Wednesday, November 6, 2013

كوردێك كاندیدی خەڵاتی مایكرۆسۆفتە


microsoft 25333image1حیكمەت نیعمەت ناڤشكی، كوردێكی دانیشتووی وڵاتی نۆروێژە، كە پسپۆڕە لە بواری كۆمپیوتەر و توانیویەتی زمانی كوردی لەسەر windows 8 دابنێ، ئەوە بووەتە هۆكارێك لە ‌لایەن كۆمپانیای مایكرۆسۆفتەوە كاندیدبكرێت بۆ وەرگرتنی خەڵاتی مایكرۆسۆفت لە ساڵی 2013.
حیكمەت نیعمەت ناڤشكی لە سەر چۆنیەتی كاندیدكردنی بۆ خەڵاتی مایكروسۆفت بە (رووداو)ی راگەیاند: "مەرجی بەشداربوونم وەك كاندیدی خەڵاتی مایكرۆسۆفت بۆ ئەوە بووە، كە من خاوەنی 11 بڕوانامەی مایكرۆسۆفتم و دەبێت خاون بڕوانامەی پسپۆڕی بی لەلایەن مایكرۆسافتەوە".
حیكمەت نیعمەت گوتیشی:" یەكێكی دیكە لە مەرجەكان ئەوەیە، كە تۆ پێتخۆش بێت خزمەت بە خەڵك بكەیت و ئاستی زانیاری لە نێو ئینسانەكاندا بەرز بكەیتەوە و هەروەها هەموو ئەو كارانەی، كە كردووتە بە بێبەرامبەر و بە بێ پارە بووبێت، ئەمانە بووەتە هۆكارێك، كە من بتوانم ببمە كاندید بۆ وەرگرتنی خەلاتی مایكرۆسۆفت."
حیكمەت باسی ئەو پڕۆژەیەی كرد، كە بووەتە هۆكاری كاندیدكردنەكەی و گوتی:"من لە ساڵی 2008 زمانی كوردیم لەسەر windows مۆبایل و لە ساڵی 2009 لەسەر سیستەمی ئایفۆن و ئایپاد زیادكردووە و بڵاوكردووەتەوە بە بێبەرامبەر. هەروەها لەگەڵ هاوڕێم شەعبان ئەسووچی، رۆڵێكی گرنگمان هەبوو لە دەركەوتنی زمانی كوردی بە شێوەیەكی رەسمی لە windows8، كە ببێتە زمانێكی رەسمی لە پەنای زمانە زیندووەكانی جیهان".
حیكمەت نیعمەت لەسەر چۆنێتی رازیكردنی مایكرۆسۆفت بۆ سودگرتن لە زمانی كوردی گوتی: "لە پێشدا مایكرۆسۆفت رازی نەدەبوو، كە كەڵك لە زمانی كوردی وەربگرێت بۆ windows 8، بەڵام ئێمە پێمان راگەیاندن، كە زمانی كوردی پێویستە و ئەگەر ئێوە نەیكەن ئێمە خۆمان لەسەری دادەنێین. بەو شێوە گەیشتنە ئەو باوەڕەی، كە بە شێوەیەكی رەسمی كەڵكی لێوەر بگرن."
microsoft certificate 1421346_4941045263758_1721966232_nحیكمەت لەبارەی ئەوەی وەك كوردێك بەشدارە یان نۆروێژیەك، گوتی: "لە راستیدا ئەوان قبوڵیان نەدەكرد، كە من وەك كوردێك بەشداربم، بەڵام من رامگەیاند، كە كوردم و وەك كوردێك بەشداردەبم و ئەو خەڵاتەش بۆ میللەت و زمانی كوردی دەبێت."
حیكمەت نیعمەت لەسەر ئەو خەڵاتەی مایكرۆسۆفت و پێشینەكەی گوتی: "لە ساڵی 1999 مایكرۆسۆفت دەستیكردووە بە پێدانی خەڵاتێكی ساڵانە بەو كەسانەی، كە خاوەن پیشەبن و خزمەتیان بە بەرەو پێشبردنی زانستی كۆمپیوتەری كردبێت و ئەمساڵیش من كاندیدی ئەو خەڵاتە كراوم و پێیان راگەیاندووم، كە گەییشتوومەتە قۆناخی كۆتایی، دەرەنجامەكەشی لە مانگی یەكی ساڵی داهاتوو دیاریدەكرێت."
حیكمەت نیعمەت رایگەیاند: "بەداخەوە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە یارمەتی نەدراوم، تەنها یارمەتی و پاڵپشتی خێزانمم لەگەڵ بووە، كە ئەگەر ئەو نەبوایە پێموانییە بمتوانیایە ئەم سەركەوتنانە بەدەستبهێنم".
"من پرۆژەی زۆرم بەدەستەوەیە، بەڵام بە تەنها ناتوانم ئەو پڕۆژانە دەستەبەر بكەم. بیرۆكەی ئەوەم هەیە، كە فێرگەیەكی زانیاری لەسەر تەكنۆلۆژیا لە كوردستان دروستبكەم، كوردستانیش ببێتە سەنتەرێكی زانستی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام ئەو پڕۆژە بە تەنها بە من ناكرێت"، ئەمە قسەی ئەو كاندیدەی خەڵاتی مایكڕۆسۆفتە.
حیكمەت هەروەها گوتی "ئەو خەڵاتە تەنها بۆ من نابێت، ئەو خەڵاتە بۆ زمان و نەتەوەی كورد دەبێت، دەبێت هەموو كەسێك بەو شێوەیە بیربكاتەوە بەرامبەر ئەو خەڵاتە، من پشتیوانی حكومەت و لایەن و هەرتاكێكی كوردم پێویستە، بۆ ئەوەی ئەو خەڵاتە وەربگرم".
حیكمەت نیعمەت ناڤشكی لەدایكبووی ساڵی 1964 شاری دهۆكە، لە كۆلیژی ئاداب، بەشی ئینگلیزی، زانكۆی مووسڵ خوێندوویەتی، بە هۆی بارودۆخی نالەباری سیاسی ئەو سەردەمە، زانكۆی بەجێهێشتووە و چووەتە شاخ بۆ پێشمەرگایەتی.
رووداو- هەولێر

No comments:

Post a Comment