە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کوژرانی.

No comments:

Post a Comment