Monday, May 7, 2012

نوح سەری ژنەكەی بڕی


دەڵێ: تۆڵەی شەرەفی خۆم كردەوە

گەنجێكی تەمەن 26 ساڵەی كورد لەبەردەم دادگایەكی بەلجیكادا دانی بەوەدانا كە ژنە 22 ساڵەكەی سەربڕیوە. ئەو ژنەكەی بە خیانەتكردن تۆمەتبار دەكات و دەڵێ "تۆڵەی شەرەفی خۆم كردەوە". راپۆرتی پزیشكی و دادوەری رەتیدەكاتەوە ژنەكە خیانەتی كردبێ، باسی ئەوەش دەكات كە "جگە لەوەی قوربانییەكە سەربڕدراوە، سكیشی هەڵدڕاوە و ریخۆڵەكانی پچڕێندراون".
(نوح. ك) كوردێكی دانیشتووی بەلجیكایە. هاوسەرە سەربڕدراوەكەی ناوی (سەڤدا. ك) بوو. سەرلەبەیانی رۆژی 6/5/2009 ئەو ژن و مێردە لە ژووری خەوتنی شوقەكەیاندا لە شارۆچكەی ڤیللەبروك، بەشەڕدێن، لەئەنجامدا نوح بە چەقۆیەكی تایبەتی قەسابی هاوسەرەكەی سەردەبڕێت. دوای ئەوەش رادەكات و بەلجیكا بەجێدەهێڵێ. 4 مانگ دواتر، نوح دێتەوە بەلجیكا و لە فڕۆكەخانە خۆی بە پۆلیس دەناسێنێ. هەفتەی رابردوو پرۆسەی دادگاییكردنی ئەو گەنجە كوردە لە دادگای شاری ئانتڤێرپن دەستیپێكرد. 

كێشەی داراییان هەبوو

لە راپۆرتی لێكۆڵەرانی دادیاری دۆسیەكەدا دەردەكەوێ هەریەكە لە نوح و كەسوكاری سەڤدا ئەوەیان پشتڕاستكردووەتەوە كە ئەو ژن و مێردە گەنجە كێشەی داراییان هەبوو و بەوهۆیەوە بەردەوام بەشەڕ دەهاتن . نوح لە قەسابخانەیەكدا كاری كردووە. هەموو سەری مانگێك ناچاربووە 1800 یۆرۆ ئامادە بكات بۆ دانی كرێی خانووەكەی و خانووی ماڵی خەزووری. لەگەڵ ئەوەشدا ناچاربووە هەندێك قەرزیش بداتەوە كە بەهۆی هاوسەرگیری و ماڵ پێكەوەنانەوە بۆی دروستببوو. بەپێی راپۆرتی دادیاری نوح و سەڤدا ئەوەندە گوشاری داراییان لەسەربووە كە بەردەوام لە سەرەتای مانگەوە بەبێ پارە ماونەتەوەو ناچاربوون لەم و لەو قەرز بكەن تاوەكو پێی بگەنە كۆتایی مانگ. 
كاتێك سەڤدا بەدەستی نوح سەری بڕدراوە هەمووی یەك ساڵ بووە ژیانی هاوسەرییان پێكهێنابوو. نوح گلەیی ئەوەی هەبووە كە ماڵی خەزووری 3 كوڕیان هەیە، كەچی ئەو كرێی خانووی بۆ داون و بەوهۆیەوە قەرزدار بووە، سەڤداش ئەو گلەییەی قبوڵ نەبووە.

"خیانەتی لێكردم"

نوح بە لیكۆڵەرە بەلجیكییەكانی گوتووە كە كێشەی ئەو و سەڤدا هەر لەسەر پارە نەبووە، بەڵكو خیانەتیشی لێكردووە "بەردەوام لەناو پێخەفدا پێیدەگوتم پیاوی دیكە لە تۆ باشتر سێكس دەكەن و تۆ وەك ئەوانت پێناكرێت". ئەو گەنجە كوردە پێیوایە ژنەكەی "لەگەڵ زۆرتر لە پیاوێكدا پەیوەندی هەبوو و سێكسی لەگەڵ دەكردن. ئەو ژنێكی تینووی سێكس بوو". ئەم قسەیەی نوح لەگەڵ راپۆرتی پزیشكی خێزانی سەڤدا و نوحدا یەكناگرێتەوە. ئەو پزیشكە بە پۆلیسی راگەیاندووە كە "سەڤدا نەك هەر تینووی سێكس نەبوو، بەڵكو زۆریش ئازاری پێوە دەبینی. چونكە ئەو ڤاجینیست بوو". هەر ژنێكی نەخۆشی ڤانجینیست لەكاتی سێكسدا ئازارێكی زۆر دەبینێ، بۆیە رێگری دەكات لەوەی كردەی سێكسی بەتەواوی بەئەنجام بگات. 

