Saturday, August 8, 2015

ئوسترالیا 600 په‌نابه‌ر دیپۆرت ده‌کاته‌وه‌ که‌ به‌شێکیان عێراقین

وەزیری كۆچی ئوسترالیا ڕایگەیاند كە حكومەتی وڵاتەكەی لە كۆتا مانگی ساڵی 2013 ەوە تا ئێستا زیاتر لە 600 پەناخوازی لەسنورە ئاویەكانی نزیك وڵاتەكەی دەستگیر كردووە و دووبارە هەموویانی گێراوەتەوە بۆ ئەو وڵاتەی كە بەلەمی پەناخوازانی لێوە هاتوون.
ئاوێنه‌: هەرچەندە سیاسەتی دەستبەسەركردن و گێڕانەوەی بەلەمی پەناخوازان كەلەلایەن حكومەتی ئێستای ئوسترالیاوە پیادە دەكرێت بۆتە جێگەی ڕەخنە و نیگەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخراوەكانی داكۆكیكار لە مافی پەنابەران، بەڵام حكومەتی ئوسترالیا ڕایگەیاند ئەو سیاسەتە ڕەنگە تەها پاڵنەرێك بێت بۆ كۆتاییهێنان بە مەرگی پەناخوازان لەپێش گەشتنیان بە ئوسترالیا.
سەبارەت بەڕەگەزی ئەو پەناخوازانەش، ئاژانسی هەواڵی بی بی سی بڵاویكردەوە كە زۆری ئەو پەناخوازانە بەڕەگەز عێراقی و ئەفغانی و ئێرانی و سریلانكی بوون و هەوڵیان داوە بەبەلەمی قاچاخ خۆیان بگەیەننە ئوسترالیا بەڵام دەستگیركراون و دیپۆرتی وڵاتی ئەندەنوسیا كراونەتەوە چونكە زۆربەی بەلەمی قاچاخی پەناخوازان، بەهۆی نزیكی ئەو وڵاتە لەدوورگەی كریستماسی ئوسترالیاوە، لە ئەندەنوسیاوە ڕوو لەو وڵاتە دەكەن.
جگەلە دەنگی ناڕەزایی ئاژانسەكانی یوئێن و ڕێكخراوەكان، پارتی سەوزی ئوسترالیاش بەتوندی ئیدانەی سیاسەتی دیپۆتكردنەوەی پەناخوازان دەكات و بە پێشێلكردنی ڕێكەوتنامەی نەتەوە یەكگرتووەكانی تایبەت بە پەنابەرانی لەقەڵەم دەدات.

No comments:

Post a Comment