Saturday, August 8, 2015

​ئەو كۆچبەرانەی لەدەریای ناوەڕاستدا خنكاون دوو هەزار كەسی تێپەڕاند

ڕێكخراوی نێودەوڵەتی بۆ كۆچ ئاشكرای دەكات كە ژمارەی ئەو كۆچبەرانەی كەلەسەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا لەپێش گەشتنیان بە یەكێك لە ووڵاتانی ئەوروپا لەدەریای ناوەڕاستدا خنكاون دوو هەزار كەسی تێپەڕاندووە.
ئاشكراكردنی ژمارەی ئەو كۆچبەرانەی ئەمساڵ گیانیان لەدەستداوە لە دەریای ناوەڕاستدا هاوكاتە لەگەڵ ڕاگەیاندنی بێهیوایی لە دۆزینەوەی كۆچبەری نوێیە بەزیندوویی ئەویش لەپاش ئەوەی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو بەلەمێكی پەنابەران بە زیاتر لە 600 كۆچبەرەوە لەپاش جێهێشتنی سنورە ئاویەكانی لیبیا تێكشكاو لەیەكەم ڕاگەیەندراوی میدیایشدا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەو ئاشكرا كراوە كە توانراوە تەنها 370 كۆچبەر ڕزگار بكرێن و لاشەی 25 ی دیكەش بدۆزرێنەوە. بەوەش ،ژمارەی ئەو كۆچبەرانەی لە ڕووداوەكەدا گیانیان لەدەستداوە بە 200 كەس مەزەندە دەكرێت.
هەرچەندە ژمارەی ئەو كەشتیانەی كەلەپاش ڕووودانی چەندین ڕووداوی نقومبوون و تێكشكاندنی بەلەمی كۆچبەرانەوە لە مانگی ئایاری ئەمساڵەوە كە بەمەبەستی ڕزگاركردنی كۆچبەران ڕوویان لە زیاد بوون كرد بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە كۆتایی بهێنرێت بە مەرگی كۆچبەران لەئاوەكانی دەریای ناوەڕاستدا و پێشتریش پێشنیاری ئەوەخرایە بەردەم ووڵاتانی یەكێتی ئەوروپا كە سیاسەتی گرتن و گێڕانەوەی بەلەمی كۆچبەران پیادە بكات و بەوەش كۆچبەران چیتر ژیانی خۆیان ناخەنە مەترسی مەرگەوە. بەڵام ئەم پێشنیارە ، كەلەلایەن سەرۆك وەزیرانی ئوسترالیاوە لەپاش وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی ئەو ووڵاتە لە كۆتاییەكانی ساڵی 2013 ەوە لەبەرامبەر كۆچبەرانی نایاسایی بۆ ووڵاتەكەی پیادەی دەكات ، پێشكەش بە یەكێتی ئەوروپا كرا ، هەر زوو لەلایەن ئەوروپاوە ڕەتكرایەوە چونكە بەدیدی بەشێكی بەرچاوی ووڵاتانی یەكێتی ئەوروپا ، ئەو سیاسەتە پێشێلكردنێكی ئاشكرای مافەكانی كۆچبەرانە.
هەربەپێی زانیاریەكانی ڕێكخراوی نێودەوڵەتی بۆ كۆچ ،لەسەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا نزیكەی 188 هەزار كۆچبەر لە ئاوەكانی دەریای ناوەڕاستدا ڕزگار كراون و ڕێكخراوەكە هۆشداریدەدات بەوەی كەلەگەڵ بەردەوامی وەرزی هاویندا پێدەچێت هەر زوو ئەو ژمارەیە بەرز بێتەوە بۆ 200 هەزار كۆچبەر.
سەرچاوە : ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ، ماڵپەری فەرمی ڕێكخراوی نێودەوڵەتی بۆ كۆچ 

No comments:

Post a Comment