به‌هۆی نائارامی بارودۆخی به‌شێك له هه‌رێمی كوردستان و جه‌نگی داعشه‌وه لێشاوێكی نوێ له په‌نابه‌ری كورد ڕوو له ئه‌وروپا ده‌كات و له‌و رێگه‌یه‌دا هەندێکیشیان لێ ده‌بێته قوربانی. سكرتێری فیدراسیۆنی سه‌رانسه‌ری په‌نابه‌رانی عێراقییش ده‌ڵێت: له پێرارەوە دیارده‌ی كۆچ و داواكردنی مافی په‌نابه‌ری له وڵاتانی ئه‌وروپا زیادی كردووه.
ڕۆژی 20 ی حوزه‌یران ڕۆژی به فه‌رمی ناسینی په‌یماننامه‌ی جیهانیی ساڵی 1951ی جنێڤه له په‌یوه‌ند به مافه‌کانی په‌نابه‌رانەوە. هه‌موو ساڵێک بۆ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ک رێکخراوه‌کانی داکۆکیکار له‌مافه‌کانی په‌نابه‌ران له‌سه‌رانسه‌ری جیهاندا به چالاکی جۆراجۆر ڕۆژی په‌نابه‌ران وخواستەکانیان به‌رز ڕاده‌گرن .
ئێستا 64 ساڵ به‌سه‌ر په‌یماننامه‌ی جیهانی مافه‌کانی په‌نابه‌ران بۆ فریاکه‌وتنی قوربانیه‌کانی جه‌نگی جیهانی دووه‌م تێپه‌رده‌بێت، به‌ڵام هێشتا دیارده‌ی کۆچ و ئاواره‌یی و په‌نابه‌ریی ملیۆنی به‌هۆی به‌رده‌وامی جه‌نگ و کێشمه‌كێشی سیاسی و میلیتاریزم و نه‌ته‌وه‌په‌رستی و تیرۆریزم و ڕاسیزمه‌وه به‌شه‌ریه‌تی سه‌رگۆی ئه‌م زه‌مینه‌ی هه‌راسان کردووه و به‌شێكی زۆریانی ناچار به كۆچ كردووه.
ده‌شتی جه‌مال سكرتێری فیدراسیۆنی سه‌رانسه‌ری په‌نابه‌رانی عێراقی به بۆنه‌ی ٦٤ ساڵه‌ی په‌یماننامه‌ی مافه‌كانی په‌نابه‌ران ئه‌وه‌ی خسته ڕوو كه دۆخی په‌نابه‌ران له‌م دوو ساڵه‌ی رابردوودا مه‌ترسیدارتر بووه و مه‌رگی زۆرتری لێ كه‌وتۆته‌وه.
گوتیشی: ته‌نها له ماوه‌ی دوومانگدا زیاتر له هه‌زار 700 په‌نابه‌ر له‌ده‌ریای سپی ناوه‌راستدا گیانیان له‌ده‌ستداوه و رۆژانه زیاتر له 100هه‌زار په‌نابه‌ر ده‌گه‌نه جه‌زیره‌کانی یۆنان، 103هه‌زار له‌و په‌نابه‌رانه خه‌ڵکی سوریا‌و ئه‌فغانستان و عێراق ولیبیا وسۆمال و ئه‌ریتریان. باسی له‌وه‌ش كرد به‌پێی ئاماری نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان، ته‌نها له ساڵی 2014 قوربانیانی ده‌ریای سپی ناوه‌راست ٣ هه‌زار و 500 په‌نابه‌ر بوو، ئه‌مه جگه لە قوربانیه‌کانی جه‌زیره‌کانی یۆنان و ئه‌نده‌نوسیا و ئوسترالیا. ئامارەکانی ریکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان لە جیهاندا سەبارەت بەدیاردەی ئاوارەی بە٥٠ملیۆن دەخەمڵێنرێت.
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست هه‌ولێر كه‌وتووه به‌هۆی نائارامی بارودۆخی به‌شێك له هه‌رێمی كوردستان و جه‌نگی داعشه‌وه و هاوكات ئه‌و قه‌یرانه یه‌ك له دوای یه‌كانه‌ی ڕووی له هه‌رێم كردووه لێشاوێكی نوێ له په‌نابه‌ری كورد ڕوو له ئه‌وروپا ده‌كات و به‌شی زۆریشیان به ڕێگه‌ی نایاسایی ده‌ڕۆن و ژماره‌یه‌كیشیان له‌و رێگه‌یه‌دا لێده‌بێته قوربانی. هه‌ڵوێست محه‌مه‌د كه چالاكێكی مافی په‌نابه‌رانه ئه‌و ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات له ماوه‌ی ساڵێك و شه‌ش مانگدا زیاتر له هه‌زار كه‌س له هه‌رێمی كوردستانه‌وه ڕوویان له وڵاتانی ئه‌وروپا كردووه و به‌شێكیان تووشی گرتن و زیندانیكردن بوون و ژماره‌یه‌كشیان گیانیان له ده‌ستداوه. گوتیشی: كۆچی نایاسایی كوردان له پێشووتردا ته‌نها حاڵه‌تی كه‌م كه‌م هه‌بووه. به‌ڵام ئێستا خه‌ریكه ده‌بێته دیارده.
هه‌ر به بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانی په‌نابه‌رانیشه‌وه فیدراسیۆنی سه‌رانسه‌ری په‌نابه‌رانی عێراقی له به‌یاننامه‌یه‌كدا داوا ده‌كات كه ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووکان بۆ کاروباری په‌نابه‌ران له‌و وڵاتانه‌ی له ئیستادا له‌گه‌ل جه‌نگ و کێشمه‌کێشی سیاسی و کۆمه‌لایه‌تی به‌ره‌و ڕوون، چالاک بکرێن بۆ به‌هاناوه چوونی ئاواره‌کان وپه‌نابه‌ران و له‌و ڕێگایه‌وه حکوومه‌ته‌کانی ئه‌وروپا ناجار بکرێن بۆ داننان به مافه‌کانی په‌نابه‌ران وهاوکاری ئاواره‌کاندا.
له به‌شێكی دیكه‌ی به‌یاننامه‌كه‌دا داوای ئه‌وه‌ش ده‌كات هەنگاوی خێرا بگیرێتە بەر بۆ یارمەتیدانی ته‌ندروستیی وخۆراک و پۆشاک وشۆینی نیشته‌جی بونی گونجاو و سه‌لامه‌تی ژیانیان. بۆ هەموو ئەو ئاوارەو و بێخانەولانانەی بە بۆنەی جەنگی داعش و هیزه میلیشایاکان وقاعیده‌وه. لە شۆین و ژیانی خۆیان هەڵکەنراون بە جیا لە دین و ڕەگەزیان، له ڕێگای رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و ڕێکخراوه په‌نابه‌ریه‌کانه‌وه.
له ساڵی ڕابردوه‌وه به‌هۆی جه‌نگی داعشه‌وه زیاتر له یه‌ك ملیۆن ئاواره ڕوویان له هه‌رێمی كوردستان كردووه و ئه‌مه له زۆر ڕوه‌وه بوونه‌ته بارگرانی به‌سه‌ر دۆخی ئێستای هه‌رێمی كوردستانه‌وه.
No comments:
Post a Comment