Friday, January 30, 2015

لە ئەڵمانیا وەڵامى داواى پەنابەرى نزیکەى پێنج مانگ دەخایەنێت

وەڵامدانەوەى داواى پەنابەرى لە ئەڵمانیا خێرایى بە خۆیەوە گرتووە و لە ماوەى کەمتر لە شەش مانگدا وەڵامى پەنابەرى بە پەناخوازەکان دەدرێتەوە.

ڕۆژنامەى پاساڤر زایتۆنگ نۆیۆ لە زارى فەرمانگەى گشتیى کۆچ و پەنابەرانى ئەڵمانیاوە بڵاویکردووەتەوە ماوەى وەڵامدانەوەى داواى پەنابەرى لە چەند مانگى ڕابردوودا خێرایى بە خۆییەوە بینیووە، داواى پەنابەریش بەرز بووەتەوە.

بەپێى ڕۆژنامەکە لە سەرەتاى ساڵى ڕابردوودا وەڵامدانەوەى داواى پەنابەرى حەوت مانگ و حەوت ڕۆژى خایاندووە، بەڵام لە مانگى دیسەمبەرى ساڵى ٢٠١٤دا، وەڵامدانەوەى داواى پەنابەرى دوو مانگ کەمبووەتەوە و لە ماوەى پێنج مانگ و حەوت ڕۆژدا وەڵامى داواى پەنابەرى دراوەتەوە. 

وەک ڕۆژنامەکە بڵاویکردووەتەوە هۆکارى خێرا وەڵامدانەوەى داواى پەنابەرى بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ٣٠٠ فەرمانبەرى نوێ لە فەرمانگەى گشتیى کۆچ و پەنابەرانى ئەڵمانیا دامەزرێندراون.

هۆکارى دامەزراندنى ئەو ژمارە فەرمانبەرەش بۆ زۆربووونى داواى پەنابەرى لە وڵاتە نائارامەکانى سوریا و عێراق دەگەڕێتەوە، کە پەناخوازێکى زۆر بۆ پەنابەرى ڕوویان لەئەڵمانیا کردووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە بڕیارە ئەمساڵیش ٣٥٠ فەرمانبەرى دیکە بۆ فەرمانگەى گشتیى کۆچ و پەنابەرانى ئەڵمانیا دابمەزرێنرێن، چونکە لە ساڵى ڕابردوودا داواى پەنابەرى لە حکومەتى ئەڵمانیا ٦٠% بەرزبوونەوەى بەخۆیەوە بینیووە و نزیکەى ٢٠٣ هەزار کەس داواى پەنابەرییان کردووە. لەو ژمارەیە ٤١ هەزار کەسیان هاووڵاتیى سوریا بوون.

لەلایەکیترەوە پارتە بەشداربووەکانى حکومەتى هاوپەیمانیى ئەڵمانیا لە هەوڵدان تاوەکو ماوەى وەڵامدانەوە بە داواى پەنابەرى بۆ سێ مانگ کەمبکەنەوە.

بەپێى ڕاگەیاندراوى فەرمیى فەرمانگەى گشتیى کۆچ و پەنابەرانى ئەڵمانیا لە ساڵى ڕابردوودا داواى پەنابەریى ٣٣ هەزار و ٣١٠ کەس پەسەند کراوە.

لەکۆى هەموو داواکارییەکان نزیکەى ١٧٣ هەزاریان یەکەمجارە، کە داواى پەنابەرى دەکەن و نزیکەى ٣٠ هەزار داواش بۆ دووبارە پێداچوونەوە بە کەیسەکەیاندا بووە.

ژمارەیەکى زۆر لە پەناخوازەکان لە وڵاتانى ناوچەى بەڵکان، لە سڕبیا، کۆسۆڤۆ، مەکدۆنیا، بۆسنە و هێرزۆگۆڤینیا و ئەلبانیا لە ئەڵمانیا داواى پەنابەرى دەکەن، بەڵام لە ڕوانگەى بەرپرسانى ئەڵمانییەوە ئەو وڵاتانە بە وڵاتە ئارامە مامناوەندەکان دەزانرێت.

بەپێى ئاژانسى یەکێتى کارى ئەڵمانیا ئەو وڵاتە ساڵانە پێویستى بە ٢٠٠ هەزار هێزى کاری نوێى هەیە. ئەوەش بەهۆى بەرزبوونەوەى ڕێژەى بەتەمەنەکان لە ئەڵمانیا و کەمبوونەوەى ڕێژەى گەنجان لەو وڵاتە.

No comments:

Post a Comment