Monday, January 19, 2015

بەسەرهاتی كۆچبەرانی كورد لەسەر سنووری توركیا و بولگاریا

یەک یەک لەم ئۆتۆمبێلە دابەزێندران، 28 کۆچبەر لە ژن و پیاو و منداڵ، هەموو لە یەک ئۆتۆمبێلی 6 کەسیدا ملی رێگەیان گرتبوو بەرەو بوڵگاریا.
لە تورکیا بەم کەسانە دەگوترێت رێبواری رێگەی ئومێد. ئەمجارەیش رێبوارانی رێگەی ئومێد نەگەیشتنە مەنزڵ و هێزەکانی جەندرمە رێیان پێگرتن.
هێزەکانی جەندرمە بەرەبەیانی 18-1-2015 پێش هەڵهاتنی خۆر، لە شاری ئەدیرنەی باکووری رۆژئاوای تورکیا نزیک سنووری بولگاریا، 28 کەسیان دەستگیرکرد کە هەڵگری رەگەزنامەی عێراق و سووریا و میانمار بوون. ئەم 28 کەسە لە هەوڵی ئەوەدا بوون لە رێگەی نایاساییەوە بچنە نێو خاکی بولگاریا. هەر یەکەو دەیان هەزار دۆلاریشیان دابوو بە قاچاغچییەکان بۆ ئەو مەبەستە.
یەکێک عەرەب و یەکێک میانماری و ئەوی دیکە کورد، بەڵام هەموو یەک مەبەستیان هەبوو، گەیشتن بە وڵاتێک لە ئەوروپا، بۆ بەدەستهێنانی ئەو ژیان و ئایندەیەی لە وڵاتی خۆیان دەستیان نەکەوتووە.
کاتێک یەکێک لە جەندرمەکانیش بە کرمانجی هەوڵدەدات قسە لەگەڵ کۆچبەران بکات، هاونیشتمانیەکی باشووری کوردستان بە سۆرانی وەڵامی دەداتەوە. دوای دەستگیرکردنیان، کۆچبەرەکان گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی گشتی ئەدیرنە و دواتریش نێردرانە بەڕێوبەرایەتی هێزەکانی جەندرمە لەو شارە.

رووداو - هەولێر - بێستون عوسمان

No comments:

Post a Comment