"خیانەتكار" خیانەتی نەكردووە

یەكێك لەو كەسانەی نوح تۆمەتباری دەكات بە پەیوەندی هەبوون لەگەڵ هاوسەرە كوژراوەكەیدا گەنجێكی توركی دانیشتووی شاری برۆكسەلە و ناوی شاهانە. ئەو گەنجە خاوەنی تۆمارگایەكە و وەك باسیدەكات لەنێوان ساڵانی 2007 و 2008دا بەردەوام سەڤدا و دایكی سەردانیان كردووە. شاهان دەڵێ "دایكی سەڤدا زۆر حەزی لێبوو ئێمە پەیوەندیمان هەبێ، سەڤدا خۆیشی نامەیەكی دامێ و تێیدا ژمارە تەلەفۆنی خۆی نووسیبوو و گوتبووی: ئەگەر دەتەوێ هاوسەرگیریم لەگەڵ بكەی تەلەفۆن بكە"، بەڵام ئەو گەنجە دەڵێ "من پێمگوتن كە سەڤدا وەك خوشكی خۆم تەماشا دەكەم و ناتوانم ئەو كارە بكەم". شاهان رەتیدەكاتەوە دوای هاوسەرگیری سەڤدا لەگەڵ نوحدا هیچ پەیوەندییەكی سۆزداری لەنێوانیاندا هەبووبێ: "بەر لە هاوسەرگیریشیان رۆژێك نوح هاتە لام و پرسیاری كرد كە ئایا پەیوەندیم لەگەڵ سەڤدادا هەبووە یان نا، منیش پێمگوت كە نەمبووە."

"كوێر ببووم و پەشیمانم"

لە دانیشتنی هەفتەی رابردووی دادگادا نوح بە دادوەری راگەیاند كە ئەو بەیانییەی سەڤدای سەربڕیوە تووڕەیی كوێری كردووە و ئاگای لێنەبووە چ كارێكی كردووە. ئەو گوتی"لەگەڵ سەڤدادا كەوتینە گەنگەشە. ئەو لەپڕ لە ژووری خەوتن چووە دەرەوە و چەقۆیەكی هێنا. كە ئەوەم بینی زۆر تووڕەبووم و چەقۆكەم لەدەستی دەرهێنا. دوای ئەوە خستمە سەر پێخەفەكەوە و ئینجا سەرم بڕی..". لەكاتی گوتنی ئەم قسانەدا نوح لە پرمەی گریان دەدا و دەڵێ "ئێستا زۆر پەشیمانم. خۆزگە هەر لێك جیاببووینایەتەوە و قەت ئەوە رووینەدابووایە، زۆر پەشیمانم." 

پۆلیس لە شەڕ دەترسێ

لەكاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دادگاییكردنی نوحدا لە شاری ئانتڤێرپن، 60 پۆلیسی بەلجیكی بە جلی سیڤیلەوە لەنێو هۆڵی دادگادا ئامادەبوون. كاری ئەو پۆلیسانە رێگەگرتن بوو لە ئەگەری پێكداهەڵپژانی كەسوكاری نوح و سەڤدا. كەسوكاری سەڤدا كە زۆریان توركن هاتبوونە نێو دادگاكە و باسی تۆڵەكردنەوەیان دەكرد. كەسوكاری نوحیش خۆیان بۆ داكۆكیكردن لە كوڕەكەیان ئامادە كردبوو. ژنێكی خزمی سەڤدا، كە تەرمەكەی شووشتبوو، بە دادوەر و لێكۆڵەرانی راگەیاند كە بەچاوی خۆی بینیویەتی چۆن سەڤدا "وەك مەڕێك سكی هەڵدڕابوو و ریخۆڵەكانی پچڕێندرابوون". كاتێك لە هۆڵی دادگادا وێنەكانی سەڤدا بە جەستەی شێواو و هەڵدڕاوەوە پێشاندران، كەسوكاری بە گریانەوە هۆڵی دادگایان بەجێهێشت.

"خۆی بە مێز و كورسیدا دەدا"

ئەو كەسانەی سەڤدایان ناسیوە و لای پۆلیسی بەلجیكی شایەتییان داوە، باسی ئەوە دەكەن كە هاوسەرەكەی زۆرجار لێیداوە و ئاسەواری لێدان بەردەوام بەسەر دەموچاوییەوە بینراوە. نوح ئەو تۆمەتانە رەتدەكاتەوە و دەڵێ "تەنیا یەكجار لێمداوە. جارەكانی دیكە، سەڤدا ئاگای لەخۆی نەبوو و زۆر خۆی بە مێز و كورسی ناوماڵدا دەدا، بۆیە دەموچاوی بەردەوام بریندار دەبوو".
رووداو -بەلجیكا 

No comments:

Post a Comment