Monday, January 12, 2015

پاڵەوانی و جوامێری فریای پەنابەرێكی كورد ده‌كه‌وێت؟

هۆمایۆنی حاتەمی ، ئەو پەنابەرە كوردەیە كە چوار ساڵ لەمەوبەر لەپاش ئەوەی بڕیاردەدات ئێران بەجێ‌ بهێلێت و لە ئەندەنوسیاوە چارەنووسی خۆی ڕادەستی بەلەمێكی پەنابەران دەكات
و لەپاش گەشتنی بە ئاوەكانی سنوری ئوسترالیا لەلایەن هێزە دەریایەكانی ئەو ووڵاتەوە دەستبەسەر دەكرێت و ڕەوانەی كەمپی پەنابەران دەكرێت لە دوورگەی كریستماسی ئەو ووڵاتە.
ڕەنگە حاتەمی هەموو ئەو نەهامەتیانەی لەبیركردبێت كەلە كەمپی پەنابەران بەسەری هاتوون و چەندین جار بەهۆی تووش بوون بە خەمۆكی ڕەوانەی نەخۆشخانە كراوە ، بەڵام ئەوەی ئێستا ئەوی تەواو نائومێدكردووە هەواڵی تازەنەكردنەوەی مافی پەنابەریەكەیەتی و لەدواهەمین ئاگاداركردنەوەی وەزارەتی كۆچی ئوسترالیا بۆ حاتەمی تەمەن 26 ساڵ هاتووە كە وادەی مافی پەنابەریەتیەكەی كەلەجۆری "كاتی" بووە لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا تەواو دەبێت و تازە ناكرێتەوە. بەوەش پێدەچێت دیپۆرتی ئێران بكرێتەوە. 
بەپێی یاساكانی كۆچی ئوسترالیا ، لەپاش تەواوبوونی وادەی مافی پەنابەرێتی كاتی ، وەزارەتی كۆچی ئەو ووڵاتە لەپاش چاوخشانەوە بە بارودۆخی ووڵاتی سەرەكی پەنابەرەكەو بارودۆخی تایبەتی كەیسی پەنابەرەكە ڕەنگە بڕیاربدات بە كۆتایهێنان بەمافی ئەو پەنابەرە و ڕێوشوێنی گونجاو بۆ دیپۆرتكردنەوەی بگرێتە بەر. 
لەئێستادا و بەووتەی حاتەمی ، وەزارەتی كۆچی ئوسترالیا دەرماڵە هەفتانەكەشی بڕیوە و بەوەش تێچووی خواردنی ڕۆژانەی لەلایەن بانكێكەوە كەسەر بە كەنیسەیەكە لە وولایەتی ڤیكتۆریا دابین دەكرێت و ئەمە جگەلەدابینكردنی پێداویستی تری وەك خزمەتگوزاری یاسایی و كۆمەڵایەتی كەلەلایەن ڕێكخراوێكی داكۆكیكار لەمافی پەنابەرانەوە دابیندەكرێت. 
قەشەیەكی ئەو كەنیسەیەش كەلەنزیكەوە حاتەمی دەناسێت نیگەرانی خۆی دەربڕی بەوەی كە حكومەتی ئەو ووڵاتـە ئامادەنیە مافی پەنابەرێـتی ئەو تازە بكاتەوە و بە لەبەرچاوگرتنی كەسایەتی حاتەمی ئەو دەڵێت شایەنی ئەوەیە لە ووڵاتە بمێنێتەوە. 
ڕزگاركردنی كەسێك لەلایەن حاتەمیەوە كە ویستیووی خۆی بكوژێت كەسایەتیەكی تۆكمەی بەجۆرێك بۆ ئەو پەنابەرە كوردە دروستكرد كەدووجار و لەلایەن دوو دامەزراوەی بەناوبانگی ئوسترالیاوە خەڵاتی جوامێری پێ ببەخشرێت. حاتەمی لە ڕۆژانێكدا كە داهاتووی نادیار بوو ، لە بارودۆخێكی زۆر سەرما و سۆڵەدا ، فریای ژنێك دەكەوێت كە بەمەبەستی خۆكوشتن خۆی فڕێدابووە ناو دەریاوە و حاتەمی جوامێرانە ڕزگاری دەكات. 
جگەلەوەش ، حاتەمی وەزشكارێك و پاڵەوانی وەرزشی كاراتیە و تائێستاش لەگەڵ ڕاهێنەری تیمی ئوسترالیا بۆ كاراتی بەردەوامە لەو وەرزشە. وەك خۆی دەڵێت ، لەسەرەتای ساڵی ڕابردودا ، پاڵێورا بۆ نوێنەرایەتیكردنی ئوسترالیا بۆ بەشداری كردن لە بۆنەیەكی وەرزشیدا لە ووڵاتی فیجی بەڵام لەبەرئەوەی مافی وەرگرتنی پاسپۆرتی ئوسترالی نەبوو نەیتوانی بەشداری لەو بۆنە وەرزشیەدا بكات. 
هۆمایۆنی حاتەمی لە كۆتایدا دەڵێت خەونی ئەو كردنەوەی یانەیەكی كاراتی و بردنەوی مەدالیای ئاڵتوونە بۆ ئوسترالیا لە بۆنە وەرزشیە نێودەوڵەتیەكاندا و ڕوو لە حكومەتی ئوسترالیا دەكات و دەڵێت " چوارساڵی ڕابردوو بەفیڕۆدانی كات بوو ، گەلێك دەرفەتم لەدەستچوو، ئەگەر دەكرێت ، چانسێكم بدەنێ‌"

هەژار تەها



سەرچاوە : ماڵپەری ڕۆژنامەی "زەئەیج"

No comments:

Post a Comment